حكومەتی هەرێم دامەزراوەیەكی دەرمان دروستدەكات

کوردستان 17/10/2018


 ئەمرۆ  چوار شەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستی هەرێم ، رایگەیاند ،حكومەتی هەرێمی كوردستان  دامەزراوەیەكی دەرمان دروستدەكات كە لێپراسراو دەبێت لە كڕین و هێنان و بەرهەمهێنانی دەرمان لە هەرێمی كوردستاندا.

رێكەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنگرەیەكی  رۆژنامەوانیدا روونیكردەوە، لەئێستادا خەریكی دروستكردنی دامەزراوەی دەرمانن و، لە٥١ %ی دامەزراوەكە هی حكومەتی هەرێم دەبێت و ٤٩%ی هی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەبێت،  كە ئەم دامەزراوەیە لەلایەن هەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگرەكەیەوە كارەكانی تەواوكراون.
ناوبراو وتیشی، كوالێتی كۆنترۆڵ مانگانە پشكنین بۆ هەزار جۆر دەرمان دەكات و چاودێری بازاڕ و نرخ بەردەوامە، هەروەها  سزا یاساییەكان بۆ ئەو كەسانەی دەرمانی ساختە یان دەرمان بە قاچاغ دەهێنن زیادیان كردووە.

هەر لەو بارەیەشەوە، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، بڕیارەكانی حكومەت لەبارەی كەرتی تەندروستییەوە بڕیاری دروستن و تەواون، بەڵام پێویستە  چاودێری  بەردەوامی بازاڕەكان بكرێت، ئەو چاودێریانەش وردتر بكرێت.  

 هەر لەمیانەی  كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا،  ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم،  رایگەیاند،  لەمەودوا تەنها دەرمانسازەكان و ئەوانەی رێگەیان پێ دراوە دەتوانن دەرمان بفرۆشن، داوا   لە پەرلەمان دەكات  یاسای مافەكانی نەخۆش پەسەند بكات.