هوپشمید، دەرهێنەری سویسری و نوسەری كتێبەكەی یڵماز گونەی بۆ چاودێر دەدوێت

ڕاپۆرت 20/10/2018



سازدانی: هێژا دڵشاد
ئیدی هوپشمید، دەرهێنەرێكی وڵاتی سویسرایە، یەك لە میوانانی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی یە، ئەو دەرهێنەرێكی دێرین و بینەرێكی وردی سینەمای كوردییە، ئاشنایەتی ئیدی بۆ سینەمای كوردی دەگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵ بەر لەئێستا، بەتایبەت بۆ ئەو سەردەمەی بینەری فیلمەكانی یڵماز گونەی دەبێت و دواتریش بەرەو توركیا دەچێت تاكو لە نزیكەوە پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ یڵماز گونەی دروستبكات. 
كۆمپانیاكەی هوپشمید، كاری پۆستپڕۆداكشنی (وەبەرهێنانەوەی) بۆ فیلمی رێگا كردووە، تاكو بە كوالێتییەكی باش بتوانێ‌ بەشداری لە فێستیڤاڵی كان بكات و دواتریش خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتونی پێببەخشرێت.
هەروەها لەچوارچێوەی كارو چالاكییەكانی سێیەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، كتێبی "رێگا، چیرۆكی تاراوگەیەك" بڵاوكرایەوە. ئەم كتێبە ساڵی 2017 لەلایەن "ئیدی هوپشمید"ەوە نوسراوە، نوسەر و رۆژنامەنوس "هێژا دڵشاد" كاری وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی بۆ كردووە. كتێبەكە باس لە گێڕانەوەی چیرۆكی سەركەوتنی یڵماز گونەی وەك دەرهێنەرێكی كورد لە زیندانی ئیسپارتەوەو بۆ فێستیڤاڵی كان دەكات و دواتریش وێسگەكانی ژیانی لە وڵاتی تاراوگە دەگێڕێتەوە بۆمان.
لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا، ئیدی ئاماژە بەگرنگی فێستیڤاڵی فیلم و بەشداری فیلمی كوردی دەكات، هەروەها باس لە كەسایەتی یڵماز گونەی دەكات و زۆر شتی شاراوە ئەدركێنێت.

چاودێر: یڵماز گونەی كێبوو؟
ئیدی هوپشمید: دەتوانم بڵێم یڵماز هاوڕێیەكی باشی من بووە، لەو كاتانەی لەگەڵیدا  بەسەرم بردووە، بە راستی خاوەن كەسایەتییەكی بۆ وێنە و شاز بوو. لەسەرەتای ئاشنابون و یەكناسینمان، توانیمان متمانە و دۆستایەتییەكی بەهێز دروستبكەین، ئەوەبوو پیلانی هەڵهاتنی لە زیندان پێكەوە دامانڕشت.

چاودێر: یەكەم جار چۆن بە فیلمەكانی یڵماز گونەی ئاشنا بوون؟
ئیدی هوپشمید: بیرم دێت یەكەم فیلمی یڵماز كە بینیم فیلمی "مێگەل" بوو. لە ساڵی 1979، لە فێستیڤاڵی لۆكارنۆ بوو. لەو فێستیڤاڵە ركابەری فیلمەكانی كرد و خەڵاتی یەكەمینی بەدەستهێنا. لەپاش ئەوە پێمان وابوو ئەو فیلمە بۆ سینەماكانی سویسرا گونجاوە نمایش بكرێت، بۆیە مافی نمایشكردنی فلیمەكەمان لە كۆمپانیای گونەی فیلم وەرگرت و بەو شێوەیە مێگەل لەگشت سینەماكانی سویسرا نمایش كرا. 

