گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا، چەقین لەناوەڕاستی جۆگەلەدا

ڕاپۆرت 03/11/2018



چاودێر- راپۆرتی شیكاری:
بزوتنەوەی گۆڕان لەپاش نەمانی نەوشیروان مستەفاوە نەیتوانیوە لەپرسە هەستیارەكاندا خۆی یەكلابكاتەوە، بەجۆرێك لەناوەندی جۆگەلەكەدا دەڕوات و نە دەتوانێت بچێتە ئەوبەری جۆگەلەكە نە دەتوانێت بچێتە ئەمبەری جۆگەلەكە.
نەوشیروان مستەفا بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانكاری، لەیەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جیابۆوە و بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، سەرەتا ئەم بزوتنەوەیە پێگەیەكی بەهێزی لەناو خەڵكدا دروستكرد و خەڵكانێكی زۆر بەئومێدی ئەنجامدانی گۆڕانكاری دەنگیان پێدا تاكو ئەوەی گەیشتە دووەمین هێزی سیاسی لەكوردستان.

بەهێزبوونی گۆڕان زۆری نەخایەند، بەڵكو هەر لەدوای بەشداریكردنیان لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، شكستیان هێنا و وەزیرەكانیان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نێردرانەوە شاری سلێمانی و نەیانتوانی ئیدارەی وەزارەتەكانیان بكەن، هەر بۆیە لەناو خەڵكدا ناڕەزایەتییەكی بەرچاو دروستبوو.
ناڕەزایەتییەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەناو بزوتنەوەی گۆڕان فراوانتار بوون، بەتایبەت دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا كۆچی دوایی كرد و بزوتنەوەكە بێ ڕێكخەر مایەوە، هەرچەندە عومەر سەید عەلی كرایە ڕێكخەری گشتی، بەڵام هێشتا وەك پێویست نەیتوانیوە دەنگە ناڕازییەكانی ناو بزوتنەوەكە ڕێكبخاتەوە و نەشیتوانیوە لەپرسە هەستیارەكاندا بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.


لەسەر داوای ڕێكخەری گشتی بزوەتنەوەی گۆڕان، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە داوا لەعەبدوڵای مەلا نوری هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان كرا، كە  كلیلی ژووری سكرتاریەتی جڤاتی نیشتیمانی رادەستی ئیدارەی گردەكە بكات، ئەمەش لەسەر ڕەخنە بەردەوامەكانی و داواكاری ئەنجامدانی چاكسازی بوو.
لەپاش ئەم بڕیارەوە عەبدوڵای مەلا نوری لەپەیامێكیدا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وتی:"شكست و كردارە هەڵەو هەڵوێستە خراپەكانتان، بە شاردنەوەو بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و بە ڕق لێبونەوەو پاكتاوكردنی هەڵسوڕاوانی رەخنەگر چارەسەر نابن و قەرەبو ناكرێنەوە".
بەڕای چاودێرانی سیاسی پێویستە هەر حزبێك خاوەنی ڕوئیا و بیرو بۆچونی تایبەتی خۆی بێت و دەنگدەر و لایەنگرانی بزانن بۆچون و هەڵوێستی حزبەكەیان چۆنە، بەڵام ئەوەی لای بزوتنەوەی گۆڕان ناڕوونە هەڵوێست و بڕیارەكانیانە، كە ناتوانن لەكاتی پێویستدا بڕیاری دیاریكراوبدەن، تەنانەت لەپرسە هەستیارەكاندا ناتوانن بڕیاربدەن بۆیە لایەنگر و پەرلەمانتارەكانیان سەرپشك دەكەن، لەوەی چی بكەن.

بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان نایشارنەوە كە لەناوخۆی خۆیاندا كێشە هەیە و بەشێك لەهەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە داوای دەستلەكاركێشانەوە دەكەن، هەروەك ئەنوەر شەهید تاهیر ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی ئەو بزوتنەوەیە ڕایگەیاند، لەئێستادا ژمارەیەك لەو هەڵسوڕاو بەدڵی پڕ لەغەم و پەژارەوە داوای دەست لەكار كێشانەوە دەكەن، هێشتا لە خەمی بزوتنەوەكەدان و دەكرێ سەرنج وتێبینیان هەبێ، هەڵوێستی ئەمانە جێگای ڕێز و تەقدیرە و لە سۆنگەی پەرۆشیانەوەیە بۆ بزوتنەوەكە، بۆیە دەبێت جڤاتی نیشتمانی دەست لەكاركێشانەوەیان قبوڵ نەكا و داوایان لێ بكا لەدەوری بزوتنەوەكە بمێننەوە، لەهەمان كاتدا گۆڕان و خەڵكی كوردستان دەرفەتی گەورەیان بە ژمارەیەك هەڵسوڕاو داو گەورەیان كردن، بەڵام نەیانتوانی لە ئاستی متمانەدابن و خۆڕاگربن و ببنە پیاوی ئایندە.
سەرەتای بێ بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا دەركەوت، چونكە دوای چەندان كۆبونەوە هێشتا بزوتنەوەكە نەیتوانی دەنگدەرانیان ئاڕاستە بكەن، كە دەنگ بەبەڵێ یاخود نەخێر بدەن، بۆیە دەنگدەرەكانیان سەرپشك كرد، كە ئایا بەشداری دەنگدان بۆ ریفراندۆم دەكەن یان نا، ئەمەش سەرەتایەك بوو بۆئەوەی دەنگدەرەكانیان پەرتەوازەبن.
پەرتەوازەیی دەنگدەرانی گۆڕان وای كرد  بەشێك لەهەڵسوڕاوە دیارەكانی بزوتنەوەكەش نیگەرانبن و ناڕەزایەتی دەرببڕن، هەربۆیە بەشێك لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان پڕۆژەیەكیان بۆ هەستانەوەی گۆڕان و ئەنجامدانی چاكسازی ناوخۆیی پێشكەش بەسەركردەكانی گۆڕان كرد، بەڵام ئەم پڕۆژەیە بەهەند وەرنەگیرا و هەڵسوڕاوەكان وەلانران.


لەدوایین هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا نەیانتوانی بەئاشكرا بەپەرلەمانتار و دەنگدەرەكانیان بڵێن، كە دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن، هەربۆیە، بزوتنەوەی گۆڕان پەرلەمانتارەكانی خۆی لەعێراق سەرپشككرد، كە دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدەن.
لەئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان لەناو شكستێكی گەورەدایە، بەجۆرێك لەهەڵبژاردنی 30\9\2018دا ژمارەی كوردسییەكانی لە 25 كورسییەوە كەمیكرد بۆ 12 كورسی، ئەمەش بەهۆی بێ بڕیاری و نەبوونی سیاسەتێكی ڕوونەوە بوو، كە خەڵك نەیدەزانی بزوتنەوەی گۆڕان چی دەكات.
عەبدوڵای كوێخا موبارەك، كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئەو بزوتنەوەی گۆڕانەی كە ساڵانێك جێگەی ھیوا و ئومێدی خەڵك بو، ئەو گۆڕانەی كە لەسەر دەستی كاریگەرترین سیاسەتمەدار و كارێزمای كورد دامەزرا، بەڵام ئێستا تەوریسی سیاسی، شەڕی كۆمپانیا و سەروەت و سامان، ڕێككەوتن و پارە وەرگرتنی ژێر بە ژێر تێیدا سەری ھەڵداوە!".


بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەناو سێ ڕیانێكدایە، ئەویش بەشداریكردنە لەحكومەتی هەرێم یاخود بەشدارینەكردن لەحكومەت و پەرلەمان، یاخود بونەوە بەئۆپۆزسیۆنە، لەم سێ ڕیانەشدا ماوەی دوو مانگە هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام تاكو ئێستا نەیتوانیوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.
پێچەوانەی بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەهەڵبژاردنی 30\9\2018دا توانی هەستانەوەیەكی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، بەجۆرێك ژمارەی كورسییەكانی لە18 كورسییەوە بەرزكردەوە بۆ 21 كورسی.
لەهەڵوێستەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەپاش نەمانی نەوشیروان مستەفاوە دەردەكەوێت، ئەم بزوتنەوەیە بەرەو بچوكبونەوە دەڕوات و چیتر توانای بڕیاردانی نەماوە، چونكە بونی هەر حزبێك بەبونی ناوەندی بڕیارەوە بەندە.