بەشداریی یارییەكەی عیراق ناكات.. میسی جارێكی دیكە گەڕانەوەی بۆ ئەرجەنتین رەتكردەوە

وەرزش 19/09/2018


لیۆنێل میسی بۆ جاری دووەم رەتیكردەوە پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە بكات و بەپێچەوانەوە تەركیزی زیاتری دەخاتە سەر یارییەكانی داهاتووی بەرشەلۆنە.
سەرەتای مانگی داهاتوو خولە ناوخۆییەكانی ئەوروپا بەهۆی بەڕێوەچوونی یارییە دۆستانەوە دەوەستن و هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش دوو یاریی دۆستانە ئەنجامدەدات لە میانی پاڵەوانێتییە چوارینەكەی سعودیەدا.
بەپێی رۆژنامەكانی ئیسپانی لیۆنێل میسی لەهیچكام لەو دوو یارییەدا بەشداریی ناكات و دەیەوێت پشووی زیاتر وەربگرێت.
ئەرجەنتین لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكەی سعودیەدا دوو یاریی ئەنجامدەدات، یەكەمیان بەرامبەر سعودیە و دووەمیشیان بەرامبەر عیراق.
لیۆنێل میسی لەدوای مۆندیالی 2018ی روسیاوە بڕیاریدا بەشێوەیەكی كاتی واز لە یاریكردنی نێودەوڵەتی بهێنێت، سەرەتای ئەم مانگەش بەشداریی لەو دوو یارییە دۆستانەیەدا نەكرد كە بەرامبەر گواتیمالا و كۆڵۆمبیا ئەنجامیاندا.