چاودێر: یەكەم كاری ئێوە بۆ دەرهێنانی فیلمەكانی یڵماز گونەی كەی بوو؟
ئیدی هوپشمید: فیلمی "دوژمن" بوو، لەبەرئەوەی فیلمەكە كاری وێنەگرتنی لە توركیا تەواو بوبو، بەڵام كوالێتی تەكنیكی و دەنگی بەرز نەبوو، لەبەرئەوە بۆ سینەماكانی ئەوروپا گونجاو نەبوو بەو شێوەیە نمایش بكرێت، لەوكاتەدا ئێمە كاری وەبەرهێنانی فلیمەكەمان گرتەئەستۆ، بۆ ئەوەی بتوانین لە سینەماكانی ئەوروپا نمایشی بكەین.

چاودێر: لە فێستیڤاڵەكە ئاماژەتان بەوە كرد كە فیلمی "مێگەل" ئەو فیلمە بووە كە یڵماز گونەی لە ئەوروپا ناوبانگی پەیدا كردووە، هۆكاری ئەوە چییە؟
ئیدی هوپشمید: بەڕای من چیرۆكی فیلمی مێگەل زۆر بەهێزە. هەموومان لەوە تێگەیشتین كە ئەم فلیمە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. گرتەی  فلیمەكە و رۆڵی ئاكتەرەكانی وەكو تونجەل كورتیز و تارق ئەكان زۆر جوان و مەردانە بوو. 

چاودێر: ئێوە بە كام فیلمی یڵماز گونەی سەرسامن؟
ئیدی هوپشمید: زۆر بە فیلمی "سەیدخان" سەرسامم. یەك لە فیلمە كۆنەكانی یڵمازە، بەڵام دەشتوانم ئەوە بڵێم باشترین فیلمی یڵماز بەلای منەوە، فیلمی "رێگا"یە. فیلمێكی زۆر زۆر باش و تایبەتە.

چاودێر: ئێوە نزیكەی چوار ساڵ لەنزیكەوە ئاشنایەتییان لەگەڵ یڵماز گونەی هەبووە، دەتوانن پێم بڵێن بەشێوەیەكی گشتی تێڕوانینی یڵماز گونەی بۆ پرسی كورد چی بووە؟
ئیدی هوپشمید: ئەو باش دەیزانی كە جارێكیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ توركیا، ئەو لە خانەوادەیەكی كورد لەدایك بووەو هەمیشە وەك كوردێك شانازی پێوەدەكردن. هەمیشە چاودێری ئەوەی لادروستدەبوو كە لە كوێ‌ وێنەی فلیمی داهاتووی بگرێت. من پێشنیاری ئەوەم بۆ كرد كە لە ئیسپانیا، یۆنان و پورتوگال كاری وێنەگرتنی فیلمەكانی بكات. پێموابوو لەوێ‌ ئازادانە دەتوانی درێژە بەكاری هونەی خۆی بدات لەهاوشێوەی ئەو كارانەی لە توركیا ئەنجامیدابوو. یڵماز بەردەوام سیناریۆی فیلمی نوێی دەنوسی و پڕۆژەی فیلمی زۆر جیاوازی هەبوو، ئەوەبوو بڕیاریدا كاری وێنەگرتن بۆ فیلمی دیوار لە فەڕەنسا بكات. لە راستیدا من پێموابوو وێنەگرتنی فیلمێكی نوێ‌ كە چیرۆكەكەی لەهاوشێوەی رێگا بێت و باسی زیندان بكات كاری گونجاو نابێت بۆ سینەمای ئەوروپی. بەڵام ئەو دەیوسیت زوو كارەكانی تەواو بكات و فیلمەكە بەرهەمبهێنێت، تاكو دووبارە بەشداری فێستیڤاڵی كان بكاتەوە. نیەتی وابوو لەپاش ساڵێك بەسەر بردنەوەی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوون، دوبارە بە فیلمی دیوار ركابەری بكات. ئەو كەسێكی زۆر بەرهەمهێنەر بوو. ئەو كاتەی لە پاریس بووین، یڵماز سێ‌ سیناریۆی نوێ‌ پیشاندام، وەرگێڕانی بۆ فەرەنسی بۆ كرابوو، پێیوتم كە بیخوێنمەوەو یەكیان هەڵبژێرم تاكو كاری وێنەگرتنی بۆ بكەین. بەڵام ئەو لە مێشكیا فلیمی دیوار هەبوو كە زۆر مەبەستی بوو وێنەگرتنی بۆ بكات. ئەوەبوو توانی فلیمەكە لەساڵی 1983 لە پاریس بەرهەمبهێنێت.

