تراژیدیای ئەرمەنی لە ڕۆمانەکانی یەشار کەمالدا

ڕەخنەی چاودێر 16/10/2018

بەکر شوانی


نووسەری گەورە یەشار کەمال لە چوارچێوەی پەیامی مرۆڤانەی خۆیدا بۆ داکۆکیکردن لە کولتوور و مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا، بەدرێژایی ژیان و بێ گوێدانە گوشارەکانی دەوڵەت، بەرگری لە ئەرمەنییەکان کردووە. نووسەر، سەرباری هەستیاریی بابەتی ئەرمەنی لە تورکیا، بەردەوام دۆستایەتیی لەگەڵ نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەرمەندا هەبووە و بە قەڵەم و بە بەرزکردنەوەی دەنگ، پشتگیری لە داواکانیان کردووە. یەکێك لە ئاماژە جوانەکانی یەشار کەمال بە ئاراستەی ڕێزگرتن لە ئەرمەنەکاندا، بوونێتی بە هاوڕێی گەشتی نووسەری ئەمریکایی بەڕەچەڵەك ئەرمەنی ولیام سارۆیان (١٩٠٨-١٩٨١) لە ئیستانبوڵەوە بۆ بدلیسی باکوری کوردستان. سارۆیان ساڵی ١٩٦٤ بۆ یەکەمجار سەردانی تورکیا دەکات و لە شاری بدلیس دەچێتە سەر کۆنە هەواری دایك و باوك و کەسوکاری و بەبەرچاوی هەموو ئامادەبووانەوە، تاوێكی باش لە دڵەوە بۆ خۆی و دایك و باوك و چارەنووسی پڕ لە تراژیدیای میللەتەکەی دەگری. یەشار کەمال وەك نووسەر و وەك ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی "جمهوریەت" لەو گەشتەدا لەگەڵ سارۆیاندا بووە. نموونەیەکی تری خەمخۆریی یەشار کەمال بۆ دۆزی ئەرمەنییەکان ئەوەیە کە ساڵی ١٩٥١ بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی، کەنیسەی مێژوویی دوورگەی ئاکدەماری ناو دەریاچەی وانی لە ڕووخاندن ڕزگار کردووە. بە خوێندنەوەی چیرۆك و ڕۆمانەکانی نووسەر، دەبینین ئەو تراژیدیای مێژووییی ئەرمەنەکان و تاڵانکردنی سامان و موڵكی ئەوانی وەك کەرەستەیەکی پڕ بایەخ لە نووسیندا بەکارهێناوە و لەو ڕێیەوە ڕێز و خۆشەویستیی زۆرێك لە ئەرمەنەکانی تورکیا و ئەرمەنستان و جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. گەل و حکوومەتی ئەرمەنیستانیش هەمیشە هەوڵ و خەمەکانی یەشار کەمالیان لەبەرچاو بووە و هەر لەو سۆنگەیەشەوە وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئەرمەنستان ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی "کریکۆر نارێگاتسی" کە باڵاترین و واتادارترین خەڵاتی وڵاتە، بە نووسەر بەخشی.
ڕێککەوتێکی چەند سەیر و نامۆیە! یەشار کەمال لە ساڵێکدا کۆچی دوایی کرد کە یادی ١٠٠ ساڵەی دوو ڕووداوی گەورەیە؛ یەکەم: بە کۆمەڵکوشتنی زیاد لە ملیۆنێك ئەرمەنی و سی هەزار کورد لەسەر دەستی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٩١٥دا... دووەم: ئاوارەبوون و کۆچی دەیان هەزار کوردی وان و ناوچەکانی دەوروبەر لە هەمان ساڵدا (٨ ساڵ پێش لە دایکبوونی نووسەر) بەهۆی شەڕی نێوان ڕووس و عوسمانییەکانەوە. بنەماڵەی یەشار کەمال یەکێك بوو لەو خێزانەی کوردانەی کە لەو ساڵەدا لە کەناری گۆمی وانەوە ڕوویان لە ئەدەنە کرد و لە گوندی هەمیتەی سەر بە ناوچەی عوسمانییە گیرسانەوە. لە دۆخێکی وەهادا چی لەوە باشتر هەیە کە وەك ڕێزێك بۆ قوربانییەکانی ئەرمەن و وەك وەفایەك بۆ یەشار کەمالی گەورە، چەند نموونەیەکی تایبەت بە ئەرمەن لە نووسین و ڕۆمانەکانی نووسەردا بخەمە بەرچاوی خوێنەران.

"ئەرمەنییەکان باڵندە نین، ماڵەکانیان هێلانە نییە"
یەشار کەمال لە ڕۆمانی "تیترواسك"دا دەنووسێت: "دایك بەمجۆرە ئامۆژگاری ئیسماعیل ئاغای کوڕی دەکات: داوام لە تۆ ئەوەیە کاتێك دەچیتە ئەو ناوچەیە، ماڵ و کێڵگە جێماوەکانی ئەرمەنییەکان وەرنەگریت. هێلانەیەك، خاوەنەکەی هەڵهاتبێت، باڵندەی تر لەخۆناگرێت. ئەوەی هێلانە تێك بدات، نابێت بە خاوەن هێلانە. پەتی ستەم لە ئەستووریدا دەپچڕێت." ئیسماعیل ئاغا بە ئامۆژگارییەکانی دایکی دەکات و کاتێك لێپرسراوانی تورك پێشنیاری پێدانی ماڵی ئەرمەنی دەخەنە بەردەمی، ئەم دەڵێت: "سوپاس بەگم، بەڵام من خانوو و کێڵگە و بێستانی ئەرمەنیم ناوێت." کابرای تورك لێی تووڕە دەبێت، کەف بە لالغاویدا دێتە خوارێ، پێ بە زەویدا دەکێشێت و بە دەنگی بەرز دەڵێت: "ئەوە تۆ چی دەڵێیت هەی کوردی بێئەقڵ، کوردی شێت! ئەوانە باڵندە نین، باڵندە نین... ماڵەکانیشیان نابن بە هێلانە..." یەشار کەمال لە هەمان ڕۆماندا باس لەوە دەکات چۆن لەو ڕۆژگارەدا پروپاگەندەی ئەوە لە ئارادا بووە کە ئەگەر هەرکەسێك ژمارەیەکی دیاریکراو ئەرمەنی بکوژێت، بەهەشت بۆ خۆی مسۆگەر دەکات. ئیسماعیل ئاغای کورد، ئۆنیکی ئەرمەنیی دۆستی خۆی لە دەستی دانیشتووانی گوندێك دەردەهێنێت و لە مردن ڕزگاری دەکات. کەچی موختاری گوندەکە پێی دەڵێت: "ئەو ئەرمەنییەم بدەرێ با بیکوژم. دەیکوژم و دوای مردن دەچمە بەهەشت. تا ئێستا ژمارەیەك ئەرمەنیم کوشتووە، بەڵام بەشی چوونە بەهەشت ناکات. بە کوشتنی ئەم ئەرمەنییە، ژمارەکەم تەواو دەبێت و دەچمە بەهەشت. بمدەرێ، بەخێر بۆت دەنووسرێت. من لە ڕەزام کڕیوە."

