ئەدەبیات شارەکان بە جیهان دەناسێنێت

ڕەخنەی چاودێر 18/09/2018

ڕه‌خنه‌ی چاودێر

بڵاوکراوەی ناشناڵ هەشت شاری ئەدەبیی جیهانی خستووەتە ڕوو، هەروەها شوێنە گرنگەکانی بۆ خوێنەران و گەشتیارانی ئەدەبیات باس کردوون، کە لێرەدا بە کورتی دەیانخەینە ڕوو.

پاریس، فەڕەنسا
فەڕەنسا لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین براوەکانی نۆبێڵی ئەدەبیاتی هەیە، هەروەها پاریس پایتەختی ئەو وڵاتە شوێنی لەدایکبوونی زۆرێک لە ئەدیبانی جیهانە. ماڵەکەی ڤیکتۆر هوگۆ، کە ئێستا یەکێک لە مۆزەخانەکانی ئەو شارەیە، لە گرنگترین ئەو شوێنانەیە پێویستە سەردانی بکەن، بۆ ئەوەی ئاشنای بەشێک لە ژیانی ئەو نووسەرە نێودارە ببن. کافێ پرۆکۆپیش کە کۆنترین کافێ پاریسییەکانە، سەردەمایەک شوێنی دانیشتنی ڕوسۆ، دیدرۆ و ڤۆڵتێر بوو. دەگوترێت مێزی تایبەتی ڤۆڵتێر لە نهۆمی دووەمی ئەم کافێیەدایە، کە وەک باس دەکرێت، ڤۆڵتێر ڕۆژانە دە کوپ ئێسپرێسۆی لەسەر خواردووەتەوە. هەروەها چوون بۆ کافێ دو فلۆر پێویستە، چونکە شوێنی ژان پۆل سارتەر، سیمۆن دوبوڤوار و ژاک پرێڤەر بووە.

ئەدنبێرگ، سکۆتلەندا
ئەم شارە کە نازناوی یەکەمین شاری ئەدەبیی جیهانی لە لایەن یوونیسکۆوە وەرگرتووە، لە ڕاستیدا پەناگەیەکە بۆ ئاشقانی کتێب. مایەی بێشانسییە ئەگەر تەماشاکردنی بینای سەمەرەی سکۆت، کە بە یادی واڵتەر سکۆتەوە دروست کراوە، لە دەست بدەن. سکۆت کە نووسەر و شاعیرێکی سکۆتلەندی بوو، مەزنترین بینای یادگاریی وەک نووسەرێکی ناوداری جیهانی بۆ دروست کراوە. هەروەتر لەم شارەدا دەتوانن سەردانی مۆزەخانەی نووسەرانی شاری ئەدنبێرگ بکەن.

بەرشەلۆنە، ئیسپانیا
شارێکی دووزمانەیە، کە بە فێستیڤاڵە ئەدەبییەکانی بەناوبانگە. ئەم شارە سەرچاوەی بەرهەمگەلێکی دانسقەی وەک «سێبەری بای»ـی زافۆن و «بژی کەتەلۆنیا»ـی جۆرج ئۆروێڵە. لە مانگی ئەپڕێڵدا بچن بۆ ئەم شارە و بڕوانن کە فێستیڤاڵی ڕۆمانتیک چۆنایییە، کاتێک کەتەلۆنییەکان و ڕۆمانییەکان گوڵ و کتێب پێکەوە دەگۆڕنەوە. هەروەها لە هۆتێل کانتینانتاڵیش ژوورێک بە کرێ بگرن، چونکە جۆرج ئۆروێڵ چەند بەشێکی سەرەتای ڕۆمانی «بژی کەتەلۆنیا»ـی لەوێ نووسیوە.

