كاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ راگیرا

ئابوری 15/10/2018


چاوێر – رێبین حەسەن
ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی كەڵەكەبوونی كێشەكانیان، شوفێرانی هەرێمی كوردستان لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، مانگرتنیان راگەیاند و رێگەیان نەدا، هیچ ئوتومبێلێكی بارهەڵگر لەنێوان هەرێم و ئێراندا هاتوچۆ بكەن.
بەپێی راگەیاندراوێكی شۆفێرانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ئاماژە بەوەدراوە، رۆژانە لەكاتی كاركردنیاندا و هاتن و چوونیان، لەدیوی ئێران كێشەی زۆریان بۆ دروستدەكرێت و چەندین سەعات تا رایكردنی كارەكانیان دەمێننیەوە.
ئەوەش دەخەنەڕوو،"هۆكاری ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كاتێك شوفێرانی كوردستان دەچنە دیوی ئێرانی دەروازەی باشماخ، زۆر ڕادەگیرێن و كۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست دەكرێ، شوفێر هەبووە 10 سەعات لەدیوی ئێرانی مەرزی باشماخ ماوەتەوە و تیمی ئێران لەمەرزەكە ڕێیان نەداوە بچێتە ناو وڵاتەكە و بۆ كاری بازرگانی و هاوردەكردنی كەلوپەل دەربازی ببێت".
لەراگەیاندراوەكەدا، هێما بۆ ئەوەشكراوە: لەدیوی هەرێمی كوردستانەوە، هەر كات شوفێرێكی ئێرانی بێتە كوردستان بە ئاسایی لەماوەیەكی كەم مامەڵەكانی تەواو دەكرێ و هیچ كێشەیەكی بۆ دروست ناكرێ، بۆیە لە بەرانبەر ئەو كارەی ئێران دژ بە شوفێرانی كورد، ئەوانیش هەڵوێستیان دژ بە شوفێرانی ئێرانی وەرگرتووە و دەیانەوێ چۆن كۆماری ئیسلامی ئێران مامەڵە لەگەڵ شوفێرانی كورد دەكات، لەدیوی هەرێمی كوردستانیش بە هەمانشێوە مامەڵە لەگەڵ شوفێرانی ئێرانی بكرێت.
لایخۆشیەوە، ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخی هەرێم، بۆ چاودێر، وتی "لەگەڵ ئەنجومەنی شۆفێرانی مانگرتوو كۆبونەوەیان كردووە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا، بەپێی توانا ئەوەی لەدەسةڵاتماندا بيَت بۆیان چارەسەر بكەین".
روونیشیكردەوە،" بەشێك لەكێشەكانیش پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمەوەیە و پێویستە ئەوان بۆیان چارەسەر بكەن".