هازارد "فێڵەكەی" رۆناڵدۆ بەكاردەهێنێت

وەرزش 23/10/2018


"ئیدین هازارد بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانییەوە بكات، هەمان ئەو فێڵەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بەكاردەهێنێتەوە، كە 10 ساڵ لەمەوبەر بەكاری هێنابوو".
وێس براون، بەرگریكاری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی ئێكسپرێسی بریتانی دەڵێت "10 ساڵ لەمەوبەر كە رۆناڵدۆ لە مانچستەر یونایتد بوو، تاكتیكێكی بەكارهێنا بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە ریاڵ مەدریدەوە بكات، ئێستایش ئیدین هازاردی ئەستێرەی چێڵسی دەیەوێت هەمان تاكتیك بەكاربهێنێتەوە".
ئەم لێدوانەی وێس براون لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا ئیدین هازاردی بەلجیكی لەچەندین بۆنەی جیاوازدا ئاماژەی بەوەكردبوو كە یاریكردن لەلالیگا و بەدرێسی ریاڵ مەدریدەوە خەونی منداڵیەتی.
لەوبارەیەوە وێس براون، كە هاوشانی رۆناڵدۆ لە مانچستەر یونایتد یاریی دەكرد، دەڵێت "هەركاتێك لە ژووری خۆگۆڕین پرسیارمان لە رۆناڵدۆ دەكرد دەربارەی باشترین یانەی جیهان.. ئەو هەمیشە دەیوت: ریاڵ مەدرید".
براون كە ئێستا تەمەنی 39 ساڵە، دەشڵێت "هازارد درۆ ناكات لەوەی كە دەڵێت خەون بە یاریكردن بۆ ریاڵ مەدریدەوە دەبینێت.. بەڵكو ئەو زۆر بەراستیەتی و هەمیشە كاری بۆ كردووە".
براون زیاتر قسە دەكات "ئەگەر لە هاندەرێكی مانچستەر یونایتد بپرسیت كە ئایا رۆناڵدۆ رێزی لە مانچستەر نەگرت كاتێك یانەكەی جێهێشت؟ هەمووان دەڵێن: نەخێر.. بەدڵنیاییەوە دەڵێن نەخێر، چونكە ئەوان پێیانوایە رۆناڵدۆ یەكێك لە خەونەكانی منداڵیی خۆی بەدیهێناوە.. ئێستایش هازارد هەمان شت دەكات".
بەرگریكارە ئینگلیزییەكە پێیوایە رۆیشتنی هازارد بۆ ریاڵ مەدرید بە زیان بۆ یانەی چێڵسی و خولی ئینگلتەراش تەواو دەبێت، چونكە ئەو یاریزانێكی گرنگە.