رۆحى دیستۆپی

ڕەخنەی چاودێر 20/09/2018

رۆحى دیستۆپی

 

دانا ئه‌حمه‌د

 

 


دیستۆپیا (Dystopia)، ئەو چەمکە ئەدەبییەیە، دەبەخشرێتە ئەو کارە ئەدەبیانەى باس لە نالەبەرى رەوشى ژیانى تاک و کۆمەڵگە دەکەن، بە تایبەتى ژانرى رۆمان. بەرتەسک کردنەوەى ئازادى و دیلکردنى کۆمەڵگە بابەتى سەرەکى دیستۆپیایە، جا ئەو رەوشە چ سیاسەت یان ئاین یاخود تەکنەلۆژیا بیخولقێنێ. گەر (utopia) یۆتۆپیا بریتی بێت لە شوینێکى تەواو لەباربۆ ژیان، ئەوا دیستۆپیا بریتییە لەو شوێنەى کە مرۆڤ وەک تاکولە رێگەى تاکیشەوە بەشێکى کۆمەڵگە تێیدا بە نائارامى دەژین، وەک لە رۆمانەکانى (Nineteen Eighty-Four/ هەزارو نۆسەدو هەشتاو چوار) ى جۆرج ئۆریول، (The Handmaid's Tale/ سەربوردەى خزمەتکارەکە) ى مارگرێت ئاتهوود، و (The iron heel/ پاژنەى ئاسنین)ى جاک لۆندن و هتد ....وێنەکراوە.
هەرچەندە، بە تێپەربوونى کات دیستۆپیا فۆرمێکى فراوانترى وەرگرت، لە رووى  بەکارهێنانى بۆ تێکراى ئەو کارانەى باس لە رەوشى نائارامى ژیانى کۆمەڵگە دەکەن، بەڵام سەرەتاى بەکارهێنانى دیستۆپیا بریتییە لە  دەرخستن و ناساندنى کارى ئەو رژێمانەى کە کۆمەڵگەیان دیلکردبوو لە پێناو مانەوەیان لە لوتکەى دەسەڵاتدا و رەخنەگرتن بوو لەو وەرگەرانە ئایدۆلۆژییەى کە دیستۆپیا بەرهەم دێنێت،  بابەتى ئەم نووسینەش لەو چوارچێوەدا خۆى دەبینێتەوە. بەبآ دروستکردنى رەوشێکى دیستۆپى، مانەوەى تاسەر لە دەسەڵاتدا ئەستەمە، ئەو رەوشەش لە رێگەى چاندنى ترس و بڵاوکردنەوەى پروپاگەندە بۆ شەرعیەت دان بە تێکراى کارەکانى دەسەڵات لەلایەک، لە لایەکى دیکەوە بە پیرۆزکردنى دەسەڵات و کارەکتەرى سوپەرمانى و بەستنەوەى کۆتایى کۆمەڵگە بە کۆتایى خۆیەوە، لیرەوە دەگەین بەو راستییەى کە رەوشى دیستۆپیا بەستراوە بە کەسیک یاخود گروپێک کە روحى دیستۆپیایان هەبێت، .
مرۆڤـ هەمیشە لە نێو دوو بازنەدا دەخولێتەوە، بازنەى دەرەکى و بازنەى ناخ ،یاخود ژینگەى گشتى و ژینگەى خودى، ناخ ئەو ژینگەیە کە مرۆڤـ ئازادتر و ئازایانەتر لە چاو ژینگە دەرەکییەکە هەناسە و کارى تێدا ئەنجام دەدات. زۆربەى کارەکانى مرۆڤـ لە ژینگەى دەرەکى دەرئەنجامى کارێكى کراوە لە ژینگەی ناوەوەى خودى مرۆڤەکە، تەنها وەرگێرانییەتى  بۆسەر زەمینى واقع. واتا هەرکارێک مرۆڤـ دەیکات پێشتر ئەو کارە لە ناخى مرۆڤەکەدا ئەزموونکراوە و، تا رادەیەک ئەنجام بەدەست هاتووە، هێندە نەبێت کارەکە بۆ بەرجەستەبوونى ئەنجام لە واقعدا دووبارە دەکرێتەوە، بەڵام ئەم گشتاندنە تێکراى کارەکان ناگرێتەوە، چونکە روودەدات مرۆڤـ پەلکێش بکرێت بۆ سەرکێش و کاردانەوە و کارپێکردن، لەو حالەتانە مرۆڤـ نە ئامادیى هەبووە، نە ئەنجامى لێ دیارە. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵیین هەموو بکەرێکى ئامادە لە ستەمکردن هەڵگرى رۆحى دیستۆپیا نییە، کارەکتەرى دیستۆپیى بەدەر لە هەبوونى ئامانجێک تا هەوڵى بەدەستهێنانى بدات، خاوەن ناخێکى ستەمکارە،واتا ئەوە بە تەنها ئامانج نییە کە ئاشوب دروست دەکات، بەڵکو ئەوە رۆحی کارەکتەرەکەیە لە ئەزەلەوە هەڵگرى دیستۆپیایە.
بە چاوخشان بە قۆناخى پێش دیستۆپیا لە هەر کۆمەڵگەیەک، دەگەین بەو راستییەى کە کارەکتەرى دروستکەرى دیستۆپیا سەرەتا وەک فریادرەسێک خۆى پێناسەدەکات و کار لەسەر راکێشتنى سۆزى گشتى کۆمەڵگە دەکات لە رێگاى ناساندنى ئایدۆلۆژییایەکى گشتگرى شیاو بۆ ژیان، دواى کۆبونەوەى کەسانێک لە چواردەورى ئەو ئایدۆلۆژییە و کارکردن بۆ بەدیهێنانى،ئەو کەسانە دابەش دەبن بەسەر دوو گروپ یاخود دوو بەرە،کە پێکدێن لە بەرەى شوێنکەوتوان و بەرەى لایەنگر، دواتر بەپآ ى ئەزموون و شارەزایى هێڵەکانى کارکردن دەکێشرێت، شوێنکەوتووان لە پێگەکانى کاردا جێگیر دەکرێن. چەسپاندنى ئەم ئایدۆلۆژییە پێویستى بە تێکۆشان و شۆرشە،جا چ شۆرشى سپى یاخود ئاشتیانە بێت، یان شۆرشى چەکدارى بێت، بەڵام هەموو شۆرشگێرەکان کارەکتەرى دیستۆپى نین و هەموو شۆرشەکان دواتر دیستۆپیا دروست ناکەن. گومان لەوەدا نییە به‌ هەبوونى شوناس و ئایدۆلۆژى هیچ مەفهومێک لە دروستبوونى شۆرشدا نییە، بەڵام لە قۆناخى تێکۆشان بەشى زۆرى چاوەکان لە گرتنە دەستى دەسەڵاتە زیاتر لەوەى چەسپاندنى ئایدۆلۆژیا بێت. دوورکوتنەوە لە ئایدۆلۆژى و دووبارەکردنەوە چەوتییەکان، سەرەتایى دروستبوونى دیستۆپیان، کە پەیوەستن بە کەسى یەکەمى دەسەڵات لە پێناو مانەوە لە لوتکە پەنایان بۆ دەبات، ئەوش لەبیرنەکەین کۆمەڵگە پێش گروپ و کارەکتەرى دیستۆپى بەرپرسیارە لە خولقاندنى دیستۆپیا.
لە ئەفسانە رۆمانى (کێڵگەى ئاژەڵان/Animal Farm) دا، (جۆرج ئۆریول)ى گەورە رۆمان نووسى ئینگیلیزى، لە رێگەى سیمبوڵەکردنى کێڵگەیەکى ئاژەڵى، باس لە بارو دۆخى کۆمەڵگەى روسیا دەکات لەسەردەمى (نیکۆلاسى دووەم/NicholasII) ،دواتر ئەو دۆخە دیستۆپییەى کە دواى روخانى نیکۆلاسى دووەم لە لایەن شۆرشگێرەکان دیتە ئاراوە بە هۆى دورکەوتنەوە لە ئایدۆلۆژییاى سەرەکى و دووبارەکردنەوەى چەوتییەکان. مستەر جۆنس، خاوەنى کیڵگە ئاژەڵییەکە، تەنها بیرى لە خۆشبەختى خۆى دەکردەوە، خواردنەوەى بەردەوام تا رادەى مەست بوون و بآ ئاگایى لە برسێتى و ئازارەکانى ئاژەڵانى لێ دەکەوتەوە، سەختى و زۆرى ئەو کارانەى ئاژەڵەکان دەیانکرد یەکسان نەبوو بەو برە خواردنەى کە پێیان دەدرا، جۆنس رۆڵى کەسایەتى نیکۆلاسى دووەمى دەگێڕا. ئاژەڵەکانى مستەر جۆنس