هەڵۆ لە شێرکۆ و بێکەس بکەنەوە

ڕەخنەی چاودێر 21/09/2018

پێشەوا محەمەد

شێرکۆ بێکەس، لەگەڵ دەستپێکی نووسینیدا، نەک ناوی باوکی ناشیرین نەکرد، بە پێچەوانەوە بووە هۆکاری گەورەترکردنی ناوی باوکی، ئەدەبیات و شیعر و نووسینی شێرکۆ جگە لەوەی زۆر لە شیعری باوکی زیاتر باڵای کرد، هاوکات بووە هۆکارێک بۆ زیاتر مانەوەی ناوی باوکی و ئامادەیی بەردەوامی شێرکۆ یەکسانیش بوو لەگەڵ مانەوەی بێکەسی باوکی. ... بەڵام بە پێچەوانەی ئەو وتەیەی نەوشیروان مستەفا کە لە لاپەڕە ١٤٤ی کتێبی "سەدویەک ڕۆژ تەنیایی"، کە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس سەردانی دەکات و ئەویش پێی دەڵێت: "من پیرۆزباییت لێ دەکەم، کاکە هەڵۆ لەسەر ڕێوڕێچکەی باوک و باپیرانی دەڕوات." ئەگەر بێت و هەڵۆ بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، نەک نەچووەتەوە سەر ئەو ڕێوڕێچکەیە، بەڵکوو غەدری گەورە لە شێرکۆی باوک و بێکەسی باپیری دەکات، بۆیە ئەگەر هەرچی دەتوانێت و لێیەوە نزیکە، هەڵۆ لە شێرکۆ و بێکەس دوور بخەنەوە.
****
لە لاپەڕە ١٤٩ی کتێبی "سەدویەک ڕۆژ تەنیایی" کە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس نووسیویەتی و (بە حساب باس لە سەدویەک ڕۆژی کۆتایی شێرکۆ بێکەس دەکات، کە بە داخەوە باسی هەموو شتێک دەکات شێرکۆ بێکەس نەبێت)، باس لە نامەیەکی توندی شێرکۆ بێکەس دەکرێت بۆ عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کە ئەوکات جێگری سەرۆکی حکومەت بووە، لە نامەکەدا کە هەندێکی گواستووەتەوە شێرکۆ بێکەس بۆی دەنووسێت، "من دەمرم و باکم نییە و منەتم بە کەستان نییە، بەڵام وەفا وا نابێ." دواتر دەڵێت، "فایەق بێکەسی باوکم لە هەموو سەرکردەکانی کورد گەورەترە."
دەمەوێت ڕاستەوخۆ لە قسەکەی شێرکۆ بێکەس خۆیەوە دەست پێ بکەم، ئەو بۆ باوکی ئەو قسەیەی کردووە، بەڵام خودی شێرکۆ و ئەو ئەدەبیاتەی بەجێی هێشت، ئەو توانا گەورە و داهێنانە سەرسوڕهێنەرەی لە ئەدەبی کوردی و بەتایبەت شیعردا درووستی کرد لە هەموو سیاسییەکی کورد و مێژووەکەیان گەورەترە، مێژووی شێرکۆ، هیچ کاتێک نەگونجاوە، ناشایستەیە و نە هیچ کەسێکیش بە هەر ناو و نزیکایەتییەک لە شێرکۆوە ئەو حەقەی نییە بەراوردی بکات بە مێژووی سیاسییەکان یان بە درێژایی ٣١٦ لاپەڕە هەموو باسوخواسێک لەسەر ڕۆژە کۆتاکانی شێرکۆ بێکەس بکەی لە گلەیی لەم سیاسی و لەو برادەری حکومی و فڵان حزبی سیاسی لەبەر ئەوەی هەواڵیان نەپرسیوە.
بێشک هەڵۆ کە کوڕی شێرکۆ بێکەسە، مافی ئەوەی نییە بە ناوی کوڕ و باوکایەتییەوە بێ کتێبێک بەناوی شێرکۆ بخاتە بازاڕەوە کە جگە لە ڕق و قسەی خۆی هیچ شتێکی دەربارەی شێرکۆ ئاشكرا نەکردبێت. ئەوەی کتێبەکە بخوێنێتەوە و بە ئیستاتیکای ئەدەبیاتی شێرکۆ ئاشنا بێت، شەرم دەیگرێت، بۆی دەبێت بە پرسیاری گەورە کە ئاخۆ هەڵۆی کوڕی بە چ مەبەستێک دێت و سەدویەک ڕۆژ کۆتا ڕۆژەکانی باوکی بە گلەیی لەو بەرپرس و ئەو سیاسی و تەلەفۆنی فڵان و فیسارەوە بۆ باوکی پڕ بکاتەوە، دەچێتە عەقڵی کێوە گەورەیی شێرکۆ و ئەو مێژووەی بۆ هەمیشە لە نەخشەی ئەدەبیات و نووسینی کوردیدا کێشاویەتی ببێتە گلەیینامەیەک لە کەسانێک کە ئەسڵەن ئەدەب و کولتوور و هونەر هەر بەلایانەوە گرینگ نییە. ئەو کتێبە غەمگینییەکی گەورە لە بچووککردنەوەی شێرکۆ بێکەسی تێدا دەبیندرێت، لەوەی هەڵۆ وەک نوێنەری باوکی، وەک گلەییکەرێک لەم سیاسی و لەو کەسایەتی حکومی دواڕۆژەکانی ژیانی بردبێتە سەر، ئاخر ناکرێت شێرکۆ لە ترۆپکی داهێنانی خۆیەوە، کە ئیدی پێ دەچێت شێرکۆیەکی تر نەبینیەوە، لە ڕێگەی هەڵۆی کوڕییەوە ژیانی ببێتە ئەوەی کە نوری مالیکی تەلەفۆنی بۆ کردووە بەڵام بۆ بەرپرسە کوردەکان نەیان کردووە.
گەورەیی شێرکۆ لە ئەدەبیات و شیعر و نووسینەکانیدایە، لای خوێنەران و نووسەران، لای ئەوانەی بەردەوام کتێبەکانیان لە نزیکترین ڕەفەی کتێبخانەکەیان داناوە و زووزوو دەچنەوە سەر شیعرەکانی. گەورەیی شێرکۆ لە زماندایە، لەوەدایە هەتا ئەدەبیاتی کورد، هەتا تەنها کوردێک، هەتا تەنها خوێنەرێک هەبێت ئەو وەک ئەدیب و گەورەداهێنەر لەسەر شیعری نوێی کوردی لە باڵادایە، ئەم وزە گەورەیە لەناو کولتوور و دڵ و عەقڵی خوێنەرانیدا، چ پێویستی بە تەلەفۆنی بەرپرسێکی سیاسی و دڵدانەوە و هاوکاریکردنی بەرپرسێکی حکومی هەیە، من دڵنیام، بە پێچەوانەی ئەوەی هەڵۆی شێرکۆ بێکەس دەیڵێت، بەر لە هەرکەس ڕۆحی شێرکۆ لە پای ئەم بەندوباوە سیاسییەی کوڕەکەی کە بە ناوی ئەوەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە هەموو کەس نیگەرانترە.
***

