پەیامی مەلا بەختیار بۆ نەوت دزەكان

ڕاپۆرت 11/10/2018


ئێوارەی دوێنێ (10/10/2018) سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، لەتەلاری هونەر لەشاری سلێمانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەسینەماكارانی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، دەستی بەكارەكانی كرد.
مەلا بەختیار، سەرۆكی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، وتاری كردنەوەی فێستیڤاڵی پێشكەش كرد، كە تێیدا پەیامێكیشی بۆ ئەو كەسانە نارد كە لە نەوتەوە بۆ جەوتی ئەم وڵاتە دەدزن. ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:

ئامادەبوانی ئازیز.. 
میوانانی بەڕێز..
پڕ بەدڵ بەخێرهاتنتان دەكەین بۆ سێهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی.. یەكەمین فێستیڤاڵ وتمان بەردەوامدەبین، ئەمە سێهەمین فێستیڤاڵەو هەر دەڵێین: بەردەوام دەبین.
بێگومان ئەم شكۆمەندیی ئامادەسازییەی بۆ ئەم فێستیڤاڵە كراوە، با بەڕاشكاوی بڵێم، بەندە تەنها پاڵپشتیانم، ئەگەر لەشوێنێك گرێیەك بكەوێتە كارەكانیان، تەشریف دەهێنن بۆ لام و گرێكەیان بۆ دەكەمەوە، ئەگەرنا، پڕاوپڕ ئامادەكاری بۆ فێستیڤاڵەكە، ئامادەكاری بۆ فیلمەكان، بەربژێركردنی فێستیڤاڵەكەو پێشوازی لەمیوانەكان و چۆنێتی رێكخستنی هەموو كاروبارەكان، بۆ ستافی كۆمپانیای مەستی فیلم و ئەو خوشك‌و برا بەڕێزانە دەگەڕێتەوە، كە لەخزمەتتاندا ئەمە سێهەمین فێستیڤاڵە رێكیدەخەن.. لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەك مافیان ناخۆم و تەنها بەئێوە دەڵێم، بەكوردستان دەڵێم، بەهونەرمەندان و هونەردۆستان دەڵێم: تەنها لەخزمەتیاندام‌و هیچی ترم نەكردووە..!


وادیارە، میللەتانی وەكو ئێمە (كورد) لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قەدەرمان وایە چۆن دواهەمین نەتەوەكان دەبین، ببین بەخاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ، دیارە لەبواری  سینەماشدا، كە گرنگترین بوارەكانی هونەرە، دەبێ بە درەنگی دەستپێبكەین، بەڵام بەم جوانییە دەستمانپێكردووە..!
بەدڵنیاییشەوە، لەئاییندەدا وەرچەرخانە گەورەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، هونەریی‌و رۆشنگەری، ئەم وەرچەرخانانە بەشێكی ئەركی سینەماسازانەو سینەما دەتوانێ‌ دوایئەوەی سیاسەتمەدارەكان، دوایئەوەی حزبەكان و دوایئەوەی ئەوەی بونیادمان ناوە بەناوی دەسەڵاتێك، كە هێشتا كەمە بۆ نەتەوەكەمان، كەموكوڕیی ئێمە، بۆشاییەكی گەورە لەزهنیەتی رای گشتی ئێمەدا، ئەوەنییە ئێمە سیاسەت نازانین، ئەوەیە كە وەرچەرخانە كۆمەڵایەتی و تێگەیشتنە دیموكراسی و پێشكەوتنەكانی مەدەنییەت، هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە سیاسەتمەدارەكانمان و دەسەڵاتی ئێمە هەموومان نەتوانین باش گوێی لێبگرین و ئەو پەیمانە كۆمەڵایەتی، فەلسەفیی‌و رۆشنگەرییەی كە پێویستەو رەنگدانەوەكەشی لەهونەردا زۆر پێویستە، هێشتا بەدینەهاتووە!