چاودێر: جوانتریت یادەوەریی خۆت و یڵماز گونەی چییە، ئایا ئێوە زۆر جار بیری ئەو دەكەن؟
ئیدی هوپشمید: بەڵێ‌، من زۆر جار رادەبەدەر بیری یڵماز دەكەم. بەتایبەت كاتێ‌ دەرهێنان بۆ فیلمێكی نوێ‌ دەكەم، زۆر بیری یڵماز دەكەم. لەبەرئەوەی هەماهەنگی لەنێوان من و یڵماز، لەئاستێكی زۆر باشدا بوو، هەمووكات دەمانتوانی بەسەر كێشە و گرفتەكاندا سەربكەوین و تێگەیشتنمان هەبوو، بۆیە كاتێ‌ فیلمێك بەرهەمدەهێنم و روبەڕووی گرفتێك دەبمەوە، بیر لەوە دەكەمەوە ئەگەر یڵماز لە ژیاندا بوایا،راوێژم پێدەكرد و ئەویش پێشنیاری بۆ من دەبوو، ئەمە رێگایەكە كە هەمیشە وادەكات من بیر لە یڵماز بكەمەوەو بیری بكەم. ئەمە لەنێوان هاوڕێیەتی و پڕۆفیشناڵییە لەنێوان من و ئەو.

چاودێر: ئەی یادەوەرت كامەیە؟
ئیدی هوپشمید: وەك ئەوەی لە كتێبەكەمدا نوسیومە، یەكەمجار كە چوینە پاریس لەگەڵ یڵماز و خانەوادەكەی، كەس نەیدەزانی ئێمە لە كوێ‌ دەژین و لە كوێ‌ كاردەكەین، لە خانوویەكی زۆر سادە دەژیاین،كە هیچ كەلوپەلێكی تیانەبوو تەنانە تەلەفیزیۆنیش، تەنها مێز و كورسی لێبوو، ژیانێكی سادەمان هەبوو، من و یڵماز جگەرەمان دەكێشا و سەرقاڵی كاری خۆمان بوین، قسەمان لەسەر ئەوەش دەكرد كە بۆ لەمەودوا چی بكەین، ئەمە خۆشترین رۆژەكانی یادەوەریمە لەگەڵ یڵماز.

چاودێر: فێستیڤاڵی كان چ یادەوەرییەكی لەلات بەجێهێشت؟
ئیدی هوپشمید: لەوێ‌ یڵماز زۆر بێوێنە و شاز بوو، خاوەن كاریزما و وەستانێكی خۆی بوو، بیرمە كە ساتی وەرگرتنی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتونی، هەموو ئامادەبوانی فێستیڤاڵەكە بە پێوە چەپڵەیان بۆ یڵماز لێدا، مێدیا جیهانییەكان بە پەرۆشەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ یڵماز ئەنجامدا، لەوێ‌ زۆر چاودێر دەربارەی ناوەڕۆكی فیلمی رێگا دەكرد، ئەو هەمیشە لە ئامادەباشیدا بوو بۆ كاری نوێ‌ و سەركەوتن بەسەر گرفت و نەهامەتییەكاندا. ئەو كەسێك بوو وەك ئێمە، بەڵام زۆر چالاك و داهێنەر بوو. هاوكات ئێمە نەشماندەزانی لەناو خەیاڵی ئەودا چی هەیە، من چاودێرم لە خۆم دەكرد كە ئایا یڵماز بۆچی ئەوەندە بەخێرایە لە بەئەنجامگەیاندنی كارەكانی؟ ئایا یڵماز هەستی بەو نەخۆشیە كوشندەیە كردبوو پێشتر و بە منی نەڵێت؟ جارێكیان بەمنی وت كە ئازارێك لە پشتیدا هەیە، جارێكیتر باسی لە ئازاری ددانی كرد، یڵماز هەمیشە لەژێر سترێسێكی زۆردا بوو، چ لە بەندینخانە و چ لە پاش هەڵهاتنی، لە ساڵەكانی دوایدا من لە پاریس گەڕامەوە بۆ سویسرا، لەبەرئەوەی چیتر پاریس شارێكی قەرەباڵەخ و ئاڵۆز بوو بۆم، یڵماز لەوێ‌ دەیوسیت سەیارە و دەمانچەی بۆ دابین بكرێ‌، من ئەوەم رەتكردەوەو پێشموت كە ئەوە كارێكی دروست نییە.
كاتێ‌ سەردانم كردەوە بۆ پاریس سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمی دیوار بوو، لەوێ‌ زانیم كە سەیارە و دەمانچەی هەیە. كەسێكیتر بۆی تەرخان كردبوو، من لێمپرسی كە ئەوە راستە یان نا، لەوەڵامدا وتی "بەڵێ‌".

