«ڕاسکۆلینکۆفەکەی دۆستۆڤسکی لەم سەدەیەدا خۆی تازە دەکاتەوە،..

ڕەخنەی چاودێر 15/10/2018

«ڕاسکۆلینکۆفەکەی دۆستۆڤسکی لەم سەدەیەدا خۆی تازە دەکاتەوە،... تاوان ھەر کوشتنی مرۆڤ نیە...!»
ئەلەند ڕزگار

 

نووسەر لەم رۆمانەدا باسی مرۆڤێکمان بۆ دەکات، لەوکاتەی کەھەژاری دەیەوێت زەفەری پێ بێنێت و لە خوێندن دەردەکرێت بەھۆی نەبوونی بیمەی خوێندن، کە لەم ڕۆمانەدا  ھەژاری دەبێتە ھۆکاری درووستبوونی ڕووداوێک بە ناوی "تاوان و سزا" کە سزا وەک سێبەرێکی بێ جەستە لە بەرچاویدا ون نابێت و لە بیرکردنەوەیدا دەمێنێتەوە.

گەنجێک بە ناوی ڕاسکۆلینکۆف کە لە پترسبۆرگی رووسیا دەژی و خەریکی خوێندنە.لەبەر ھەژاری و خراپبونی باری ماددی ناتوانێ خوێندنی زانکۆ تەواو بکات، تەنانەت لەبەر سەختی ژیان لە مەنفادا کار دەگاتە ئەوەی کە کرێی شوقەکەی بۆ نەدرێ. ھەروەھا شارەکە بەوە ناوبانگی دەرکردوە خەڵکێکی زۆر و قەرەباڵغییەکی لە ڕادەبەدەری ھەیە، کە ئەمەش وای کردووە کەش و ھەوایەکی گەرمی ھەبێت، راسکۆلینکۆف خوشک و دایکێکی ھەیە؛خوشکەکەی ناوی "دونیایە"، دونیا بۆ ئەوەی براکەی لەو بارە سەختە ڕزگار بکات و دەستبکاتەوە بە خوێندن دەیەوێت ببێتە ھاوژینی " لۆژین" کە کەسایەتیەکی خراپی ھەیە. لە دوای گەیشتنی ئەم ھەواڵە بە براکەی، راسکۆلینکۆف تووشی دڕدۆنگی و نیگەرانییەکی زۆر دەبێت، ھەروەھا ئەو سوور دەبێت لەسەر ئەوەی کە نەھێڵێت دونیا ببێتە قوربانی خراپی گوزەرانی ئەو....
لەبەر ئەوە ڕاسکۆلینکۆف  ھەڵدەستێت بە کردنی تاوانێک کە ئەویش کوشتنی "پیرێژنێک"ە، کە کاری سووخۆری دەکات، بە تەورێک کۆتای بە ژیانی دێنێت و سامانەکەی دەبات و لە شوێنێک دەیشارێتەوە.
درووستبوونی ڕووداوێک لەم ڕۆمانەدا بە ناوی تاوان، پاداشتێکی دەبێت بە نێوی سزا، ئەمەش دەبێتە ھۆکاری تێکچوونی دەروونی ڕاسکۆلینکۆف، کە لەم ڕۆمانەدا دەکرێت زیاتر وردبینەوە و باس لە چەند شتێک بکەین.
ڕاسکۆلینکۆف لە دوای شاردنەوەی سامانی پیرێژنەکە لە ژێر بەردەکەدا، ھەستێکی خۆش دایدەگرێت وەک ئەوەی کە ئیتر کەس نایدۆزێتەوە، ئایا ئەمە بۆ دەروونی ئارام دەکات؟!، لە دوای ئەوەی کە شوێنەکە بەجێدەھێڵێت ئیدی ترس و بوونی تاوانەکە وەک تارماییەک لەگەڵ ژیانیدا دەبنە  ھاوڕێی، ئەمەش تووشی لاوازی دەکات و نەخۆشدەکەوێت تەنانەت ھەندێک کات، ھەندێک کار دەکات کە نازانێت بەچ مەبەستێک ئەم کارەی کردووە و تووشی وڕێنەکردن دەبێت.
ھەمیشە لە ترسدا بوو بەرامبەر بە ئەویتر و بە چاوێکی گومانەوە دەیڕوانییە دەوروبەری، و ڕەنگ پەڕیو و لاواز دەردەکەوت.
بوونی "باوەڕ" لای دۆستۆڤسکی( رازومیخین) لە مرۆڤدا وا دەکات کە لە شوێنێکی جێگیردا بیھێڵێتەوە و ھەڵسوکەوتی وەک ڕۆبۆتێک کاربکات و بە پێی ئەو شتەی کە "باوەڕ"ی پێیەتی جووڵە بکات، بەڵام ئەوەی گرنگە سەرەڕای ئەم وابەستبوونە بە "باوەڕ" ئەوەیە کە مرۆڤێکی باش بێت کە ئەمەش جێی بایەخە لای ئەو. ھەروەھا ئەو بە گژ ئەوەدا دەچێتەوە کە سیفەتی بێمانا ببەخشین بەوانەی چواردەورمان، چونکە ئەگەر بێت خۆمان بە «تەواوەتی بناسین ئەوا نرخی سەڵکە پیازێکمان نابێت ....»*، ئەمەش لە کاتێکدا دەڵێت کە بۆی گرنگ نیە بەرامبەرەکەی ھەرچۆنێک بێت بەڵکو ئەوەی گرنگە لای ئەو خودی مرۆڤەکە خۆیەتی، ئایا باشە یان خراپ؟! چون پێی وایە ئەگەر مەبەستمان باشتر بوونی مرۆڤەکان بێت ئەوا دەبێت ھاوڕێیەتیان بکەین و لە خۆمانیان نزیک بکەینەوە. ھەروەھا سەبارەت بەمەش دەڵێت:
" ئەو کەسەی ڕێزی مرۆڤ نەزانێت، خراپەکاری لەگەڵ خۆیدا دەکات".
پرسیارێکی دیکە دێتە پێشەوە، کە ئەویش بریتییە لەوەی بۆ نێرینە کاتێک دەیەوێت ژیانێک پێکبێنێت، دەبێت ھاوژینەکەی لە چینی ھەژار بێت؟!
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ھەمیشە وا پیشاندراوە ئەو مێینەیەی کە لە چینی ھەژارە، وا فێرکراوە مل کەچبێت بۆ فرمانی مێردەکەی وەک ئاغایەک لێی بڕوانێت کە ناکرێت لە قسەی دەربچێت، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی خێزانەکەیەتی یاخود جۆری پەروەردە و ئەو نشینگەیەی کە تێیدا دەژی، و وەرگرتنی ھەڵسوکەوتی ئەوانی ترە و لاسایکردنەوەیەتی، چونکە دەکرێت بڵێین خزمەتکردنی پیاو وەک ئەرکێک ( پیرۆز کراوە )نیشاندراوە لەو جێیەدا و مافی کچە ھەژاریش پشتگوێ خراوە و باسێک لەو بارەیەوە نیە.
دیسانەوە سزا وەک تارماییەک ئێخەی ڕاسکۆلینکۆفی بەرنەداوە و لە ھەموو شوێنێک لە شێوەی ترس لە ڕووخساریدا سەرھەڵدەدات و بوونی خوێن بەرچاوەکانی تەنگ دەکات، و وێنەی پیرێژنێکی بێەکەڵک و پیس دێتە بەرچاوی، ھەندێک کات وا بیردەکاتەوە کە شانازییە کارێکی وای کردووە و کۆمەڵگەی لە شتێکی بۆگەن پاک کردۆتەوە، بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە تا سەر نیە بەڵکو بگرە زۆریش کورتخایەنە چونکە ترس و نیگەرانی ئەو شانازییە لە ناو دەبات و ژیانە تاڵەکەی دەست پێدەکاتەوە...