لەمرۆمانەدا تەنها هێمایەک نین بۆ کۆمەڵگەى روسى، بەڵکو رۆلى شۆرشگیرانى (بۆلشێڤیک/Bolshevik) دەبینن، ئەو نەهامەتیانەى ئاژەڵەکان بەدەست خەمساردى و کەمتوانایى جونسەوە دەیان چەشت، پێشاندانى ئەو نەهامەتییە بوو کە کۆمەڵگەى روسى بەهۆى ناشارەزایى دەسەڵات و بآ ئاگایى نیکۆلاسى دووەم تێدا دەژیا. جۆنس وەک یەکەم رۆحى هەڵگرى دیستۆپى لە رۆمانەکەدا خۆى پێناسە دەکات، تێکراى ئاژەڵەکان بەکاردەهێنێت لە پێناو ژیانى خۆیدا، رزگاربوون لەو نەهامەتییە ئەو بیرکردنەوە بوو، کە بووە سەرەتاى شۆرشێکى تازە. ئۆلد مەیژە( Old Major)بەرازە پیرەکە، کە رۆڵى مارکسى دەگێرا و سەرکردایەتى ئاژەڵەکانى دەکرد، سەرکەوتوو بوو لە گەیاندنى پەیامەکەى دەربارەى ژیانێکى شیاو و یەکسان بۆ تاکەکانى کێڵگە، توانى ئاژەڵەکان لە دەورى خۆى کۆبکاتەوە و ئایدۆلۆژییەکى نوآ بۆ داهاتوویەکى باش لە زەینیاندا بچەسپێنآ لە رێگەى گێڕانەوەى خەونێک کە پربوو لە ئاسودەیى و ئازادى تاک لەلایەک، لە لایەکى دیکەوە باسکردنى نەهامەتییەکانى ژیان لەسایەى ستەمى ئەو مرۆڤەى کە خۆى بە خاوەنیان دەزانێت، وەک هێمایەک بۆ مارکس کە رەخنەى لە دەسەڵاتى سەرمەیادارى دەگرت و باسى نەهامەتى چینى کرێکارى دەکرد.دواى مردنى ئۆڵد مەیژە،رێبەریکردنى ئازادیى کێڵگە دەکەوێتە ئەستۆى سآ بەراز. ناپلیۆن/Napoleon ، سنۆباڵ/Snowball و سکێلر/Squealerئەو سآ بەرازە بوون، توانییان کار لەسەر ئەو شوناس و ئایدۆلۆژییە بکەن کە ئۆلد مەیژە باسیکردبوو، لە رێگارى دارشتنى درۆشمانێک کە تێکراى لە یەکسانى کارو ژیان خۆیان دەبینیەوە لەوانە"چوار پێیەکان یەکسانن، دوو پێیەکان دوژمن" یان " ئاژەڵەکان نابێت پۆشاک بپۆشن"  ، توانییان ئاژەڵەکان زیاتر هۆشیار بکەنەوە و ئامادەیان بکەن بۆ راپەڕین. ئاژەڵەکان راپەرین، مستەرجۆنس نەیتوانى بەر بەو تورەییە بگرێت، راکردن تاکە رێگا بوو بۆ رزگاربوون لە دەست ئاژەڵەکان، کێڵگە بەتەواوى کەوتە دەست ئاژەڵەکان و ژیانێکى نوآ دەستیپێکرد. ناپلیۆن کە ئاماژەبوو بۆ کەسایەتى (ستالین/Stalin) هەوڵەکانى چرکردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنى دەسەڵات و لەناوبردنى ئەو بەربەستانەى کە هەڕەشە بوون لەبەردەم ئەو هەوڵانە، ئەوەش لە رێگاى چاندنى ترسى گەرانەوەى مرۆڤـ بۆ کێڵگە و بەخشینى شەرعییەت بە هەنگاوەکانى، بە پێچەوانەوە سنۆباڵ زیاتر گرنگى بە رۆشنبیرى و ئامادەیى ئاژەڵەکان دەدا، لاى سنۆبالڕ ئازادى تاک و یەکسانى لەماف گرنگترین بنەماى ژیانى کێڵگەیە، سنۆباڵ رۆڵى کەسایەتى (ترۆتسکى/Trotsky) بەرجەستەکردبوو لە رۆمانەکى ئۆریولدا. ئاژەڵەکان زیاتر پابەندبوون بە سنۆباڵ، ئەو پابەندبوونەش واى لە ناپلێون کرد