چاودێر: ئەگەر یڵماز گونەی ئەمڕۆ لە ژیاندا بوایە، پێت وابوو بەرهەمی زیاتر دەبوو؟
ئیدی هوپشمید: هاوڕام لەگەڵ بۆچونەكەت، پێموابێت ئەگەر زیاتر بژیبایا، كاری جوانتر و بەرهەمی زیاتر دەبوو، ئەو زۆر بەرهەمهێنەر بوو، لەساڵانی پێش كۆچكردنی، كۆمپانیایەكی خۆی دامەزراند، تەنانەت پێویستی بە دوو یان سێ‌ بەرهەمهێنەیتر بوو كە هەماهەنگییان لەگەڵ بكات بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكانی كە سیناریۆی بۆ نوسیبوون، لەبەرئەوەی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئەوروپا كارێكی ئاسان نییە، لەچاو توركیا پڕۆسەیەكی خاوتر و وردترە، ئامادەكاری زۆری دەوێت، ساڵێك تا دوو ساڵ تاكو فیلیمێك ئامادەدەكەیت. بۆیە من پاریسم بەجێهێشت، یڵماز و خانەوادەكەیم لە خانویەك لە نزیك دەریا لە پاریس نیشتەجێ كرد تاكو ژیانێكی ئاسایی بەسەر ببەن. و سیناریۆی خۆی بنوسێت، بەڵام ئەو زۆر پەلەی دەكرد لەوەی بەرهەمی زیاتر پێشكەش بە سینەما بكات، نەمزانی هۆكارەكەی چییە، رەنگە پێشتر دركی بە نەخۆشییەكی كردبێت و بە ئێمەی نەوتبێت. 

چاودێر:  چی وای لە تۆ كرد ریسكێك بگریتەبەر بۆ رزگاركردنی یڵماز گونەی لە توركیا؟
ئیدی هوپشمید: كۆمپانیاكەی ئێمە لە شەش ئەندام پێكهاتبوو، ئێمە بڕیارماندا كە كاری سەرلەنوێ‌ دەرهێنانی فیلمی "رێگا" بكەین، هەربۆیە من و براكەم و دۆناڵد كۆیش بڕیارماندا سەردانی توركیا بكەین و چاومان بە یڵماز گونەی لە زیندانی ئیسپارتە بكەوێت. ئێمە دركمان بەوە كردبوو كە یڵماز گونەی بەرهرەمەندێكی گەورەی سینەماییە. هەربۆیە بڕیارماندا ئەو ریسكە بگرینەبەر، بۆ نمایشی فلیمەكە لە سینەماكانی ئەوروپا پێویست بوو ئەو كارە بكەین. وەك دەرهێنەرێكی سویسری هیچ كات لەوە پەشمان نیم كە بۆ یڵمازم كردووە.

