هاى دولى __ دوو شیعری چارلس بوکۆڤسکی

ڕەخنەی چاودێر 20/10/2018

دوو شیعری چارلس بوکۆڤسکی
و: زانا خەلیل



(دۆزەخ شوێنێکى ترسناکە)


تەمەنى شەست و پێنج ساڵ بوو
ژنەکەى شەست و سێ ساڵ و
ئەلزهایمەرىشی هەبوو.
خۆی سەرەتانى دەمى هەبوو
نەشتەرگەرییان بۆى دەکرد
چارەسەر بە تیشک
چارەسەرگەلێک 
کە ئێسکەکانى شەویلاکى
لەبەر یەک هەڵوەشاندبۆوە
وایلێهاتبوو بە تێل 
بۆیان دووریبۆوە
رۆژانە وەک منداڵ 
پەمپێرسى ژنەکەى دەگۆڕى
لەبەر نەخۆشى نەیدەتوانى 
سەیارە لێبخوڕێ
دەبووایە تاکسى 
بیگەیەنێتە نەخۆشخانە
لە قسەکردندا کێشەى هەبوو
بۆیە دەبووا 
ئەدرێسى نەخۆشخانە بنووسێ
لە دوایین رۆیشتنى بۆ نەخۆشخانە
پێیانگوتبوو دەبێ 
نەشتەرگەرییەکی تر بکا
بەشێ لە روومەتى چەپى و
بەشێ لە زمانى
کە گەڕایەوە ماڵ
پەمپێرسى ژنەکەى گۆڕى
خۆراکى بەستووى هێنا 
تا بیخاتە نێو فڕن
تەماشاى هەواڵەکانى کرد
چووە ژوورى خەو
لوولەى دەمانچەى خستە نێوان
چاو و گوێچکەى و تەقاندى..
بە چەپدا کەوتە سەر قەنەفە و دەمانچەکەى 
خستە نێو دەمیى و تەقاندنى
گوللەکان دراوسێکانى بە ئاگا نەهێنا
دواتر بۆنى خواردنى سووتاو 
ئەو کارەى کرد
یەکێ هات
دەرگاکەى پاڵدا  
کردییەوە و
بینى کە چى روویداوە
دواى کەمێ پۆلیس گەیشت
وەک هەمیشە رۆتینیات و
هەندێ شتى دۆزیییەوە
حیسابى پاشەکەوت و
دەفتەرى چەک
14.1 دۆلار
پۆلیس بۆى دەرکەوت 
رووداوی _خۆکووشتن_ە.
دواى سێ هەفتە
کرێچى نوێ هاتن
ئەندازیارێکى کۆمپیوتەر 
بە ناوى رووس و
ژنەکەى ئاناتانا 
کە _بالێ_ی خوێندبوو
بە ژن و مێردێکى 
پڕ لە ئومێد دەچوون
لە چینى ناوەند.



(هاى دولى)


بەر لە پێنج هەفتە جێیهێشتم و
بەرەو ئوتا سەفەریکرد.

وامزانى رۆیشتووە، 
بەڵام ئا ئەوەتەیە.

بەر لە چەند رۆژ چووم 
نامەیەکى بۆ بنێرم
دیتم لەسەر کورسییەکى 
وێستگەى پاس دانیشتووە
لە پشتەوە، 
پرچى رێک پرچى ئەو بوو
ترپە ترپى دڵم لە نوێوە 
منى گەڕاندەوە سەرەتا
هەنگاوەکانم خێراکرد
سەیرى رووخساریم کرد ئەو نەبوو
خاڵخاڵ، کەپوو فش، چاو سەوز
هیچى لەو نەدەچوو، هیچ هیچ.

ماوەیەکیتر لە جادەیەکى غەریب
لە مەیخانەیەکەوە دەچوومە 
مەیخانەیەکیتر
تەماشاى پێشخۆم دەکرد
تەماشاى پانتۆڵە تەسکەکانم دەکرد
سمتێکم ناسییەوە
شێوازى رۆیشتنى و پرچیشى 
هەروەها
خێرامکرد تا پێیبگەم
پێیگەیشتم و رووخساریم دیت
لووتێکى هیندیانە و دوو چاوى شین
دەمێکى وەک دەمى بۆق
هیچى لەو نەدەچوو، هیچ هیچ.

دواتر لە مەیخانەیەکدا
کچێ پیانۆى دەژەنى
ئەو نەبوو، بەڵام کە پرچى لادا
بۆ تاوێ ئەو بوو
درێژى پرچى،
هەمان درێژى پرچى ئەو بوو
لێوەکانیشى پێدەچوو
بەڵام لێوەکانى ئەو نەبوو
منى بینى کاتێ لێیڕامابووم
پرسى: گۆرانییەکى تایبەت هەیە
حەز بکەیت بیبیستى؟
گوتم: دولى
گۆرانییەکى خوێند هاى دولى
دواتر لە شەقام بینیم
لەگەڵ گەنجێکى سوور و سپى
بە خۆى و چاوێلکەى بەرخۆر وەستا و
پرسیم: ئەوە چ دەکەى 
خۆت و چاوێلکەى بەرخۆر 
لەسەر شەقام؟
بزەیەکى بۆ کردم و
لەگەڵ گەنجەکە لە سەیارەیەکى 
بچووکى گرانبەها سەرکەوت و
بەرەو خۆرئاوا بەڕێکەوتن
ئەوجارەیان گومان نەما 
کە ئەوە خۆیەتى.

___________________
_چارلس بوکۆڤسکی (1920_1994) شاعیری ئەمەریکی.
_سەرچاوە: لا تحاول، تشارلز بوکوفسکی، ترجمە:علی لگیف.