وریای ئەم جۆرە شوتیە بن: مەترسیدارە

ئابوری 22/10/2018


چاودێر 
لەمەولا لەهەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و سەیران بەن، شەوانە پشكنین بۆ شوتی هاوردەكراوی ئێرانی ناكرێت،  بەهۆی لێدانی دەرزی هۆرمۆن و گەشە و نەشیاوی بۆ بەكارهێنان و لەماوەی هەفتەیەكیشدا، نزیكەی 100 هەزار تەن شوتی ئێرانی، كاری لەناوبردن و گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ئێران بۆ كراوە.
بەهێز عەبدول لەتیف، لێپرسراوی هۆبەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی باشماخ، بەچاودێری  راگەیاند: ماوەیەكە هاوردەكردنی شوتی ئێرانی و بەتایبەتیش جۆرێكیان، بۆ ناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەهۆ لێدانی دەرزی هۆرمۆنی گەشە، كە زیانی بۆ تەندروستی هاووڵاتیان هەیە رووی لەزیادبوون كردووە و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە پشكنینەكانمان زیاتر كردووە.
ناوبراو، وتیشی "بڕیارمانداوە بۆ لەمەودوا، شوتی ئێرانی لەمەرزی باشماخ و سەیران بەن، شەوانە پشكنینی بۆ نەكرێت، بەهۆی خراپی شوتیەكەو هێنانی شتی قاچاخ لەژێر باری شوتی بەتایبەتی جگەری مریشكی كۆنی ئێرانی".
روونیشیكردەوە،" لەماوەی هەفتەیەكدا، نزیكەی 100 هەزار تەن شوتی بەهۆی دەرنەچوون لەپشكنین و نەشیاوی بۆ خواردن، كاری گەڕانەوە و لەناوبردنیان لەمەرزی باشماخ بۆ كراوە".