ڕۆمانی "شیرفرۆش"ی ئانا بورنز بووە براوەی مانبووکەری ٢٠١٨

ڕەخنەی چاودێر 17/10/2018

ڕەخنەی چاودێر

ڕۆمانی "شیرفرۆش"ی ئانا بورنز، بووە براوەی خەڵاتی مانبووکەری ئەمساڵ و هاوکات بووە یەکەمین نووسەری ئیرلەندای باکوور کە ئەم خەڵاتە پەنجا هەزار پاوەندییە بە دەست دەهێنێت.
"شیرفرۆش" سێیەمین ڕۆمانی نووسەرە و باس لە کچێکی هەژدە ساڵان دەکات کە لە ڕۆمانەکەدا ناوی نییە و لە لایەن پیاوێکی بەهێز و بە تەمەنەوە کە بە شیرفرۆش ناسراوە دەستدرێژیی دەکرێتەسەر.
سەرۆکی کۆمەڵەی دادوەرانی مانبووکەر کە ناوی ئانتۆنی ئایپایە و خۆشی فەیلەسوفێکی بەناوبانگە، ئاماژە بەوە دەدات ئەو ڕۆمانە بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێگەرد و بنەڕەتییە.
ئایپا هەروەها ئاماژە بەوە دەکات ڕۆمانەکە بە پەرەگرافی درێژ و سەخت و ئاڵۆز نووسراوە کە خوێنەری ئاسایی ڕەنگە نەتوانن بە ئاسانی بیخوێننەوە، بەڵام کۆمەڵەی داوەران دەڵێن ئەم ڕۆمانەیان بە پڕچێژەوە خوێندووەتەوە.
ئانا بورنز درەنگ درەنگ دەنووسێت و لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی تر بەردەوام لە هاتووچۆدا بووە، سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتەکە دەڵێت: "بە پارەکە قەرزەکانم دەدەمەوە و بەوەی دەشمێنێتەوە پێی دەژیم."