هۆنگ کۆنگ، چین
هۆنگ کۆنگ، زۆرترین ڕێژەی کتێبفرۆشییەکانی جیهان لەوێن. هۆتێل پەنینسێڤلا کە بە خانمی مەزنی ڕۆژهەڵات ناسراوە، خانەخوێی کەسایەتیگەلێکی ئەدەبیی وەک ئارسەر سی. کلارک و نۆئێل کاڤارد بووە. هەروەها سەردانی مۆزەخانەی میللیی هۆنگ کۆنگ بکەن تا لە بارەی جین یۆنگەوە بزانن، کە ناودارترین ڕۆماننووسی هاوچەرخی چینە.

قاهیرە، میسر
قاهیرە شاری لەدایکبوونی نەجیب مەحفووزە- تاقەنووسەرێکی عەرەب کە تاوەکوو ئێستا نۆبێڵی ئەدەبیاتی پێ بەخشرابێت. ئەو یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی «گاڵتەی چارەنووس»ـەوە دەربارەی میسری کۆن نووسی. پێویست بە گوتن ناکات کە سەردانی هەرەمەکان بکەن. ئاگاتا کریستی لە دەستپێکی ڕۆمانی «مەرگ لەسەر ڕووباری نیل»ـدا باس لە هەرەمی جیزە دەکات. هەروەها ئەو لە هۆتێل ماریۆتی قاهیرە سێ مانگ ماوەتەوە، ئەگەر نرخی ئەو هۆتێلە بۆ ئێوە گرانە، دەتوانن بچنە ناوچەی گاردن سیتی و لەوێ لە ئەپارتمانێکدا بمێننەوە، کە ئیلهامبەخشی عەلا ئەسوانی بووە بۆ نووسینی رۆمانی «باڵەخانەی یەعقووبییان».

تالین، ئیستۆنیا
تالین، پایتەختی ئیستۆنیا، شارێکە لە ساڵی ٢٠١١ـدا لە لایەن یوونیسکۆوە وەک پایتەختی کولتووریی ئەورووپا دەستنیشان کرا. بە شەقامە تەسک و پێچەڵپێچەکانی ناسراوە، کە لەسەر شێوەی سەدەکانی ناوەڕاستە. بەر لەوەی ئەم شارە بەجێ بهێڵن، بە دڵنیایی سەردانی کتێبخانەی خۆڕایی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تالین بکەن.

دبلن، ئیرلەندا
سێ لەو چوار نووسەرە ئیرلەندییەی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتیان وەرگرتووە، خەڵکی دبلنن. شارێکە لە ڕووی ئەدەبییەوە سەرنجڕاکێشیی خۆی هەیە و تەنانەت ئەگەر بە خێرایییش پێیدا تێپەڕ ببن، درک بەمە دەکەن. بۆ چوون بۆ کۆلێجی ترینیتی ئەو شانسەتان دەبێت کتێبی کیلز ببینن، کە گرنگترین نوسخەی خەتیی سەدەکانی ناوەڕاستە. بیرتان نەچێت، جیمس جۆیس خەڵکی ئەم شارە بوو.

سەن پترزبورگ، ڕووسیا
دووەمین شاری گەورەی ڕووسیا و پایتەختی ڕووشنبیریی ئەو وڵاتەیە، کە مێژووەکەی لەگەڵ مەزنترین شاعیران و نووسەرانی ڕووسیادا پێکپەیوەستە. مۆزەخانەی ئەپارتمانی دۆستۆیۆڤسکی شوێنێکە ئەم نووسەرە مەزنەی جیهان دواهەمین ساڵەکانی ژیانی تێدا بەسەر بردووە. ئەگەریش ئاشقی ڕۆمانی «لۆلیتا»ـن، سەردانی مۆزەخانەی نابۆکۆڤ بکەن، کە شوێنی گەڵاڵەکانی نووسەر و دەستنووسەکان و کۆکاری پەپوولە وشکەوەکراوەکانە. هەروەها بچنە کافێی ئەدەبیی پترزبورگ، کە پوشکین دواهەمین ژەمی لێ خواردووە.