چاودێر: دەكرێت پێمان بڵێیت فیلمی "رێگا" لە سینەمای چەند وڵات نمایش كراوە؟
ئیدی هوپشمید: توانیمان فلیمەكە بفرۆشین بە 60 بۆ 70 وڵات و لەسینەماكانی ئەو وڵاتانە نمایش كرا.

چاودێر: جیاوازی چیبوو لەنێوان یڵماز گونەی لەپێش كان و دوای كان؟
ئیدی هوپشمید: كاتێ‌ لە توركیا هەڵهاتین، من بڕیاری هەموو كارەكانی یڵمازم دەدا لە ئەوروپا لەپێش فێستیڤاڵی كان. مەسەلەی نیشتەجێ بونی خانەوادەكەی، سیكوریتی و خەرجی كارەكانمان و هتد.. لەپاش بەدەستهێنانی چڵە خورمای ئاڵتون، یڵماز ژیانێكی نوێی دەستپێكرد لە پاریس، كان بوە خاڵی وەرچەرخانی یڵماز و خاڵێكی گرنگ بوو لە ژیانی ئەو.
دەرهێنەرێكی سویسری پێیوتم: تۆ زۆر گێل-یت، بەوەی لەپاش بەدەستهێنانی خەڵاتی چڵە خورمای ئاڵتوون، دەبوایا لەگەڵ یڵماز بچوینایە بۆ شەقامی شانزەلیزە و چاوەڕێی كاردانەوەی دەرهێنەرە فەڕەنسییەكانتان بكردبا، تاكوو فەرشی سوور بۆ ئێوە دابخەن"، بەڵام ئێمە گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە و سەرقاڵی كاری خۆمان بوین. رەنگە قسەكانی ئەو راستبن. دەبوا ئێمە وامان بكردبایە. 
لەپاش كان، یڵماز ژیانێكی نوێی دەستپێكرد و سەرقاڵی كاری سینەمایی خۆی بوو، كۆمپانیایەكی نوێی دامەزراند و ستافێكی نوێی پێكهێنا. یەكەم كاری هونەری، دەستیكرد بە وێنەگرتنی فیلمی "دیوار".

چاودێر: ئێوە لە سلێمانی میوانی سێیەمین فێسیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم بون، رای ئێوە لەسەر فێستیڤاڵەكە و هەروەها دەربارەی سینەمای كوردی بەگشتی چییە؟
ئیدی هوپشمید: پێموابێت كەمێك كەمتەرخەمی لە رێكخستنی كارەكاندا هەبوو، دەبو كەسانێك لە ئوتێك و لە دەرەوە یاوەریمان بكەن كە زمانی ئینگلیزی بزانن تاكو هاوكاربن لەپێدانی زانیاری و پرۆگرامی فێستیڤاڵەكە.لەو چەند رۆژەدا من زۆر لە كورتە فیلمی كوردیم بینی لە فێستیڤاڵەكە، جێی سەرنجی من بوون كە زۆر فلیمی كوردی بەرهەمدەهێنرێت. ئەوە شتێكی باشە بێگومان.

چاودێر: وەك ئاگادارن كتێبەكەی ئێوە بۆ زمانی كوردی وەرگێڕدراوەو لە فێستیڤاڵەكە بڵاوكرایەوە، دڵخۆشن بەوەی لەڕێگەی كتێبەكەتانەوە چیرۆكی ئێوەو یڵماز گونەی بە خوێنەری كوردی باشوور گەیەنرا؟ راتان چییە لەوبارەیەوە؟
ئیدی هوپشمید: بێگومان دڵخۆشم، لەدەستپێكی نوسینی كتێبەكە، من چاودێرم كرد لەوەی بۆ سەر چ زمانێكیتر وەرگێڕانی بۆ بكرێت، ئەوە بوو بە توركی و كورمانجی دواتریش بە سۆرانی چاپ كرا، ئەمە  زۆر گرنگە. من لەسەر حسابی خۆم كتێبەكەم بە زمانی ئەڵمانی چاپ كرد، لەبەرئەوەی پێموابوو ئیتر كاتی ئەوە هاتووە چیرۆكی یڵماز لە وڵاتی تاراوگە بگێڕمەوە، بەتایبەت لەو ساڵانەی لەگەڵیدا بووم و وەك شایەتحاڵێك ئەو رووداوانەی بەچاوی خۆم بینیومە باسی بكەم، ئارەزووم كرد كتێبێك بنوسم لەو بارەیەوە. من دڵخۆشم بەوە، هاوكات ناشتوانم قسە لەسەر ژیانی تەواوی یڵماز بكەم، من تەنها ئەو بەشەم نوسیوە كە وەك شایەتحاڵێك لەگەڵ یڵماز گونەی بووم. لەساڵی 1980 تاكو 1984 بەتایبەت، هەروەها چەند وێنەیەكم بەكارهێناوە لەناو كتێبەكە كە بە كامێرای براكەم گیراون. وەك دۆكۆمتارییەك لەگەڵ باسكردنی رووداوەكاندا دامڕشتۆتەوە.

