نووسەری دوورەژاپۆن

ڕەخنەی چاودێر 19/09/2018

نووسەری دوورەژاپۆن
شەمال وەلی


هونەرمەندی مەلەوەر
کازۆئۆ ئیشیگورۆ
کە یەکێک لە نووسەرە هەرە باشە هاوچەرخەکانە، لە ساڵی ١٩٨٦ـدا، بۆ ڕۆمانی "هونەرمەندێک لە جیهانی مەلەوەر"ـەوە، خەڵاتی وایت‌بێردی بردەوە و لە ساڵی ١٩٨٩ـدا بۆ ڕۆمانی "بەجێماوی ڕۆژ" خەڵاتی بووکەری بردەوە. هەروەها ڕۆمانەکانی "کاتێک هەتیو بووم" و "هەرگیز بە جێم مەهێڵە" ناودێرکراوی خەڵاتی بووکەر بوون. لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، گۆڤاری تایمز، پەنجا نووسەری باشی بەریتانی، لە ١٩٤٥ـەوە دیاری کرد. نووسەری ژمارە ٣٢، کازۆئۆ ئیشیگورۆ بوو. هەروەها، ڕۆمانەکانی "بەجێماوی ڕۆژ" و "هەرگیز بە جێم مەهێڵە"ی ئەو کراون بە فیلمی سینەمایییش.
ڕۆمانەکانی ئیشیگورۆ، بە گشتی لە زمانی کەسی یەکەمەوە دەگێڕدرێنەوە و ڕاوی زۆربەی جار کەموکوڕیی کەسایەتیی هەیە. شێوازی ئیشیگورۆ بەم جۆرەیە کە دەرفەت بە ڕاوی بدات، بە درێژاییی چیرۆکەکە تایبەتمەندییەکان ئاشکرا بکات. خوێنەر لەگەڵ ڕاوییەکانی ئیشیگورۆدا هەست بە هاودەردی دەکات. لە ڕۆمانی "بەجێماوی ڕۆژ"دا کاک ستیونەر، پێشخزمەتچیی ماڵەکە، هەستەکانی خۆی بۆ کنێتن خانم دەرنابڕێت، چونکە توانای ئەوەی نییە، هاودەنگییەک لە نێوان ژیانی شەخسی و هەستە ئەرکناسی و خزمەتگوازییەکەیدا دروست بکات.

دوور لە ژاپۆن
چیرۆکەکانی گازۆئۆ ئیشیگورۆ بە گشتی بەبێ ئەنجامگیرییەکی دیاریکراون. گرفتەکانی بەردەم کەسایەتیی چیرۆکەکانی، لە ڕابردوودا نێژراون و چارەسەرنەکراو ماونەتەوە. لەبەر ئەوە ئیشیگورۆ ڕۆمانەکانی بە جۆرێک لە تەسلیمبوون و هەڵکردنێکی خەمئامێزانە کۆتایی پێ دەهێنێت. کەسایەتییەکانی ڕابردوو و هەنووکەی خۆیان قەبووڵ دەکەن و تێدەگەن ئەوە ئارامیان دەکاتەوە و پەرێشانییە زەینییەکەیان کۆتایی پێ دەهێنێت.
ئیشیگورۆ کە لە ژاپۆن لە دایک بووە، ناوێکی ژاپۆنییشی هەیە. بە واتای بەرد و ڕەش دێت. دوو ڕۆمانی یەکەمی ئەو لە ژاپۆندا ڕوو دەدەن، بەڵام خۆی لە گفتوگۆکانیدا زۆر جار جەختی لەوە کردووەتەوە، ئاشنایییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەدەبیاتی ژاپۆنیدا نییە و بەرهەمەکانی لە ئەدەبیاتی ژاپۆنی ناچن. ئیشیگورۆ لە چاوپێکەوتنێکدا، لە ١٩٩٠ـدا، دەڵێت: "ئەگەر ناوێکی خوازراوم هەڵبژاردایە و وێنەیەکیشم بهێنایە و وەکوو نووسەر کەڵکم لێ وەربگرتایە، ئەوا هیچ نووسەرێکی ژاپۆنیم بە خەیاڵدا نەدەهات." هەرچەند هێندێک لە نووسەرانی ژاپۆنی دووراودوور کاریگەریییان لەسەر بەرهەمەکانی هەیە، بەس ئەو خۆی دەڵێت فیلمسازانێکی وەک یاسۆجیرۆ ئۆزۆ و میکیۆ نارووسە کاریگەریان لەسەری هەیە.

