قوباد تاڵه‌بانی: دەمانەوێت پێكەوە بەجیاوازیەكانمانەوە لە كوردستانێكی ئارامدا بژین

کوردستان 20/09/2018



چاودێر: له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا قوباد تاڵه‌بانی سه‌رۆكی لیستی 105ی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان داوایكردوه‌ كار له‌سه‌ر دڕینی پۆسته‌رو فلێكسه‌كان نه‌كرێت.

راگەیەندراوێك بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

هەڵبژاردن، ئەرك و مافی هەموو هاووڵاتیەكە كە مافی دەنگدانی هەبێت، هەر كاندیدێكیش كە لەلایەن حیزبەكەیەوە پاڵێوراو بێت بۆی هەیە بەپێی یاساو رێنماییەكان، ریكلام بۆ خۆی یان لیستەكەی بكات. 

بەداخەوە چەند هاووڵاتیەك كە پێیانوایە خزمەتی حیزبەكەیان دەكەن، دەستیانكردوە بەدڕاندن یان شكاندنی پۆستەرو فلێكسی هەندێك كاندید. 

لێرەوە، داوا  لە ئەندامان و لایەنگرانی هەموو حیزبەكان دەكەم، رێز لە پۆستەر و فلێكسی كاندیدەكانی حیزبەكانی تر بگرن و دوور بكەونەوە لەهەر كارێك كە بانگەشەكەمان بەرەو نا ئارامی ببات. 

هەروەها بەتایبەت داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان دەكەم، هیچ رەدفعلێكی سلبییان نەبێت بەرامبەر بەپۆستەری هیچ كاندیدێكی لایەنێكی تری سیاسی وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ دڕاندن یان شكاندی پۆستەرەكانم. 

ئێمە بۆیە ئارامیمان هەڵبژاردوە وەكو دروشمی سەرەكیمان، چونكە دەمانەوێت پێكەوە بەجیاوازیەكانمانەوە لە كوردستانێكی ئارامدا بژین. خۆ سبەینێ بانگەشە تەواو دەبێت و لایەنەكان دووبارە لەمێزی گفتوگۆ یان لە هۆڵی پەرلەمان بەیەكەوە دادەنیشنەوە، بۆیە پێویست ناكات دۆخی كوردستان و بەتایبەت بانگەشەكەمان بەرەو دۆخێكی نائارامدا ببەین. 

لە پێناوی ئارامی، هەلی كار و خزمەت

براتان

قوباد تاڵەبانی

كاندیدی ژمارە ۱ی لیستی ١٠٥ی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان