ئەدەبی بەراوردکاری و دەقئاوێزان
لە نێوان (هیچ)ـی کۆچەر ئەبوبەکر و (نـامه‌یه‌ك
بۆ ئه‌و منداڵه‌ی كه هه‌رگیز له دایك نه‌بوو)ـی ڤالاچیدا
محه‌مه‌د حه‌سه‌ن
ڕۆمانی نامه‌یی چییه؟
سه‌ره‌تای مێژووی ڕۆمان
به ڕۆمانی نامه‌یی ده‌ستی پێكرد و ده‌توانین بڵێین له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا نووسینی
ڕۆمان به شێوه‌ی نامه‌یی زۆر باو بوو، ڕۆمانه نامه‌ییه‌كانی پامێلا (1741) و كلاریسیا
(1747)ی سامۆیل ڕیچارد سۆن له مێژووی ڕۆمانی ئه‌ورووپیدا خاڵی به‌رچاون و بوون به
ئیلهامبه‌خشی نووسه‌رانی سه‌رده‌می خۆیان.٣
ڕۆمانی نامه‌یی خاسییه‌تی
تایبه‌ت به خۆی له تێكسته‌كانی تر جیای ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ته‌كنیك و
شێوازی گێڕانه‌وه‌ی جیاوازه‌وه و ئه‌و داڕشتنه مه‌نه‌لۆگییه درێژه‌ی جاری وایه
له فۆڕمی نامه‌یه‌كی درێژدا و جاری واشه به‌سه‌ر چه‌ندین به‌شدا دابه‌ش كراوه و
ده‌گاته خوێنه‌ر، نموونه‌ی شێوازی ته‌كنینی ئه‌م دوو تێكسته‌ی كه له باره‌یانه‌وه
ده‌دوێین وه‌ك كچه‌ی پرته‌قاڵی یۆستاین گارده‌ر و هه‌ژارانی فیۆدۆر دۆستۆیفسكى و نامه
بۆ كچه‌كه‌می تیۆدۆر كالیفاتیدیسه، کە ئەمەی ئاخر به‌م دواییانه له لایه‌ن شاعیر
و وه‌رگێڕ دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی وه‌رگێڕانی بۆ كراوه... هتد.
بۆ ڕانان و خوێندنه‌وه
و ڕخنه‌ی هه‌ر تێكستێكی ئه‌ده‌بی پێویسته ئه‌و چه‌مك و میتۆدانه بناسێنین كه له
ڕێگه‌یه‌وه ده‌قه‌كانی پێ ڕاڤه ده‌كه‌ین. بۆ ناسینی ئه‌م تیۆریانه هه‌ندێك له باره‌یانه‌وه
ده‌دوێین.
له پێناسه‌كه‌ی ئه‌لكسانده‌ر
دیماوه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه ده‌ڵێت: ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری له به‌رهه‌م و سامانی
گه‌لانی جیاجیا ده‌كۆڵێته‌وه، هه‌روه‌ك شتی هاوبه‌شی نێوانیان، ئاواش تایبه‌تمه‌ندی
و ڕووخسار و ڕواڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان و جێگای هه‌ر ئه‌ده‌به‌ش له مێژووی
ئه‌ده‌بی جیهانیدا دیاری ده‌كات. (ئه‌مه له كاتێكدا ده‌قئاوێزان گرنگی به گفتوگۆ
و به‌یه‌كداچوونی ده‌قه‌كان ده‌دات، وه‌سوه‌سه‌ی دۆزینه‌وه‌ی ده‌قی تازه‌ی هه‌یه،
به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری گرنگی به كاریگه‌ری و به‌ركاریگه‌ریی كه‌وتنی
ده‌قه‌كان ده‌دات، گرنگی به‌كات و شوێن و ئه‌و زمانانه ده‌دات كه هه‌ردوو ده‌قنووسه‌كه