پێموایە، بەبێ بوونی سینەمایەكی راستەقینەو پێشكەوتوو، بە هەموو كەرەستەو بوارەكانییەوە، ئێمە لەدوای سەركەوتنی سیاسی، چاوەڕێی وەرچەرخانی كۆمەڵایەتی ستراتیژی نەكەین! ئەگەر دەمانەوێ‌ ئەم وەرچەرخانە كۆمەڵایەتییە، دیموكراسیی كۆمەڵایەتییە، رۆشنگەری كۆمەڵایەتییە بەدیبێت.. دەبێ هەموومان خەمی ئەوەبخۆین، كە ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بێت‌و نەتەوەكەمان ببێتە خاوەن سینەمایەك كە شانازی پێوەبكەین.
سینەماو فەلسەفە، سینەما و رۆشنگەری، سینەماو دیموكراسی، سینەماو خوڵقاندنی رای گشتییەكی راستەقینەی رەخنەگر، لەیەك جیانابێتەوەو بەبێ‌ سینەما، نە فەلسەفەی كۆمەڵایەتی گەشە دەكات، نە دیموكراسی كۆمەڵایەتی گەشە دەكات، نە پەروەردەی كۆمەڵایەتی مەدەنی گەشە دەكات، نە تاكیش دەبێت بەو تاكەی خاوەن ئەو هۆشیارییەبێ‌، كە بتوانێت بەشدارییەكی كارا بكات لەگۆڕانكارییەكان و لەپێشكەوتنەكانیشدا.
جارێكی تر بەخێرهاتنی هەموو میوانە ئازیزەكان دەكەم لەفارس، لەعەرەب، لە دەوڵەتانی تری هەرێمایەتی‌و ئۆرۆپی، ئێمە، هەموومان عاشقی ئەم وڵاتەین و خەباتیش دەكەین بۆ ئەوەی كە ئەم وڵاتە لەهەموو بوارەكاندا پێشكەوتن بەدەستبهێنێت.


لەكۆتایشدا، ناتوانم ئەوە نەڵێم و ئومێدەواریشم قسەكە وەكو خۆی وەربگرن:
لەم سێ‌ فێستیڤاڵەو لەفێستیڤاڵەكانی گەلاوێژیشدا كە من لەپشتیانم، لەو چالاكییەكانەشی كە (گروپی هونەری دڵخواز) سەرقاڵییەتی و لە(20-25)ی ئەم مانگە گەورەترین پیشانگەی پەیكەرسازی لەناوەندی شاری سلێمانی رێكدەخەن، لەكۆی هەموو ئەمانەدا ناچاربووم،  پەنا هەم بۆ حكومەت و هەم بۆ هەندێك لەسەرمایەدارە نیشتمانپەروەرەكان. لێرەو لەوێ‌ گللەییان لێدەكردم، تۆیەك لەو پلەو پاییەی هەتە، بۆ پەنا بۆ ئەم و ئەو سەرمایەدار و جار جاریش ناچار پەنا بۆ حكومەتی هەرێم ببەیت، بۆ ئەوەی یارمەتی وەربگریت! بۆ لەپلەو شەئنی خۆت كەمدەكەیتەوە؟! بۆیە پێیاندەڵێم: 
ئەی ئەوانەی لەنەوتەوە بۆ جەوتی ئەم وڵاتە دەدزن..! دزییەكەتان حەرام بێ‌ و ئەم سەربەرزییەش بۆ من دەمێنێتەوە.. تانە لەئێمەو مانان مەدەن كە خزمەتی ئەم بوارانە دەكەین، بەڵكو تانە لەخۆتان بدەن، كە نازانن چ شەرمەزارییەكی مێژووی بەدیدەهێنن. بۆیە بەشیعرێكی مام هێمنی شاعیریش كۆتایی بەقسەكانم دەهێنم كە دەڵێت:
هەتاكو دوا پشوو، رێبواری رێگای عیشق‌و  ئازادیم
ئەگەر بێجگە لەناكامیش، نەبینم بەرهەمێكی تر..