کۆسرەت رەسوڵ: پێویستە هەموو حزبەکان بەشداری پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بکەن

کوردستان 21/10/2018

 

بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوەو تێیدا داوا دەکات هەموو لاینەکان بەژدار بن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی هەرێمی کوردستان. ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە هەندێک بەرپرسی پارتی باس لە حکومەتی زۆرینە دەکەن.

 

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسول:

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
خوشك و برایانم له‌ سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

دوابه‌دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای تێبینی و سه‌رنجه‌كانمان له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌، به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراتییه‌ له‌ گه‌لی كوردستان و سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پیرۆز ده‌كه‌م و سوپاسی خۆشمان ئاراسته‌ی تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ متمانه‌ی خۆیان به‌ نوێنه‌ره‌كانی خۆیان به‌خشیه‌وه‌.
له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌داو له‌دوای كۆتایی هاتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م قۆناغێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌ین و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد گه‌وره‌تره‌ له‌ هه‌ر لایه‌نێك كه‌ خۆی له‌ قه‌زیه‌كه‌ به‌ گه‌وره‌تر بزانێ.
گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌ممان، ئه‌وه‌ له‌ هه‌موومان ده‌خوازێ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و به‌شداربین له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و كاركردنی زیاتر بۆ خزمه‌تی كوردستان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر به‌ هاووڵاتیانمان، ئه‌وه‌ش به‌ به‌شداری هه‌موومان و وه‌لانانی ململانێكانمان ده‌كرێت.
هه‌روه‌ك گرنگه‌ هه‌موومان له‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بتوانین پێكه‌وه‌ یه‌ك ده‌ست و یه‌ك تیم به‌شداربین له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق و سه‌ندنی ئه‌و ئیستحقاقانه‌ی به‌ر گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌وێ له‌پێناو به‌شدارییه‌كی كاراتر له‌ به‌غداو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستوورییه‌كانی گه‌لی كوردستان.

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی
جێگری سكرتێری گشتی
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
21/10/2018