تیایاندا ژیاون و ده‌یزانن. ڕه‌خنه‌گرانی بواری ده‌ق ئاوێزان گرنگی به كات و شوێن
و ده‌قی یه‌كه‌م ناده‌ن، به‌ڵكو گرنگی به‌وه ده‌ده‌ن تا چه‌ند (هه‌واڵه‌كردن- إحاله)
ڕووی داوه.٤
ئێمه لێره‌دا دوو تێكست، دوو ئه‌زموونی
جیا و دوو پڕۆسه‌ی نوسینی كۆن و نوێ به‌راورد ئه‌كه‌ین، یه‌كێكیان جگه له‌وه‌ی شاعیره،
به‌ڵكو یه‌كه‌م ئه‌زموونی خۆی له بواری داڕشتن و نووسینی مه‌ودافراوانه‌وه تاقی ده‌كاته‌وه
و به كتێبه‌كه‌ی به ناوی دانپێدانانه‌كانی دایكێك (هیچ) و ئه‌زموونی دووهه‌میان نووسه‌ر
و ڕۆژنامه‌نووسی ئیتاڵی ئۆریانا ڤالاچییه كه خاوه‌نی چه‌ندین نووسینی بواری ئه‌ده‌ب
و ڕۆمان و ڕۆژنامه‌وانییه، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه لێره‌دا باسی لێوه ده‌كه‌ین نامه‌یه‌ك
بۆ ئه‌و منداڵەی كه هه‌رگیز له دایك نه‌بوو، بۆ یه‌كه‌مجار ساڵی 1975 چاپ كراوه.
ناونیشان ته‌ورێكی گرنگی
تێكستی ئه‌ده‌یبیه كه ده‌شێت هه‌ندێك جار ناونیشان په‌یوه‌ندیی به ناوه‌ڕۆكه‌وه
نه‌بێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه.
چ دانپێدانانه‌كانی دایكێك،
یاخود نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌و منداڵه‌ی كه هه‌رگیز له دایك نه‌بوو، له ڕووی ماناوه یه‌ك
مه‌به‌ستیان هه‌یه و ئه‌یانه‌وێ ئامانجێك بگه‌یه‌نن. هه‌ردوو ناونیشانه‌كه په‌یامی
دایكانه‌یه بۆ منداڵه‌كانیان، له شوێن و زه‌مه‌نی جیاوازدا. هه‌رچه‌نده نووسه‌ری
دانپێدانانه‌كانی دایكێك وه‌ك جۆرێك له خاڵیكردنه‌وه‌ی مانا (هیچ)ێك ده‌خاته ته‌نیشت
ناونیشانه‌كه‌وه، ئه‌و هیچه‌ی له كۆتایی تێكسته‌كه‌دا فیگۆری گێڕه‌وه له‌سه‌ر لمی
كه‌ناردریا ده‌ینووسێ و به‌رگه‌كه‌ی وێنه‌ی ئافره‌تێكه له‌ناو قه‌فه‌زێكی داخراودا
كه به‌ستراوه به وشه‌ی هیچه‌وه. مه‌دلوولی ئه‌م وێنه‌یە پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی پرسیاری
بێوه‌ڵامی له‌ناو دالی تێكسته‌كه‌دا داگیر كردووه.
له ڕووی بوونیاد و پڵۆته‌وه
نووسه‌رى تێكستی دانپێدانانه‌كانی دایكێك هه‌مان سێكچی بۆ فیگۆر و كه‌سایه‌تییه‌كانی
چوار ده‌ورى كێشاوه، به‌ڵام كه‌مێك به گۆڕانكارییه‌وه، لێره‌دا خاڵه هاوبه‌ش و
جیاوازه‌كانی هه‌ردوو تێكست ده‌خه‌ینه ڕوو وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له بنه‌ما گرنگه‌كانی
ڕخنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌راوردكـاری.
