کارلۆس رویز زافۆن: بۆ نووسین پاشەکشێ لە جیهان دەکەم

ڕەخنەی چاودێر 21/10/2018

ڕەخنەی چاودێر

کارلۆس رویز زافۆن لە شاری بەرشەلۆنە لەدایک بووە و گەورە بووە. سەرەتا لەوێ لە کۆمپانیایەکی ڕیکلام دەستبەکار بووە، ساڵی ١٩٩٤ ڕۆیشتووە بۆ لۆس ئەینجلس و بەتەواوی خۆی بۆ نووسین تەرخان کردووە. شانبەشانی کاری ڕۆماننوسی وەک سیناریۆنووس و ڕۆژنامەنووسیش بۆ هەردوو ڕۆژنامەی ئیسپانی (ئێل پایس، لا ڤانگورادیا) کار دەکات.
ساڵی ١٩٩٣ (سەرگەورەی تەم) ی بڵاو بووەوە و زیاتر لە ١٥٠٠٠٠ دانەی لێ فرۆشرا. لەپاش ئێوە سێ کتێبی دیکەی گەنجانی بڵاو بووەوە. پێنجەمین کتێبی، لەژێر ناونیشانی (سێبەری با) دا ساڵی ٢٠٠١ بڵاو بووەوە لە کورتترین کاتدا بووە پڕ فرۆشترین و لە لیستی کتێبە ئیسپانییەکاندا چەندین هەفتە لە پێشەنگدا بوو. لەبەرئەوە ساڵی ٢٠٠٢ زافۆن لە ئیسپانیا وەک پەرجوویەکی ئەدەبی ڕێزی لێنرا. لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە مافی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکانی لە زیاتر لە بیست وڵاتدا فرۆشراون: فەڕەنسا، فینلەندا، نەرویج، دانیمارک، هۆڵندا، سوید، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، بەڕازیل، ئیسرایل، یۆنان، ئەمەریکا و هتد ...


ئایا ئێوە چۆن کار لەسەر ڕۆمانێک دەکەن؟
*کە دادەنیشم، چەندین ڕۆژ دەست لە نووسین هەڵناگرم و تەنها ڕۆژێک لە هەفتەیەکدا پشوویەک بە خۆم دەدەم. بەشێک لە ڕۆمانی (گەمەی فریشە)م لە لۆس ئەینجلس نووسی. لەوێ هاوڕێیەکم ژووری کارەکەی خۆی دامێ و تیایدا لە شەشی بەیانییەوە بۆ دووی نیوەڕۆ کارم لەسەر ڕۆمانەکە دەکرد، ئەمە بەپێچەوانەی سروشتی خۆمەوە. ئەگەرنا من هەمیشە شەوان کار دەکەم. نووسین پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە کاتێکی زۆرم لێدەبات. بۆ نووسین دەبێت پاشەکشێ لە جیهان بکەم.

لە ئیسپانیا (گەمەی فریشە) لە یەکەم ڕۆمانتان سەرکەوتووتر بوو. ئایا بەڕای خۆتان هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
*من دە ساڵ لەمەوبەر دەستم کرد بە نووسینی (سێبەری با). من لەو بڕوایەدام لەو نێوەندەدا زیاتر فێر بووم. مرۆڤ لە هەڵەکانی خۆی و بە تەمەن فێری شت دەبێت. سەرەڕای ئەوەش یەکەم کتێبم لە گۆشەنیگای کوڕیژگەیەکەوە نووسراوە کە لە گەورەبووندایە و لەبەر ئەو هۆیە ڕەنگە ئەزیزتر بێت. لە (گەمەی فریشە) دا بوێرانەتر هاتمە ناوەوە، بەو شێوەیە خوشکە گەورەکەی (سیبەری با) لەدایک بوو. شتێکی لە چارلس دیکنز تیادایە: گەڕانەوەیەکی تیادایە بەرەو نووسەرەکانی سەدەی نۆزدە، کە بە حەسرەتەوە ئەدەب ژیاون.

ئێوە کەی دەستتان بە کاری نووسین کرد؟
*من کە بۆ یەکەمین جار پارەم لەبری نووسینێکی خۆم وەرگرت، تەمەنم هەشت ساڵان بوو و پێم وابوو بە سیانزە ساڵی کەسێکی بەناوبانگ دەبم. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا لە قوتابخانە دەزگایەکی بڵاوکردنەوەم دامەزراند. یەکێک مشووری دیزاینەکەی دەخوارد، یەکێکی دیکە کۆپی دەکرد، منیش دەمنووسی. چیرۆکی ترسناکم دەنووسی کە تیادا خوێنمژ و مەخلوقی ئەستێرەکانی دیکە ڕۆڵیان تیادا دەبینی. بەو پارەیەی کە بە کارەکەمان پەیدامان دەکرد، شیرینیمان دەکڕی. من لەو کاتەوە دەستم لە نووسین هەڵنەگرتووەتەوە.

ئایا بۆ ئێوە بەختەوەری واتای چییە؟
*من هەندێک جار حەزم لەوەیە هیچ کارێک نەکەم، بەڵام شتێک هەر دەکەم. حەزم لە مۆسیقایە، دەڕۆم بۆ سینەما، حەزم لە گەشتە و گەشت زۆر دەکەم. هەروەها هەمیشە لە فێربووندام. زۆر خێراش فێر دەبم. زۆر گرنگتر لە کتێبەکانم ئەوەیە کە من پاش ماوەیەکی زۆر بۆ یەکەمین جار لە خودی خۆمدا هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بۆ پرسیاری ئەوەش کە ئاخۆ بۆ من بەختەوەری مانای چییە، من هەمیشە بەم شێوەیە وەڵام دەدەمەوە: ئاسوودەیی ڕۆحی.  

ئێوە لە ڕۆمانی (مارینا) دا نامەیەکتان ئاراستەی خوێنەران کردووە و تیادا نووسیوتانە، کە ئێوە لەو کتێبەتاندا دەنگی خۆتان دۆزیوەتەوە. ئایا بە دیدی خۆتان مەبەستتان لە چییە و ئایا خوێنەر بە چیدا ئەوە بناسێتەوە؟
*بەڕای خۆم من هەوڵم داوە وا خۆم دەرببڕم وەک ئەوەی ئەوە یەکەم ڕۆمان بێت کە نووسیومە کە بەڕاستی وەک خۆم دێتە بەر چاو، هەستێکی تیادایە کە منم، نەک وەک ئەوەی هەوڵمدابێت یەکێکی دیکە بم. بەڵام باوەڕ ناکەم ئەو ڕاستییە بۆ خوێنەر شتێکی گرنگ بێت.
.