بۆ یەكەمینجار دوای چل ساڵ ئەمریكا سزایەك بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

ڕاپۆرت 04/11/2018


چاودێر- ئیران وایر:
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، دوای چل ساڵ لە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، بۆ یەكەمینجار كەیسێك دژی ئێران دەجوڵێنێت و تێیدا سزای ئابوری بەسەر ئەو دەزگایانەدا دەسەپێنێت كە پاڵپشتی دارایی هێزی بەرگریی ئێران (بەسیج) دەكەن، ئەم سزایانەشی خستۆتە چوارچێوەی سزای تاوانەكانی جەنگ.
ئەمریكا، جەخت لەوەدەكاتەوە، كە بەسیج یان هێزی نیمچە سەربازیی پەیوەست بە سوپای پاسداران، منداڵان بەكاردەهێنێت لەو جەنگانەی كە سوپای پاسداران لەناوچەكەدا ئەنجامیان دەدات.
ئەم سزا ئابورییە نوێیانەی ئەمریكا، لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و سزاكانی تایبەت بە جەنگ، فۆرمۆلەكراوە، كە بەپێی ئەو یاسایانە، راهێنان و ناردن و بەكرێگرتنی منداڵان بۆ سەربازی و بەكارهێنانیان لە جەنگدا، بە تاوانی جەنگی هەژماردەكرێت.
پێشتر ئەمریكا، بەهۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، سزای بەسەر هێزی بەرگریی بەسیجدا سەپاندبوو، بەڵام ئەمجارەیان وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزاكانی بەستۆتەوە بە بەكارهێنانی منداڵان لە جەنگدا، كە ئەمەش سزایەكی نوێیەو یەكەمینجارە بەسەر ئێراندا دەسەپێت.
نوسینگەی سەرچاوە داراییە دەرەكییەكان لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا، (دامەزراوەی هەرەوەزی بەسیج) بە پاڵپشتی دارایی هێزەكانی بەسیج ناوبردوە، كە پێكدێت لە 20 دامەزراوەی دارایی و بانكی. هاوكات بانكی پارسیان كە لە بواری خۆراك دەرماندا نەخشێكی ژیانی لە ئێراندا هەیە، بە تۆمەتی بەشداربون لە ئاڵوگۆڕی دارایی دامەزراوەی هەرەوەزی بەسیج، سزای ئابوری بەسەردا سەپێنرا.