ئه‌وه ڕوونه كه ڕۆمانه
نامه‌ییه‌كان هه‌میشه گێڕره‌وه‌یه‌ك، سه‌نته‌رگیری له‌نێو چه‌قی ده‌قه‌كه‌دا ده‌كات
و نووسه‌ر له ڕێگه‌ی مه‌نه‌لۆگه‌وه قسه له‌گه‌ڵ خۆی و كه‌سی به‌رامبه‌ردا ده‌كات.
ئه‌م دوو تێكسته‌ش به هه‌مان شێوه‌ن، ته‌نها جیاوازییان له ڕووی گێڕانه‌وه‌وه ئه‌وه‌یه
ئۆریانا ڤالاچى له كۆتاییه‌كانی تێكسته‌كه‌دا سێ چیرۆكی كورت تێكه‌ڵی ڕووداو و زمانی
گێڕانه‌وه ده‌كات، له ڕووی ئه‌ده‌بییه‌وه ده‌توانین بڵێین هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی كۆلاژكراو.
هه‌ردوو فیگۆرى سه‌ره‌كی
دایكن و ئه‌یانه‌وێ به جۆرێك له جۆره‌كان منداڵه‌كه‌ی ناو سكیان بدوێنن و باسی نه‌هامه‌تییه‌كانی
ژیان و بوونیان بۆ بگێڕنه‌وه. گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئۆریانا له خاڵی بوونه‌وه ده‌ست پێ
ده‌كات تا ساتی له‌بارچوون، ده‌ستپێكەکەی به‌م شێوه‌یه‌یە- ئه‌مشه‌و زانیم كه هه‌ی،
دروست وه‌ك دڵۆپێك له ژیان كه له هیچه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێ.
بەڵام كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كر
له ڕێگه‌ی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌وه، شێوازێكی تر پێشكه‌ش ده‌كات به جۆرێك ئه‌شێ ناوه‌ڕاستی
تێكسته‌كه بێت به‌م شێوه‌یه- له ڕسته‌ى یه‌كه‌مه‌وه ئه‌وه ئاشكرا ئه‌كات كه نامه‌كه‌ی
بۆ ڕامینه، واته ئه‌و منداڵه‌ی ئاماژه‌ی پێ ده‌كات به پێچه‌وانه‌ی منداڵەكه‌ی ئۆریاناوه،
كه هه‌یه و له ژیاندایه، ئه‌شێ مه‌ودایه‌ك لێیه‌وه دوور بێت و له شوێنێكی ئه‌م
جیهانه بێت، ئه‌كرێ چه‌ندساڵكیش ته‌مه‌نی هه‌ڵكشابێ و ناو لێ نراوه. وه‌ك له په‌ره‌گرافی
یه‌كه‌مدا ده‌ڵێت: منداڵەكه‌ی
له دوورترین زه‌مه‌ن و مه‌وداوه، سڵاو له تۆ ئازیزترینم... كه‌روێشكه بچكۆله‌كه‌م... دڵنیام
له كاتێدا من ئه‌م نامه‌یه بۆ تۆ ده‌نووسم، تۆش خه‌ریكی هه‌مان شت بۆ من، پاش ته‌واوبوونی
نووسراوه‌كه‌ت، ده‌یكه‌یت به ته‌یاره‌یه‌كی منداڵانه و دوور هه‌ڵی ده‌ده‌یت.