ھەروەھا دۆستۆڤسکی دەیەوێت لە دەمی کارەکتەرەکانییەوە باسێکی دیکە بێنێتە ئاراوە ئەویش باسکردنی گەنجانە، کە دەڵێت:
« منیش لای خۆمەوە مامەڵەی گەنجان و تێکەڵیانم پێ خۆشە، لەوانەوە پیاو دەتوانێت فێری شتگەلێکی تازە بێت....» ھەروەھا لای ئەو لە گەنجدا سەرنجی ورد و ڕوون، و توانایەکی زۆری ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوەی فراوان ھەیە.
کە دەکرێت بڵێین ڕۆڵی گەنج گرنگی خۆی ھەیە و لە ھەموو شوێنێک پێویستە بایەخی پێ بدرێت، چونکە گەنج خاوەن ھێز و ئیرادەیەکی تایبەتە و توانای بیرکردنەوەیەکی باشی ھەیە لە ڕووداوەکان، توانای ڕەخنەگرتنی وردیان ھەیە لە بابەتەکان.
لە دەمی "پترۆڤیچەوە" دەیەوێت ئەوەمان پێ بگەیەنێت کە خۆشویستنت خودی خۆمان گرنگترە لەوەی کە فێرکراوین__ چەند خۆمانمان خۆشویست ھێندەش، خزمەکانمان خۆشبوێت__ بەڵام ئەو پێی وایە کە ژیانی تایبەتی گرنگترە و دەبێت بایەخی پێ بدرێت، ھەروەھا دەڵێت ئەگەر بێت و سەرەتا ئەم خۆشەویستییە بە خۆمان نەبەخشین ئەوا نابینە خاوەنی خودی خۆمان، چونکە پێی وایە دەبێت مرۆڤ سەرەتا بە دووی خودی خۆیدا وێڵ بێت و، خۆی بناسێت، چونکە
ئەو دەڵێت کە " لەبەرئەوەی ھەموو شتێک لە دونیادا لەسەر سوودی تایبەتی دامەزراوە..."
ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوکاتەی مرۆڤ خودی خۆی ناسی، ئەوکات متمانەی بە خودی خۆی زیاد دەکات و، کەمتر تووشی شکست دەبێت.
ھەروەھا دۆستۆڤسکی دێت و پەنجە دەخاتە سەر ئەو گۆڕانە ئابوورییەی کە ڕوویداوە لە ناوەراستی سەدەی ھەژدەدا، ئەم گۆڕانکاریە لە ئابووری وڵاتدا بووەتە ھۆکارێک بۆ زیاد بوونی کرداری تاوانکاری، کە بە جۆرێک گەندەڵی چینەکانی سەرەوە و خوارەوەشی یەکسان کردبوو لەم کردارەدا، ئەویش بە ھۆکارێک کە ھەوڵی ئەوە بدەن زوو دەوڵەمەند بن، بۆ ئەمەش چەندین ڕێگەیان دەگرتە بەر تاوەکو پێی بگەن.

ھەمیشە مرۆڤ ویستێکی ھەیە، ئەویش کە بریتییە لەوەی بێ ماندووبوون و لە کاتێکی کەمدا ببێتە خاوەن سامانێکی زۆر، ھەروەھا کێشەیەک نیە بۆ ئەو ئەگەر ببێتە بار بەسەر ئەوانی دیکەوە، بەڵکو گربگ ئەوەیە بگات بە ژیانێکی ئاسوودە بێ ھیچ ماندوو بوونێک.
ترس لە مردن لە لای مرۆڤ وا دەکات حەزی بۆ ژیانکردن زیاتر بێت، بە جۆرێک ئەگەر بێت سزای تاوانێک بریتی بێت لە مەرگی کەسی تاوانکەر ئەوا بۆ ئەو کارێکی بە جێیە ئەگەر لە ژێر ئەشکەنجەداندا بمێنێتەوە و ھەموو رۆژێک بە ھەمان ئازاردا تێپەڕ ببێت بەو مەرجەی نەمرێت، لە لای دۆستۆڤسکی ئەگەر بوونی ژیان گرنگە!، ئەمەیش بەو ھۆکارەی کە دەڵێت: ئەوەی بە ژیانێکی لەو جۆرە رازی بێت، ئەوا مرۆڤێکی ھیچە، بەڵام ئەوەی وەھا بیر دەکاتەوە لەو ھیچترە.
حەزکردنی مرۆڤ بەدابەشکردنی ئازارەکانی لەگەڵ ئەوانیدیکەدا، یان درکاندنی " نھێنی" بۆ ئەوانیدیکە ئەەیش کاتێک کە ئەمە دەبێتە بارێکی قورس و لە تواناییدا نابێت ھەڵیبگرێت، کە درکاندنی ھێندەش ئاسان نیە کاتێک خودایەک لە شێوەی سزادا بۆت درووست بووە و وات لێ دەکات لە درکاندنی پاشگەزبیتەوە، ئەگەر نھێنیەکەش " تاوان" بێت بە درکاندنی دەبێت بگەیت بە سزا و ئەگەر بو درکاندنی نەگەیشتیت بە سزا، ئەوا دەروونت ھێندەی دیکە ماندوو تر دەبێت ھەستکردن بە ئازاریش زیاتر دەبێت...
بێ مانابوونی " لێبووردن"، ئەویش لە کاتێکدا کە مرۆڤی بەرامبەر ھێندە بۆتە بارگرانی و ناڕەحەتی بۆ ئەوی تر کە مەبەست لێی ئەو کەسەیە کە دەبێت ببووردرێت، لە کاتێکدا کەسی بەرامبەر لە سەرەمەرگدایە و بوونی مەرگ لەودا نیشانەیەکە بۆ لابردنی ئەو بارگرانی و ناڕەحەتیەی بەرامبەر بۆی درووستکردووە، " لێبووردن" ی بەرامبەر بێ ماناییەکی پێوە دیار دەبێت ئەویش لەبەر ئەو ھۆکارەی ئەویتر ناچار بێت ئەم لێبووردنە بە ئەنجامبگەیەنێت...
ھەروەھا نووسەر مانیفێستی ئەوە دەکات کە ئیتر دەبێت خۆمان لە تارماییەکان و ئەو بوونە داماڵین و بەرەو حەقیقەت ھەنگاو بنێین ھەروەھا دووپاتی دەکاتەوە کە بوونی ھزرێکی ڕووناک گرنگە لەگەڵ دەسەڵات و ویستی ھێزدا کە ئەو دەیەوێت بەم قسانە ئەو نیگەرانی و دڵە ڕاوکێیەی ھەیەتی کەمی بکاتەوە و لێی دەرباز بێت..