فەیسبوك بە خۆڕایی لالیگا دەگوازێتەوە

وەرزش 22/09/2018

 

تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك مافی گواستنەوەی یارییەكانی خولی ئیسپانیای بۆ سێ وەرزی داهاتوو بەدەستهێنا، بڕیاریشیداوە لەم وەرزەوە یارییەكانی خولەكە بەبێ بەرامبەر بۆ هەشت وڵاتی باشووری ئاسیا پەخش بكات.
فەیسبوك بڕی گرێبەستەكەی ئاشكرانەكردووە، تەنها رایگەیاندووە لەم وەرزەوە دەست بە پەخشكردنی یارییەكان دەكات بەخۆڕایی و بەدرێژایی وەرزیش بەردەوام دەبێت.
رابیتەی خولی ئیسپانیاش لەلایەن خۆیەوە ئاشكرایكردووە، یارییەكانی لالیگا بەخۆڕایی بۆ بەكارهێنەرانی فەیسبوك دەگوازرێتەوە لە هەشت وڵاتی باشووری ئاسیا كە بریتین لە ئەفغانستان، بەنگلادیش، بۆتان، هیندستان، نیپاڵ، دورگەكانی ماڵدیڤ، سریلانكا و پاكستان.
یارییەكانی لالیگا لە ئەكاونتی رەسمیی رابیتەی لالیگا و هەروەها ئەكاونتی هەریەك لە یانەكانی ئیسپانیاوە پەخش دەكرێت.
لە راگەیەنراوێكی رابیتەی لالیگادا هاتووە "ئەم رێككەوتنە، هەنگاوێكی گەورە و قۆناغێكی نوێیە لە گواستنەوەی رووداوە وەرزشییەكاندا، لەپێناو ئەوەی رابیتەی لالیگا و یانەكانیش لەهەموو كات زیاتر لە جەماوەرەوە نزیك بن".
لەلایەن خۆیشیەوەن خافێر تیباس سەرۆكی رابیتەی خولی ئیسپانیا خۆشحاڵیی خۆی بەو رێككەوتنە و بە پێكهێنانی تیمێكی هاوبەش لەگەڵ فەیسبوك نیشاندا و وتیشی "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی نزیككردنەوەی رووداوە وەرزشییەكان لە هاندەرانی وڵاتانی ئاسیا".
بەپێی رێككەوتنەكە، هاوكات لەگەڵ پەخشكردنی یارییەكاندا چەندین شیكەرەوەی گەورەش بەشداریی دەكەن، لەسەرووی هەموشیانەوە میشێل سالگادۆ و لویس گارسیای یاریزانانی پێشووی ئیسپانیا.