وتمان هه‌ردوو نووسه‌ر
و گێڕه‌رەوه دایكن و ئه‌یانه‌وێ له ڕێگه‌ی مه‌نۆلۆگه‌وه مه‌سجێك بۆ كۆرپه‌كه‌یان
بنێرن، هه‌ردوو گێڕه‌رەوه به جۆرێ له جۆره‌كان فه‌رمانبه‌رن و سه‌رۆككارێكیان هه‌یه
و زووزوو مۆڵه‌ت له سه‌رۆككاره‌كه ده‌خوازن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن له
كاتی دووگیانی‌دا و وه‌سفی ئه‌و حاڵه‌ته ده‌كه‌ن چۆن به بێزارییه‌وه سه‌ره‌یان گرتووه،
له كاتی چوونه لای پزیشك. خاڵێكی تر كه پێویسته ئاماژه‌ی پێ بكه‌م هه‌ردوو دایكی
ناو تێكسته‌كه هاوسه‌ریان هه‌یه و له ژیاندان، ئه‌وه‌ی تێكستی نامه بۆ ئه‌و كۆرپه‌یه‌ی
كه هه‌رگیز له دایك نه‌بوو، ئه‌یه‌وێت به هه‌رجۆرێكه منداڵه‌كه له دایك نه‌بێت
و نه‌یه‌ته دونیاوه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی تێكستی دانپێدانانه‌كانی دایكێك كه
باوكه‌كه پێی خۆشه منداڵیان ببێت، به‌ڵام هه‌ردوو باوكه‌كه له ڕووی خۆشه‌ویستییه‌وه
مه‌ودایه‌كی فراوان له نێوان خۆیان و هاوسه‌ره‌كانیاندایه.
خاڵێكی تر هه‌ردوو دایكه‌كه
له كاتی دووگیانبووندا بە به‌رده‌وامی ئافره‌تێك خزمه‌تیان ده‌كات، دایكی ناو تێكسته‌كه‌ی
ئۆریانا ڤالانچی دۆسته دراوسێكه‌ی و دایكی ناو تێكسته‌كه‌ی كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كر
له ڕێگه‌ی سالیمه‌ی ژنبرایه‌وه.
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت
یه‌كێك له خه‌سڵەته سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌قئاوێزان به‌سه‌ر ئه‌م ده‌قه‌دا پراكتیك ده‌كرێت،
ئه‌ویش خه‌سڵه‌تی هه‌ڵمژینه كه وه‌ك یاسایه‌ك له یاساكانی ده‌قئاوێزان ناو ده‌برێت،
یاساكه پێى وایه ده‌قی پاشین ده‌قی پێشین سڕ ناكات، به‌ڵكو ڕەخنه‌شی لێ ناگرێت، به
گوێره‌ی پێداویستییه مێژووییه‌كان دایده‌ڕێژێته‌وه كه ئه‌وكات له ئارادا نه‌بوون.
ده‌قنووسی پاشین به گوێره‌ی پێداویستیی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌قی پێشینی داڕێژاوه‌ته‌وه.5
نموونه‌ك له تێكسته‌كه‌ی
ئۆریا ناڤالاچییه‌وه- ئه‌گه‌ر پێت خۆش نه‌بێ بێیته سه‌ر دنیا و نه‌ته‌وێ له‌دایك
بی؟ ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له ڕۆژان به‌سه‌رمدا بقیژێنی (كێ له تۆی ویستبوو كه من بێمه
سه‌ر دنیا، بۆچی منت دروست كرد بۆ؟ بچكۆله ژیان یانی ماندووبوون! ژیان شه‌ڕێكه كه
هه‌موو ڕۆژێك دووباره ده‌بێته‌وه و نرخی چركه‌ساته شاده‌كانی یه‌كجار گرانه. به‌ڵام
چۆن بزانم كه فڕێدانت كارێكی دروست نییه). په‌ره‌گرافی ژ.21
نووسه‌ری دانپێدانانه‌كانیش
له په‌ره‌گرافی ژ.30دا ده‌نووسێت: به بڕوای من هێنانه‌دنیای كه‌سێك، كارێكی نامرۆڤانه‌یه
و تاوانه‌كه‌ی هیچی كه‌متر نییه له كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌سێك له ژیان و كوشتنی كه‌سێك.
دڵنیا بووم ڕۆژێك بێیته ژیانه‌وه تاوانبارم ده‌كه‌یت به‌وه‌ی بۆچی هێشتوومه تۆ پێ
بخه‌یته سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام من نه‌مده‌توانی تۆ له خۆم جودا بكه‌مه‌وه.
