تیروپشكی جامی شای ئیسپانیا راكێشرا و ریاڵ مەدرید لە ئەفریقیا یاری دەكات

وەرزش 23/10/2018


تیروپشكی قۆناغی 32ی جامی شای ئیسپانیا "كۆپا دێلرێ" راكێشرا و دوو یانە عیملاقەكە "بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید" تاڕادەیەكی زۆر ئەركیان ئاسانە.
لەو قۆناغەی جامی شای ئیسپانیادا، پێویستە یانەی ریاڵ مەدرید سەردانی ئەفریقیا بكات، بەوپێیەی روبەڕوی یانەی "یو دی مێلیلا"ی پلە سێ بۆتەوە، كە بارەگاكەی لەشاری مێلیلای مەغریبە.
مێلیلا شارێكی ئیسپانییە كە حوكمی زاتییان هەیە، بەڵام دەكەوێتە بەری ئەفریقیاوە و بە خاكی مەغریب دادەنرێت.
لەلایەن خۆیشیەوە یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو روبەڕوی یانەی كولتۆراڵ لیۆنیسا دەبێتەوە، كە بەهەمانشێوە لە یانە پلە سێیەكانی ئیسپانیایە.
یانە گەورەكانی دیكەیش بەهەمانشێوە ئەركیان ئاسان دەبێت، ئەتلەتیكۆ مەدرید بەرامبەر "سان ئەندرۆ"ی پلە چوار یاری دەكات، ڤالنسیا روبەڕوی "سی دی ئیبرۆ"ی پلە سێ دەبێتەوە. وەكچۆن سیڤیلیە بەرامبەر فیلانۆڤینسی پلە سێ یاری دەكات.
لەو روبەڕوبونەوە دەگمەنانەیش، كە یانە پلە یەكەكان بەرامبەر یەكتر دەبن، ریاڵ سۆسیداد بەرامبەر سیلتاڤیگۆ دەوەستێتەوە، دیپۆرتڤیۆ ئالاڤێس روبەڕوی گیرۆنا دەبێتەوە.
یارییەكانی چوونی قۆناغی 32 لە 31ی ئەم مانگە ئەنجامدەدرێن، یارییەكانی گەڕانەوەش لە 5ی مانگی دوانزە بەڕێوەدەچن.
یانەی بەرشەلۆنە چوار وەرزە لەسەریەك نازناوی جامی شای ئیسپانیا دەبێتەوە، وەكچۆن خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەكەیە و تاكو ئێستا 30 جار بۆتە پاڵەوان.
هەرچەندە یانەی ئەتلەتیك بلباو لە ساڵی 1984ەوە نازناوەكەی نەبردۆتەوە، بەڵام لەدوای بەرشەلۆنە خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەكەیە و 23 جار بۆتە پاڵەوان.
پاشان ریاڵ مەدرید لەپلەی سێیەمدایە و تاكو ئێستا 19 جار نازناوەكەی بەدەستهێناوە. ئەتلەتیكۆ مەدریدیش 10 جار بۆتە پاڵەوان.