لە چلەی شیرکۆ بێکەسدا، دیکۆمێنتارییەک ئامادە کرابوو، کە بە داخەوە لە جیاتی نووسەران و هاوڕێیانی ئەدیب و خوێنەران لەسەر شێرکۆ بێکەس بدوێنن، هەندێ کەسایەتیی سیاسی قسەی تێدا دەکەن. هەر لەو بۆنەیەشدا، بەختیار عەلی نووسەر و ڕۆماننووس، لە وتارێکیدا تەعلیقێکی لەو دیکۆمێنتارییە داو ڕایگەیاند، هاوڕێیانی شێرکۆ بێکەس نووسەران و خوێنەران و شاعیرانن، نەک کۆمەڵێک دەموچاوی تر.
جگە لەوە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، لەو کتێبەدا دوو جار لە دوو شوێنی جیاواز دوو وتەی بەختیار عەلی دەهێنێتەوە کە لەو بۆنەیەدا کردنی، بەڵام چاوی لەو قسەیەی تری بەختیار عەلی خەواندووە، وەک ئەوەی ئەو قسەیە بۆ ئەو نەبێت، بیری چووەتەوە کە هاوڕێکانی شێرکۆ، ئەوانەی دەتوانن و مافی ئەوەیان هەیە قسەی لەسەر بکەن نووسەران و شاعیران و خوێنەرەکانییەتی، نەک کۆمەڵێک سیاسیی و کەسایەتیی تر کە بە چەند دێڕێکی بۆ نووسراو دەتوانن لەسەر شێرکۆ قسە بکەن، ئەمە بۆ دوای مەرگی شێرکۆش ڕاستە.