سه‌باره‌ت به هاوسه‌ریش
هاوبه‌شییه‌ك له‌نێو هه‌ردوو تێكسته‌كه‌دا به‌دی ده‌كرێت و ده‌قاوێزانێكی ته‌واوه‌تی
ڕوو ده‌دات، به‌جۆرێك ئه‌وه‌ی ئۆریانا ڤالاچى نه‌یتوانیبێت له‌نێو تێكسته‌كه‌دا جێگه‌ی
بكاته‌وە، كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كر خستوویه‌ته سه‌ری ئۆریانا له په‌ره‌گرافێكدا ده‌ڵێت:
باوكت ڕۆشتووه. له‌م باره‌یه‌وه ناڕه‌حه‌ت نیم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جاروبار چاوم له
ده‌رگایه‌ك ده‌بڕم كه ئه‌و به ته‌مایه وه‌ده‌ركه‌وێ و من هیچ جووڵه‌یه‌ك بۆ ڕۆیشتنه
ده‌رێ له خۆم پیشان ناده‌م، ئه‌گه‌ر پێشیشم گرتبایه، دیسان من و ئه‌و قسه‌یه‌كمان
بۆ وتن نه‌بوو.
به هه‌مان شێوه كۆچه‌ر
ئه‌بوبه‌كر ناڕه‌زایه‌تی له‌و پێكه‌وه‌بوونه ده‌رده‌بڕێت و به ڕاشكاوی كولتووری كچ-به‌شوودان
ئه‌داته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه وه‌ك له په‌ره‌گرافی ژ.59دا ده‌ڵێت: من كاتێك چاوم
كرده‌وه له جلوبه‌رگێكی سپی‌دا بووم له ئاهه‌نگی خۆمدا خۆمم بینییه‌وه، به ته‌نیشتی
پیاوێكه‌وه دانیشتبووم كه كۆمه‌ڵێك دیواری كۆنكرێتی له نێوانماندا بوونیان هه‌یه.
مرۆڤ هه‌ندێك جار بڕیاری زۆر له خۆی گه‌وره‌تر ده‌دات، هه‌ندێك جار هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌كات،
ناچاره تا دواساته‌كانی ژیانی باجی ئه‌و هه‌ڵه‌یه بدات.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه
ئه‌و خاڵه‌ى كه (ده‌قئاوێزان به‌بێ وه‌زیفه نییه، به‌ڵكو وه‌زیفه‌ى بنه‌ڕه‌تیی ده‌قئاوێزان
له تیۆری ڕەخنه‌ی نوێ‌دا بریتییه له گۆڕینی ده‌لاله‌ت، وه‌زیفه‌كه‌ی به دووباره
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كه‌ره‌سته وه‌رگیراوه‌كه نییه به‌و شێوه‌یەی كه له دۆخی یه‌كه‌مدا
هه‌بووه، به‌ڵكو بریتییه له گۆڕین و گواستنه‌وه. ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه ده‌قێك بهێنین
و به‌بێ گۆڕنكارى دایبنێینه‌وه، ئه‌وا پڕۆسه‌ی ده‌قئاوێزان ڕووی نه‌داوه، به‌ڵكو
ته‌نها پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌مان ئه‌نجام داوه، ئه‌مه‌ش له‌و بۆچوونه تیۆرییه‌ی جولیا
كریستیڤاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ده‌ڵێت: ده‌قئاوێزان تابلۆیه‌كی ڕنگاڵییه، له‌وه‌ش
زیاتر هه‌موو ده‌قێك هه‌ڵمژین و گۆڕین و سه‌لماندن و نه‌فیكردنه‌وه‌ی ده‌قگه‌لێكی تره).٥
له ڕووی ئه‌ده‌بی به‌راوردكارییه‌وه
تێكسته‌كه‌ی كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كر هه‌ندێك پرسیاری گرنگی له ڕووی بوون و ئیمان و ئایینه‌وه
ورووژاندووه، به‌ڵام له تێكسته‌كه‌ی ئۆریانا به هێڵێكی ته‌نك هه‌ر له سه‌ره‌تاوه
تا كۆتایی ئه‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و باسه، یاخود خۆهه‌ڵواسین و خۆسووتاندنى كچانی گه‌ڕه‌ك
له پێناو عه‌شقه ناكامه‌كانیان و نه‌گه‌یشتن به خۆشه‌ویسته‌كانیان.
