گەمارۆکانی سەر ئێران: ئەمریكا لە پێنج قۆڵەوە هێرشی دەستپێكرد

ڕاپۆرت 05/11/2018



چاودێر- ئاژانسەكان
ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستی پێكردو بە بۆچونی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئێران، سزاكانی قۆناغی دووەم، بێكاری و داتەپینی ئابوریی ئێران زیاتر دەكات.
لە قۆناغی دووەمی سزا ئاورییەكاندا، ئەمریكا پێنج بواری كردۆتە ئامانجی ئەو سزایانە، كە ئەوانیش ئەمانەن: یەكەم: گەمارۆی بوارەكانی تایبەت بە وزەی ئێران. دووەم: گەمارۆی بەندەرەكان، كەشتیسازی و كەشتیوانیی ئێران، هێڵی گواستنەوەی دەریایی باشوری ئێران و وابەستەكانی. سێیەم: گەمارۆی مامەڵە نەوتییەكان، كۆمپانیای نەتەوەیی نەوت، كۆمپانیای گواستنەوەی نەوت، گەمارۆی بەرهەمە نەوتییەكان و پترۆكیمیایی. چوارەم: گەمارۆی مامەڵەی بانكی لەگەڵ بانكی ناوەندیی ئێران. پێنجەم: گەمارۆی خزمەتگوزارییەكانی بیمە.
بە جێبەجێكردنی ئەم سزایانەی قۆناغی دووەم، زنجیرەی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران كۆتایی دێت.
چاودێرانی ئابوریی جیهانی، پێیانوایە، ئەم سزایانە گورزێگی گورچكبڕ لە ئابوری ئێران دەدات، چونكە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمهێنان و پیشەسازیی نەوت و پترۆكیمیایی، سزاكانی ئەمریكاش كەرتی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێراندا ئیفلیج دەكات، بەجۆرێك ئەمریكا سزای خستۆتە سەر هەموو مامەڵەیەكی نەوتی و پترۆكیمیایی، سزای خستۆتە سەر گواستنەوەی نەوت لە رێگا ئاوییەكان، سزای خستۆتە سەر گواستنەوەی پارەی نەوت لە وڵاتانی كڕیارەوە بۆ بانكی ناوەندیی ئێران. هاوكات ئەمریكا بەجۆرێك نەخشەی ئەم سزایانەی كێشاوە، كە كەمبونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران، نەبێتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، بۆئەوەی ئێران بە هەناردەی كەمی نەوت، داهاتێكی زۆری دەستنەكەوێت، هەربۆیە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا راسپێردراوە كە چاودێری بازاڕی نەوتی جیهان بكات.
هەرچەندە بەرپرسانی تاران جەخت لەوەدەكەنەوە كە بەرگریی دەكەن بەرامبەر ئەو سزا ئابوریانەو تێكی دەشكێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەمڕۆوە بێكاری و گەندەڵی و قەیرانی زیاتری دارایی روو لە ئێران دەكات و پێدەچێت ئەمەش ناڕەزایی خەڵك لە دەوڵەتی ئێران زیاتر بكات و ببێتە فشارێك بۆ سەر حكومەتەكەی رۆحانی.