دورخستنەوەی لۆپتیگی چەند لەسەر ریاڵ مەدرید دەكەوێت؟

وەرزش 26/10/2018


تادێت ئەگەری دورخستنەوەی جولیان لۆپتیگی لە ئەركی مەشق و راهێنانی یانەی ریاڵ مەدرید زیاتر دەبێت، ئەویش بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی یانەكەوە.
ئەنجامەكانی ریاڵ مەدرید لە ژێر سەرپەرشتیی لۆپتیگیدا هێندە خراپن، كە یانەكەی دابەزاندووە بۆ پلەی حەوتەمی ریزبەندیی خولی ئیسپانیا.
ماوەی چەند هەفتەیەكیشە میدیاكانی ئیسپانیا دەنگۆی ئەوە بڵاودەكەنەوە، كە ئیدارەی یانەی شاهانە لەنزیكترین دەرفەتدا بڕیار لەسەر دورخستنەوەی ئەو راهێنەرە ئیسپانییە دەدات.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئاماژەی بەوەكردووە كە دورخستنەوەی لۆپتیگی بڕی 18 ملیۆن یۆرۆ لەسەر ریاڵ مەدرید دەكەوێت.
لۆپتیگی دوو رۆژ بەر لەدەستپێكردنی مۆندیال لە ئەركی مەشق و راهێنانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دورخرایەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەبێ پرسی یەكێتیی تۆپی پێی وڵاتەكە گرێبەستی لەگەڵ ریاڵ مەدرید كردبوو.
گرێبەستەكەی لۆپتیگی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بۆ سێ ساڵە، بە موچەی ساڵانەی شەش ملیۆن یۆرۆ. بۆیە هەر كاتێك ریاڵ مەدرید گرێبەستەكەی هەڵبوەشێنێتەوە و لە كارەكەی دوری بخاتەوە، ئەوا پێویستە تەواوی شایستە داراییەكانی بداتێ، كە دەكاتە 18 ملیۆن یۆرۆ.
یانەی ریاڵ مەدرید بەرلەوەی گرێبەست لەگەڵ لۆپتیگی بكات، گفتوگۆی لەگەڵ چەند راهێنەرێكی دیكەدا كردبوو، بۆ ئەوەی شوێنی زینەدین زیدانی فەرەنسی بگرنەوە، بەڵام هیچكام لەو گرێبەستانە سەركەوتوو نەبوون.
فلۆرینتینۆ پیرێزی سەرۆكی یانەكە سێ راهێنەری دیاریكردبوو بۆ پڕكردنەوەی شوێنی زیدان، ئەو راهێنەرە فەرەنسییەی پاش بردنەوەی سێ نازناوی لەسەریەكی چامپیۆنس لیگ بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو واز لە راهێنەرایەتیی ریاڵ مەدرید هێنا.
ئەو سێ راهێنەرەی پیرێز بەنیازبوو گرێبەست لەگەڵ یەكێكیاندا ئیمزابكات، بریتی بوون لە ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری یوڤنتۆس، ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راهێنەری تۆتنهام و یۆرگن كلۆبی راهێنەری لیڤەرپول.
بەڵام پاش شكستهێنان لە رازیكردنی یەكێك لەو سێ راهێنەرە، پیرێز گرێبەستی لەگەڵ لۆپتیگی ئیمزاكرد، هەرچەندە ئەو لەوكاتەدا راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوو، خۆیان بۆ یارییەكانی مۆندیال ئامادە دەكرد، هەر ئەمەیش هۆكار بوو بۆ ئەوەی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا لۆپتیگی لە پۆستەكەی دوربخەنەوە.