له تێكسته‌كه‌ی ئۆریانادا
ماڵ و دایك و باوكی گێڕه‌ره‌وه ئاماده‌گییه‌كی كاڵیان هه‌یه، كه‌چی له تێكسته‌كه‌ی
كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كردا به زۆری سووڕانه‌وه‌ی خه‌یاڵ و خه‌ونه‌كانی ڕاوی ڕووه‌و ماڵى
نه‌نه‌یه، به جۆرێك له په‌ره‌گرافی ژ.15دا ده‌ڵێ: "ئه‌و سه‌ربانه و ئه‌و ماڵه
بۆ من تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بوو، كه باوه‌ڕم وایه هیچكام له ئه‌ندامانی ماڵی نه‌نكت
له گۆشه‌نیگای منه‌وه له‌و ماڵه‌یان نه‌ڕوانی." من وه‌ك خوێنه‌رێك زۆر كات قه‌فه‌سى
سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه به ماڵ ئه‌شووبهێنم، چون ئافره‌تێك به‌و هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵه
ڕه‌نگاڵه‌یه‌وه كه له به‌رگه‌كه‌دا به چه‌ند خاڵێكی ڕه‌نگاوڕنگ نه‌خشێنراوه و
لە چوار دیواری ماڵەكەدا قه‌تیس بووبێت و هه‌میشه وه‌ك كه‌سێكی یاخی ده‌رده‌كه‌وێت
و حه‌زی به‌ڕیسككرنه له ژیاندا، تا دواجار بڕیار ده‌دات له پێناو نووسیندا ده‌ست
له خێزان هه‌ڵبگرێت. وه‌ك خۆی له تێكسته‌كه‌دا ده‌ڵێت: "ئه‌بێ له نێوان ئه‌و
دوانه‌تاندا یه‌كێكتان هه‌ڵبژێرم. دایكی ناو تێكسته‌كه‌ی دانپێدانانه‌كان دوو منداڵى
ده‌بێت، به‌لام دایكی نامەیه‌ك بۆ ئه‌و منداڵه‌ی كه هه‌رگیز له دایك نه‌بوو، هیچ
منداڵی نابێت و بگره له‌ناو سكی دایكی‌دا ده‌مرێت و له لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه
ڕووبه‌ڕووی دادگا ده‌بێته‌وه. زمانی نووسین و داڕشتن له دانپێدانانه‌كانی دایكێكدا
زیاتر زمانێكی شعرییه.
سه‌رچاوه‌كان
ـــــــــــــــــــــــــــ
1ـ دانپێدانانه‌كانی دایكێك (هیچ)، كۆچه‌ر ئه‌بوبه‌كر چاپی 2015
2ـ نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌و منداڵه‌ی كه هه‌رگیز له دایك نه‌بوو، ئۆریانا
ڤالاچی، و:محه‌مه‌د به‌هره‌وه‌ر، چاپی 2012
3ـ به‌ره‌و ڕۆمانی كوردی، لێكۆڵینه‌وه، ئارام سدیق، چاپی 2015
4ـ تیۆری ده‌قئاوێزانی ئه‌ده‌بی، لێكۆڵینه‌وه، حسێن له‌تیف، چاپی 2016.
٥ـ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی
سه‌ره‌وه.