دوا وتەت یاخود شتێك هەبێت بتەوێت بەخوێنەری كتێبەكەتی بڵێیت؟
ئیدی هوپشمید: من خۆم بە ئاسودە دەزانم كە كەسێكی نایابی وەك یڵماز گونەی-م ناسیوە، لەسەرتاوە تا دوا سات دڵخۆش بووم، یڵماز لای خەڵكیش خۆشەویستە، لەبەرئەوەی دەزانن كە دەرهێنەرێكی گەورەیە. بەداخەوە زۆر روداوێكی درامەتیك بوو كە لەتەمەنی 47 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ سینەما تەخان كرد، وەك فەتۆشی هاوسەری دەڵێت "یڵماز كاتی نەبوو بۆ ئێمە و خێزانەكەی، لەبەرئەوەی هەمیشە سەرقاڵی كاری هونەری بوو". لەكاتێكدا ئەو هاوسەرگیریی كردبوو، بەڵام بەردەوام كاری دەكرد. چالاك و بە توانا بوو. هیچ كاتێك پاشەكشەی نەكرد لە كارەكانی ئەوەی دەویست بە بڕیارەوە هەنگاوی بۆ دەنا و جێبەجێی دەكرد، ئەوەتا لە زیندانیشدا كۆڵی نەدا و سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ فیلمەكانی كردووە، بە خەیاڵی كەسدا نایەت كە دەرهێنەرێك لە زیندانەوە فیلمێكی سینەمایی بەڕێوەبەرێت، یڵماز توانی لە زیندانەوە دەرهێنان بۆ سێ‌ فیلم بكات، من هیچ دەرهێنەرێكتر لە هاوشێوەی یڵماز شك نابەم، كە ئەم قابیلیەتەی هەبوێت، لەدنیا شتی وا هەڵنەكەوتووە كە دەرهێنەرێك بتوانێ‌ سێ فیلم لە زیندانەوە بەرهەمبهێنێت، ئەوانیش هەریەك لەفیلمی "مێگەل"، "دوژمن"  و "رێگا" بوو. ئەمە ئەندازەی توانا و بەناوبانگی یڵماز گونەی دەرخست.

* سوپاسی زۆرمان بۆ ئێوە.
ئیدی هوپشمید: سوپاس بۆ هەوڵەكانی تۆ كە كتێبەكەت بۆ كوردی سۆرانی وەرگێڕا.







پڕۆفایل:
ئیدی هوپشمید
لە ساڵی 1970 دەستی بەكاری سینەمایی لەبواری بەرهەمهێنان و وێنەگرتن كردووە. 
سەرەتا وەك تەكنیككاری فیلم لە سویسرا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و دواتریش لە ئەمریكا كاری كردووە.
لە ساڵی 1979 بەدواوە وەك دەرهێنەری سینەمایی كاری كردووە، گرنگترین فیلمەكانی ئەمانەن:
Der GemeindePrasident
Glut
Chapiteau
Yol
A view to a kill
Der Grüne Heinrich
The Lost Daughter
The Dybbuk of the Holy apple fied