سوننەكان 6 وەزارەتیان پێدەبڕێت

عێراق 21/10/2018



ئاژانسەكان – بابان:
پەرلەمانتارێكی  فراكسیۆنی میحوەری وەتەنی (سەر بە سوننەكان) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان لە دەستكەوتی هەڵبژاردنی فراكسیۆنەكەیاندا، شەش وەزارەتیان پێدەبڕێت، كە دووانیان سیادین.
فالح عیساوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: گفتوگۆكان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقی، بەردەوامە و گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتو.
دەشڵێت "پشكی پێكهاتەی سوننە، كە میحوەری وەتەنی نوێنەرایەتی دەكات، شەش وەزارەتە و دووانیان سیادین و 4یان خزمەتگوزارین، ئەوەش سەرەڕای دوو وەزارەتی دیكە، كە لەئێستادا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت".
ئەو پەرلەمانتارە رونیكردۆتەوە، ئەو وەزارەتانەش كە دەدرێت بە فراكسیۆنەكەیان، لەكاتی دابەشكردنیدا حزبەكان و پارێزگاكان لەبەرچاو دەگیرێن.
ئەو جەختكردنەوەیە لەكاتێكدایە، هەندێك فراكسیۆن، لەوانەش ئیئتیلافی سائیرون، كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانەكانی هەڵبژاردنە پارلەمانییەكەی ئەم ساڵی عیراق بوو، داوا دەكات حكومەتێكی تەكنۆكرات پێكبهێنرێت و پۆستەكان بدرێن بە كەسانی سەربەخۆ و دەستپاك و حكومەتی داهاتوو بەدووربێت بیری تائیفی و حزب حزبێنەو لە دابەشكاری.