دێوی نێژراو
هارووکی موراکامی لە بارەی ئیشیگورۆوە نووسیویەتی: "هەر یەک لە ڕۆمانەکانی ئیشیگورۆ هەنگاوێکی تازەیە. هەر جارێک ڕۆمانێکی تازەی چاپ بکرێت خۆم بە پەلە دەگەیەنمە کتێبخانەکان."
کازۆئۆ ئیشیگورۆ، نووسەری ئینگلیزی‌نووسی ژاپۆنی، خاوەنی ڕۆمانگەلێکی وەک، هەرگیز بە جێم مەهێڵە، بەجێماوی ڕۆژ و ئاخرین ڕۆمانیشی، دێوی نێژراوە. دواڕۆمانی ئەو چیرۆکێکی فانتازییە، بەڵام سەرەڕای بوونی دێو و پەری و تەمێکی نهێنیئامێز، ڕەوایەتەکە، بەرهەمێکی زەمینی، ئاشنا و واقیعگەرایانەیە. ئیشیگورۆ لە دێوی نێژراودا، شێوازی ڕەواییی واقیعگەرایانەی "بەجێماوی ڕۆژ" و زانستی-خەیاڵیی "هەرگیز بە جێم مەهێڵە"ی بە شێوازێکی وەستایانە ئاوێتە کردووە و جیهانێکی تازەی لێ خولقاندووە. لە "دێوی نێژراو"دا دوو کارەکتەر، ئەکسل و بێئاتریس، ژنومێردیکی پیرن کە بۆ دۆزینەوەی کوڕە ونبووەکەیان سەفەرێک دەست پێ دەکەن. ئەم سەفەرە لە بەریتانیای کۆندا ڕوو دەدات.

گردە کاڵەکان
سەبارەت بە میراتی ژاپۆنی و کاریگەرییەکەی لەسەر پەروەردەی ئەو، کازۆئۆ ئیشیگورۆ دەڵێت: "من بە تەواوی وەکوو ئینگلیزەکان نیم، چونکە دایکوباوکێکی ژاپۆنی لە ماڵێکی ژاپۆنی‌زماندا منیان گەورە کردووە. دایکوباوکم وای بۆ نەدەچوون کە قەرارە ماوەیەکی زۆر لە بەریتانیادا بمێنینەوە. ئەوان هەستیان بە بەرپرسیارێتی دەکرد کە دەبێت پەیوەندیی من لەگەڵ بەها ژاپۆنییەکاندا بهێڵنەوە. من پێشینەیەکی جیاوازم هەیە. بە جۆرێکی تر بیر دەکەمەوە و دیدگاکانم نەختێک لەگەڵ ئەوانی تردا جیاوازن." هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەخلاق، کەسایەتی و دیدگا، شتێک نیین کە دابەش بکرێن. ئەم پارچانە لێک جیا نابنەوە. دەبنە ئاوێتەیەکی هاوڕیتمی سەرنجڕاکێش. ئەمە شتێکە لە بەشی ئاخری ئەم سەدەیەدا، (سەدەی بیست) زۆرتر ڕەواجی پەیدا کردووە؛ مرۆڤگەلێک بە زەمینەی فەرهەنگیی جیاواز و پێشینەی ڕەگەزیی جیاوازەوە. دنیا خەریکە بەرەو ئەم ئاقارە ڕێ دەکات."

ئەو خەڵاتانەی کازۆئۆ ئیشیگورۆ وەری گرتوون:
خەڵاتی یادگاری وینفرید هۆلتبی، بۆ ڕۆمانی "دیمەنی کەمڕەنگی گردەکان"- ١٩٨٢
خەڵاتی وایت بێرد، بۆ ڕۆمانی "هونەرمەندێک لە جیهانی مەلەوەرەوە"- ١٩٨٦
خەڵاتی بووکەر، بۆ ڕۆمانی "بەجێماوی ڕۆژ"- ١٩٨٩
سوارچاکی ئەدەب و هونەری فەرەنسە/ ١٩٩٨
خەڵاتی نۆبێڵ/٢٠١٧

سیناریۆکانی:
خەمناکترین مۆسیقای دنیا/ ٢٠٠٣
کۆنتسی سپی/ ٢٠٠٥
کتێبی کورتەچیرۆکەکانی:
ئێوارەخوانی خێزانی/ ١٩٩٠
لادێکە پاش تاریکی/ ٢٠٠١
شەوانەکان/ پێنج چیرۆک دەربارەی مۆسیقا و شەو/ ٢٠٠٩





کازۆئۆ ئیشیگورۆ، لەدایکبووی ٨ـی نۆڤەمبەری ١٩٥٤ـە لە ناگازاکی. لە پێنجساڵییەوە خێزانەکەی هێناویانە بۆ بەریتانیا و لەوێ گەورە بووە و خوێندوویەتی.