چاوەڕوانی چی بووم؟
پێم وا بوو "سەدویەک ڕۆژ تەنیایی" بەشێکی زۆری ئەو پرسانەی لەخۆ گرتووە کە شێرکۆ بە مەبەست و بێ مەبەست لە بارودۆخی ئاسایی ژیانیدا قسەی لەسەر نەکردوون، بە تایبەت ئەو سەدویەک ڕۆژە بۆ شێرکۆش ڕوون بووەتەوە کە ئەوە کۆتایی ژیانییەتی و ئەو هەستەش وا لە مرۆڤ دەکات ئیدی هەندێ شت بڵێت کە بە درێژایی ژیانی پاراستوونی، یان مەبەستی بێت هەندێ شت ڕوون بکاتەوە کە تا ئەوکاتە نیازی نەبووە وا زوو بیاندرکێنێت.
ئەزموونی شیعریی شێرکۆ، خەیاڵ و بیرۆکەی نووسینی تێکستەکانی، سرووتەکانی نووسین لای شێرکۆ، قسەکردنی لەسەر مردن، ژیان، خۆشەویستی و ژن و شیعر بە تایبەت، هەندێ وردەکەلێن کە لە یادەوەرییەکانیدا کە خۆی نووسیونی بە ناتەواوی و لێڵی ماونەتەوە، پەشیمانی و هیوا و ئاواتە بەدینەهاتووەکانی، خەیاڵ و پڕۆژەکانی ئاییندەی، کتێب و نووسەرە دڵگیرەکانی و دەیان شتی تر کە دەبوو لەو کتێبەدا هەبن و نین. من بۆ زانینی هەموو ئەو پرسانە دەستم دایە خوێندنەوەی ئەو کتێبە، بەڵام هەر لاپەڕەیەکم هەڵدایەوە و باسی گلەیی بوو لە بەرپرسێکی سیاسی، هەڵمدایەوە و باسی گلەیی لە بەرپرسێکی حکومی، هەڵمدایەوە و باسی بێوەفایی فڵان بەرپرس، هەڵمدایەوە و باسی بایکۆتی حزبێک لە پرسەکەی ... منی خوێنەری شێرکۆ دەمەوێت ئەو مەبەستانە بزانم کە لە پەرەگرافی سەرەوە نووسیومن لە دواساتەکانی مەرگیدا، نەک کتێبنامەیەک لە گلەیی تەلەفۆننەکردنی فڵان مام و بێبەڵێنیی فڵان سەرمایەدار و تەلەفۆننەکردنی ئەم هەموو سیاسییە.
ئەو کتێبە زۆر بە مەبەست ناوی شێرکۆ بێکەسی خراوەتە سەر، بەڵام لە ناوەڕۆکدا جگە لە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس، کە من نازانم بۆ چ مەبەستێک ئەم هەموو پێداگرییە دەکات شێرکۆ لە نووسەران و ئەدیبان و خوێنەران بستێنێتەوە و بیخاتە باوەشی سیاسییەکانەوە، شێرکۆ بێکەسی تێدا نابیندرێت، بە درێژایی ٣١٦ لاپەڕە جگە لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکەی، یەک ڕستەی ئەدەبی و هونەریی و گفتوگۆیەکی تایبەت نابینیت کە پێشتر شێرکۆ باسی نەکردبێت. ئاخر کەسێک خەیاڵی لای ئەوە بێت و بە پەرۆش بێت بۆ درووستکردنی پەیکەرێکی باوکی، لەو سەدویەک ڕۆژەدا دەیتوانی زۆر گفتوگۆی جوان و ئەدەبی، زۆر پرسی نهێنی ژیانی شێرکۆ، هەڵدانەوەی زۆر لاپەڕەی نهێنی لە ئەزموون و ئەدەبیاتی باوکییەوە بدۆزێتەوە و ئێستا بە تامەزرۆیی و شانازییەوە ئێمەی خوێنەری شێرکۆ دەمانخوێندەوە نەک بە پێچەوانەوە.

خۆدزینەوە لە وەسییەتنامەکەی باوکی
خوێنەرانی شێرکۆ ئەوە دەزانن کە وەسیەتنامەکەی باوکی لە دیدارێکدا کە بڕوا بەرزنجی ڕۆژنامەنووس لەگەڵیدا سازی دابوو ئاشکرا کرد، لەو دیدارەدا لەگەڵ ئەوەی دەڵی حەز دەکەم لە پارکی ئازای بە خاک بسپێردرێم ئەوەش دەڵێ کە دەیەوێت سەر گۆڕەکەی بکرێت بە کافێیەک، کتێب و مۆسیقا و کچوکوڕی عاشق بەردەوام بێن و بڕۆن، جگە لەوەش دەڵێت لە دوای من بەو داهاتەی بەجێی دەهێڵم خەڵاتێک بەناوی خۆمەوە هەبێت بۆ باشترین کتێبی شیعریی ساڵ.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لەو کتێبەدا باسی هەموو تەوەرەکانی وەسیەتەکەی دەکات، بەخاکسپاردنەکەی کە داوای خۆی بووە، داوا کردنی ئارامگەکەی کە بکرێت بە کافێ و گللەییەکی زۆر هەڵدەڕێژێت کە بۆچی حزب و لایەنی بەرپرس و کەسایەتییەکان نەیان کردووە ... بەڵام بە دێڕێک، تەنها بە دێڕێک باسی ئەوە ناکات کە شێرکۆی باوکی وتوویەتی لە میراتییەکەی خۆی ساڵانە کتێبێکی شیعری دیاری بکرێت و خەڵاتی شێرکۆ بێکەسی پێ بدرێت. کەسێک بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ وەسیەتەکەی باوکیدا بکات، بێگومان لەو کتێبە باشتر نانووسێت!
****
دەمەوێت ئەوە بڵێم، لەم کتێبەدا ناوی چەند کەسێک هاتووە کە پشتگیریی ئەم کارە بوون و بەر لە چاپبوونی بینیویانە، ئەوانەی ناویان هاتووە بە حساب لە کەسە ئاگادارەکانی ئەدەبیاتی شێرکۆن ... ئەوانیش بێبەش نین لە بڵاکردنەوەی ئەم ناشیرینییە بۆ سەر ناوی شێرکۆ، چیتر بەسە، موجامەلە بە ئەدەبیاتی کوردی و پێگەی کەسایەتییەکی گەورەی وەک شێرکۆوە مەکەن.