ودی ئالن هێشتا گاڵتە بە جیهان دەکات

ڕەخنەی چاودێر 22/10/2018

ڕەخنەی چاودێر


ودی ئالن کۆمیدییەن، ئەکتەر، دەرهێنەر، نووسەر و مۆسیقاری ئەمەریکی، بە نووسینی کتێبە تەنزئامێزەکان دەستی بە کارە ئەدەبی و هونەرییەکانی کرد. ئەو تا ئێستا نۆزدە جار وەک کاندیدی ئۆسکار هەڵبژێردراوە و چوار جاریش بردوویەتییەوە، کە بریتین لە خەڵاتەکانی ئۆسکاری باشترین دەرهێنان و سێ ئۆسکار بۆ باشترین سیناریۆ.

هەروەک لە مۆسیقای فیلمەکانییەوە دەردەکەوێت، ئالن لە لایەنگرانی جددیی مۆسیقای جازە. ئەو خۆی لە لاوێتیدا کلارنێتی دەژەنی. ساڵان لەگەڵ گرووپێک لە هاوڕێیەکانیدا لە هۆتێلێک لە نیۆیۆرک جاز دەژەنێت. وردی ئالن تەنانەت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکاری فیلمی ئەنی هۆڵ نەچوو بۆ هۆڵیوود، چونکە مەراسیمی ئۆسکارەکە کەوتبووە شەوی دووشەممەکەی ئەوەوە.

ودی ئالن لە چاوپێکەوتنێک لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا خۆی وەک "بێخودایەکی تێکۆشەری فرۆیدی" ناساند، لە خوارەوە باشترین فیلمەکانی بە هەڵبژاردنی گاردیان، دەناسێنین.

هەشت
Sleeper
ئالن لە فیلمی سلیپەردا ڕێزێکی زۆر لە دایان کیتۆن دەگرێت و لەگەڵ ئەودا دەست دەکات بە کۆمیدیایەکی پڕ کێشمەکێش و نمایشی وێنە دەگمەنەکان. کارەکتەرەکانی ئەم فیلمە، مۆزێکی زۆر گەورە، کوولەکەیەکی زل و هەڵبەت دیکاتۆرێک لە مەملەکەتێکدا لە داهاتوو، کە لە ڕاستیدا لووتێکە. فیلمەکە پڕ لە بیرۆکەی داهێنەرانەیە سەبارەت بە ڕۆبۆتەکان و سەگەکان.

حەوت
نیوەشەو لە پاریس
لەم فیلمەدا ئەکتەرەکان بەرەو ئاسوودەییەکان و دڵخۆشییەکان ئاراستە دەکرێن. وێنەگرتن لەم فیلمەدا زۆر ستایش کراوە و بە فیلمێکی زیرەکانە ناسراوە. بیرۆکەی فیلمەکە لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بنیاد نراوە، کەسێک لە زەمەنی ئێستا و ڕابردوودا لە هاتوچۆیەکی سەرنجڕاکێشدایە و هونەر باسی سەرەکییە.

شەش
بیرەوەرییەکان ستاردەست
ئەم فیلمە کاتێک لە هەشتاکاندا نمایس کرا، ڕەخنەیەکی زۆری لێ گیرا. ناکرێت فیلمەکە لە باشترین فیلمەکانی ودی ئالندا هەژمار بکەین، بەڵام بەدەریش نییە لە زەرافەت و جوانی. فیلمی بیرەوەرییەکانی ستاردەست هەڵگری دیدگای وردی ئالنە بۆ بابەت و کێشەگەلی ناوبانگ.

پێنج
عەشق و مەرگ
یەکێکە لە پڕچێژترین فیلمەکانی ودی ئالن کە نیشان دەدات ئەم دەرهێنەرە تا چ ئەندازەیەک لەگەڵ بێرگمان و دۆستۆیۆڤسکیدا دەتوانێت سەرگەرمکەر بێت. پێنج خولەکی سەرەتای فیلمەکە لە تەنزئامێزترین ئەو شتانەیە تا ئێستا ودی ئالن نووسیونی.

چوار
پارەکە هەڵگرە و ڕاکە
ئەم فیلمە ساڵی ١٩٦٩ دروست کراوە. جیم سیتوارت لە ڕەخنەگرانی گاردیان دەربارەی نووسیویەتی: یەکەمین جار لە باشووری ڤێتنام ئەم فیلمەم بینی، لە لایەن سوپاوە نمایش دەکرا. بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نەبوو. هیچ شتێک وەکو جەنگ نییە و بەردەوام تێیدا هەست بە بێهوودەیی دەکەین. هەر لە یەکەمەوە ئاشقی فیلمەکە بووم و کاسێتێکی قاچاخیشم لێی پەیدا کرد.

سێ
هانا و خوشکەکانی
"هانا و خوشکەکانی" دەربارەی نیۆیۆرکێکە کە ئێستا بوونی نییە، بەڵام ڕۆژگارێک شوێنی نمایشی فلیمە باشەکان و کتێبە دەگمەنەکان بوو. سێ خوشکە ئاڵۆزەکەی ئالن، نموونە و سیمبولێکن لە ژنەکانی ناو نووسراوەکانی ئەو. کۆی ئەکتەرانی فیلمەکە بێکەموکوڕین. خودی ئالنیش ڕۆڵی هاوسەری پێشووی هانا دەگێڕێت. فیلمەکە پڕنەخشونیگار، زیرەکانە و پڕ لە ڕەنگە جیاوازەکانە. ئەم فیلمە هەروەها دواهەمین فیلمی تاڵ و شیرینی کارە کۆنەکانی ئالنە.

دوو
ئەنی هۆڵ
ئەم فیلمە شتێکە لە نێوان کارە سەرەتاییەکانی ودی ئالن و کارە دەروونگەراکانی لە هەشتاکاندا. ئەنی هۆل لە یەک کاتدا هەڵگری بابەتگەلی جددی و هاوکات لەگەڵ گاڵتەیشدا سەروکاری هەیە. پەیوەندیی دوو کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە هەرگیز باشتر لەمە نەبووە. ڕۆڵبینینی خودی ئالنیش لەم فیلمەدا زیاتر جیی سەرنجە لە چاو پێشتردا. فیلمەکە لە ژانری کۆمیدی-ڕۆمانتیکدا و لە باشترینەکانە لەو ڕووەوە.

یەک
مەنهەتن
فیلمی مەنهەتن بە باشترین فیلمی ئالن دادەنرێت. فیلمەکە نەک هەر نامەیەکی ئاشقانەیە بۆ یەکێک لە شارەکانی دنیا، بەڵکو فیلمێکیشە دەربارەی وێناکردنی کەسایەتییەکی تایبەت. هەم دەکرێت وەک تراژیدیایەک تێکەڵ بە کۆمیدیا بیبینین، هەم وەک تراژیدیایەکی تاریکیش کە لەناو فیلمە باوەکانی ئالندا جێی نابێتەوە. ئێوە چیتان لە فیلمەکانی ودی ئالن بوێت، لەم فیلمەدا هەیە. فیلمەکە ڕەشوسپییە و ئەمیش زۆر لە جێی خۆیەتی. ئالن لە سەرەتادا پێی وا بوو لەو فیلمانەیەتی کە سەرکەوتوو نابێت و بینەر لێی دوور دەکەوێتەوە، بەڵام بوو بە باشترین فیلمی.