"زەوییەکانی ئەرمەنی لە بەرگەکانی (حەمەدۆك) دا"
یەشار کەمال لە پەرەگرافێکی بەرگی یەکەمی ڕۆمانی "حەمەدۆك"دا دەنووسێت: "ئەو کێڵگەیەی کە عەلی سەفا بەگ لەم دواییەدا بەدەستی هێناوە، لەگەڵ گوندی قەرەدووتدا هاوسنوورە. زیاد لە نیوەی زەوییەکانی ئەو کێڵگەیە، زەوی و زاری بەجێهێڵدراوی ئەرمەنییەکانە. ئەوی تریشی بە تۆپزی و فرت و فێڵ لە دەستی گوندنشینانی قەرەدووت دەرهێناوە." نووسەر لە بەرگی دووەمی "حەمەدۆك"یشدا ئاماژە بۆ موڵك و زەویی ئەرمەنییەکان دەکات: "ئەگەر شەڕی ڕزگاری نەبوایە، بەخەیاڵیش نەدەبوو بە خاوەنی بستێك لەو زەوییانە. بەشێك لەو زەوییانە هی سوڵتان عەبدول حەمید و بەگەکانی دەرە و عەرەبەکانی بە میسری ناسراو بوو. بەشێکیشی هی ئەرمەنییەکان بوو." نووسەر لە بەشێکی تردا دەنووسێت: "دووەم پارچە زەویی ئەحمەد بەگ کە خۆی زۆری بەدڵ بوو، کێڵگەیەکی بچووك بوو لە نزیك گوندی ئاکمەزار. ئەو کاتەی ئەرمەنییەکان هەڵهاتن، ئەرمەنییەك ئەم کێڵگەیەی بە دۆستێکی تورکمانی فرۆشتبوو. تورکمان و ئەرمەنییەکان دۆست و برادەری گیانی بەگیانین. کابرای ئەرمەنی بە یارۆی تورکمان دەڵێت: ئەگەر گەڕامەوە، کێڵگەکەم بدەرەوە. ئەگەر نەگەڕامەوە، با بۆ تۆ بێت و وەك شیری دایکت لێت حەڵاڵ بێت..." یەشار کەمال لە شوێنێکی تردا دەنووسێت: "ئەو گەڕەکەی ئەرمەنییەکان چۆڵیان کرد، ڕووی وێرانکاری پێوە دیار بوو. ئیدی کوردانی کۆچکردوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵەوە لەو گەڕەکە دەژیان و تەنانەت خۆیان لە قەرەی بچووکترین ڕووداوی ناوچەکە نەدەدا. کوردەکان لە خانووی سەربان گڵینی ئەرمەنییەکاندا دەژیان و بەردەوام لەو گەڕەکانەوە دەنگی هاوار و قیژەی کوردی دەهات..."
یەشار کەمال لە بەرگی چوارەمی "حەمەدۆك"یشدا چەند پەرەگرافێکی بۆ تراژیادی ئەرمەنییەکان تەرخان کردووە. بۆ نموونە، ئەرمەنەکان لە کاتی دەربەدەرکردنیاندا سامان و خشڵی خۆیان بە ئەمانەت لای دۆستە موسڵمانە باوەڕپێکراوەکانیان بەجێهێشتووە. عەمبەر بەگ یەکێك لەو موسڵمانەیە و لە نیوەی شەودا لە دەرگای دەدرێت. ئەمیش دەرگا دەکاتەوە و دەبینێت پیاوانی دەوڵەتن و هاتوون داوای ئەمانەتی ئەرمەنییەکانی لێ دەکەن. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "ئێوە هاتن و ئەمانەتی ئەو هاوسێیانەتان لە دەستم دەرهێنا کە ماوەی بیست و یەك ساڵ بوو لای خۆم شاردبوومەوە. هەموو خەلك دەزانێت ئەم ئەمانەتانە لای من بووە. ئێستا چۆن بە خەڵك بڵێم ئێوە هاتن و بردتان، چۆن باوەڕم پێ دەکەن؟ ئەمە خەمی منە..." پیاوەکانی دەوڵەت پێی ڕادەبوێرن و پێشنیاری بۆ دەکەن بیکوژن بۆ ئەوەی لەو خەمە "ڕزگار"ی بکەن!

کۆچی ئەرمەنییەکان لە ڕۆمانی "تاوانی بازاڕی ئاسنگەران"دا
یەشار کەمال لە ڕۆمانی "تاوانی بازاڕی ئاسنگەران"دا بە زمانێکی ڕەخنەگرانە باس لەوە دەکات چۆن خەڵکی ناوچەکان لە ڕێی دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی ئەرمەنییەکانەوە دەوڵەمەند بوون: "سلێمان سامی: کورە ئەگەر ئەرمەنییەکان ڕایان نەکردایە، تۆ ئێستا ناولەپی خۆت دەلستەوە. فاتمە گوڵ لە چوکورئۆڤا دەبوو بە لەشفرۆشێکی بەناوبانگ و تۆیش دەبوویت بە خەڵووزفرۆش. سوپاسبژێر بە، سوپاسبژێری سەرکیز خەزنەجییان. ئەگەر سەرکیز ڕای نەکردایە..." یەشار کەمال لە هەمان ڕۆماندا و لە میانەی سلێمانەوە کە بە نۆ چەکدارەوە پەلاماری ماڵی مستەفا ئاغا دەدات، تیشك دەخاتە سەر ئەو شەڕ و ئاژاوانەی کە لە کاتی دابەشکردنی زەوی و موڵکی بەزۆر داگیرکراوی ئەرمەنییەکاندا ڕوویانداوە: "دەبێت لێرە دەربچیت. میراتی پانسۆیان بۆ من ماوەتەوە. نەك لەبەرئەوەی کوڕی پانسۆیان بم، بەڵكو لەبەرئەوەی من پانۆسیانم دەرکرد. بۆیە هەموو ماڵ و موڵك و خانوو و زەوی و کێڵگە و دووکانەکانی پانسۆیان بۆ من ماوەتەوە." یەشار کەمال لەم ڕۆمانەدا و لە وەسفی کۆچکردن و کۆچپێکردنی ئەرمەنییەکاندا دەربڕینێك بەکاردەهێنێت کە لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو بەدواوە بووە بە یەکێك لە دەربڕینە بەناوبانگ و بەربڵاوەکان لە زمانی تورکیدا: "ئەو مرۆڤە باشانە سواری ئەو ئەسپە جوانانە بوون و لێیان دا و ڕۆیشتن..."