پێش گەمارۆ خنكێنەرەكە، ئێران دەیەوێت دوو وەزارەتی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات

ڕاپۆرت 22/10/2018



ئا/ رەمەزان شێخانی 
بەر لە سزا ئابوریە قورسەكانی ئەمریكا كە بڕیارە مانگی 11 بەسەر هەردوو كەرتی نەوت و بانكی ئێراندا بسەپێنرێت، ئێران لە دەرگای پشتەوە بەراست و چەپی خۆیدا بە دوای دەروازەیەكدا دەگڕێت خۆی لە سزاكان بدزێتەوە.
عیراق تاكە دەرگایە كە ئێران دۆزیویەتیەوە، ئەو درواسێیەی كە كەوتۆتە خۆرئاوای ئێرانەوە كە بەردەوام ئێران دەست لە كاروباری سیاسی و ئابوری و سەربازی وەردەدات.
لەهەوڵێكدا بۆ خۆدەربازكردن لەو سزا ئابوریانەی كە ئەمریكا بەنیازە لە مانگی داهاتوو بەسەر هەردوو كەرتی نەوت و بانكی ئەو وڵاتەدا بیسەپێنێت، ئێران پلانی بۆ قۆرخكردنی دوو وەزارەتی گرنگ لە عێراق دارشتوە كە بریتین لە وەزارەتی دەرەوە و دارایی عیراق.
بەگوێرەی سەرچاوەكان ، ئێران فشاری خستوەتە سەر عیراق تا ئەو دوو وەزارەتە بدرێتە كەسانی نزیك لە ئێران.
وەزیری دەرەوەی عیراق رۆڵی گرنك دەگێڕێت كاتێك گەردەلولی سزا ئابوریەكانی سەر تاران هەڵدەكات، چونكە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عیراق زۆر گرنگ دەبێت لە كەمكردنەوەی فشارە دیبلۆماتیەكانی سەر ئێران و پشتیوانیكردن لەو وڵاتە لە كۆبونەوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتیش لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش..
وەزارەتی داراییش بەلای حكومەتی ئێرانیەوە زۆر گرنگە، چونكە ئەو وەزارەتە دەبێتە دەروازەیەك بۆ تاران چونكە سزاكانی ئەمریكا سیستمی بانكی ئەو وڵاتە ئیفلیج دەكات بەتایبەتی پاش ئەوەی هەناردەی نەوتی ئێران سفردەبێت، دانانی كەسێكی سەر بەئێران لەو وەزارەتەی عیراق رێگە خۆشكەر دەبێت بۆ مامەڵەی بانكی لە عیراقدا.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عیراق و موقتەدا سەدر سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون بەرەنگاری ئەو هەوڵەی ئێران دەبنەوە .
پێش بینی دەكرێت وەزارەتی دەرەوە یان وەزارەتی دارایی عیراق بدرێتە پارتی دیموكراتی كوردستان كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات كە لەم قۆناغەدا پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ تاراندا نیە
بەگوێری سایتی سكای نیوز تا ئێستا هیچ كاندێك دەستنیشانكراوە بۆ وەرگرتنی ئەو دوو پۆستە سیادیە لە حكومەتی داهاتووی عیراقدا.
رۆژی دووی ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێویستە لەماوەی یەك مانگدا ئەو حكومەتە پێكبهێنێت و پێشكەش بە پەرلەمانی عیراقی بكات بەمەبەستی پەسەند كردنی ،هەر كاتێكیش عەبدولمەهدی شكستی خوارد لە پێكهێنانی حكومەت لەو ماوەیەدا كەسێكی رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق

سەرچاوە/ سكای نیوز