بیر لە رێگاگەلێک بکاتەوە بۆ کۆتایى هێنان بە هەنگاوەکانى سنۆباڵ، دەتوانین سەرەتاى ئەو هەنگاوانە بە سەرەتاى دروستبوونەوى دیستۆپیا لەم رۆمانەدا دابنێین. سکێلر کە ئاماژە بوو بۆ (ڤیاچیسلاڤـ مۆلۆتۆڤـ/Vyacheslav Molotov)  کە هەمیشە وەک ووتەبێژى ناپلێون دەردەکەوت، بەهۆى لێهاتووى لە قسەکردن کاریگەریى تەواوى هەبوو لە پەلکێشکردنى ئاژەڵەکان بە لاى ناپلیۆندا، هەمووکات بە هۆى بیانوویەکى رازیکەر شەرعیەتى بە هەنگاوە خراپەکانى ناپلیۆن دەدا، رۆلێکى گەورە بینى لە دروستکردنى گروپێکى تۆقێنەر لە سەگەکان، کە لە لایەن ناپلیۆنەوە بەکاردەهێنران بۆ سەرکوتکردنى ئەو ئاژەڵانەى ریگربوون لە بەردەم دەسەڵاتەکانى و یاخوود هەرەشە بوون بەسەر ئایندەى ریبەرایەتییەوە، سەگەکان وێنەى دەزگاى (کەى جى بى/KGB) ى روسیا بوون لەسەردەمى ستالیندا.سنۆبال بە هۆى پرپاگەندە و تۆمەت دروستکردنەوە وەک یەکەم رێگر لەبەردەم ناپلیۆن، بەهۆى هێرشى سەگەکانەوە دەرپەڕێندرا، کێڵگە بە تەواوى کەوتە ژێر کۆنترۆڵى ناپلیۆن، بۆ کپکردنى دەنگى نارازیى ئاژەڵەکان، چاندنى ترسەکان زیاتر بوون، کە تەنها خۆى لە گەرانەوەى مرۆڤـ نە دەبینیەوە بەڵکو گەرانەوەى سنۆباڵیشى هاتە سەر. ناپلیۆن رۆژ بە رۆژ زیاتر لەو بنەمایانە دووردەکەوتەوە کە ئایدۆلۆژیاى شۆرشى لەسەر بونیاتنرابوو، دروستکردنەوەى چینایەتى و کارکردنى لە رادەبەدەر بە ئاژەڵەکان و برسیکردنییان وە سەردەمى جۆنسن، بەکارهێنانى بەرهەمى ئاژەڵەکان لە پێناو خۆیدا، چەسپاندنى ئایدۆلۆژیایەک کە تەواو دووربوو لەوەى پێشتر، گۆرینى بنەماکان، لەوانە " چوار پێیەکان یەکسانن، دوو پێییەکان دوژمن" گۆڕا بۆ " چوار پێیەکان یەکسانن، بەڵام هەندێکیان زیاتر یەکسانن". ئاژەڵەکان بە ئاشکرا ئەو نەهامەتییانەیان دەبینى کە ناپلیۆن بەسەریدا دەسەپاندن، بەکارهێنانى پۆشاک و جلى خەوتنى جۆنس لە لایەن ناپلیۆنەوە ئاماژەیەکى ترسناک بوون لە رۆحى ناپلیۆنەوە، رەوشێکى واى دروستکرد کە ئاژەڵەکان بیر لە جێهێشتنى کێڵگە بکەنەوە، کە پەرتەوازەیى ویرانکارى کێڵگەى بەدواى خۆیدا هێنا.
بە تێگەیشتن لەم رۆمانە، دەگەین بەو راستییەى بەدەر لە بوونى رۆحێکى دیستۆپى، هۆشیارى تاک و کۆمه‌ڵگە لە دەست نیشانکردنى چەوتییەکانى دەسەڵات و بێدەنگ بوون لە ئاستیان هۆکارن لە خولقاندنى دیستۆپیا، دیستۆپیایەک کە کۆمەڵگا بەرەو لاوازى و هەڵدێر دەبات ژیان تا سنوورى بزربوون تەسک دەکاتەوە. رۆمانە دیستۆپییەکان مەبەستییان تەنها پێشاندانى نەهامتییەکان نییە، بەڵکو گەیاندنى وانەیەکى مێژووییە بە تاک و کۆمەڵگا، تا زیاتر هۆشیار و ئامادەبن لە ئاست هەموو ئەو هەنگاوە دیستۆپیانەى کە لە داهاتوو بەسەریاندا دەنرێت.