پووختەی گوتاری ئیشیگورۆ بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل

ڕەخنەی چاودێر 18/09/2018

وەرگێڕانی: شەماڵ وەلی


کازۆئۆ ئیشیگورۆ، نووسەری ژاپۆنی-بەریتانی خەڵاتی نۆبێلی ٢٠١٧ـی وەرگرت و لەو بارەیەشەوە گوتارێکی دوورودرێژی خوێندەوە. ئەمەی دەیخوێننەوە پووختەی بەشێک لە وتەکانی ئەو نووسەرەیە لە ئەکادیمیای نۆبێل.

ئیشیگورۆ دەڵێت: «ئەگەر ئێوە لە پاییزی ساڵی ١٩٧٩ـدا لە تەنیشت منەوە بوونایە، ئەگەری هەبوو گومان لە پێگەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ڕەگەزیی من بکەن. ئەوکات ٢٤ ساڵ بووم. بە ڕواڵەت لە ژاپۆنی دەچووم، بەڵام بە پێچەوانەی پیاوانی ژاپۆنییەوە کە لەو ڕۆژگارەدا لە بەریتانیا دەبینران، من قژێکی درێژم تا سەر شانەکانم و سمێڵێکی وەکوو دزوجەردەکانم هەبوو. ئەوکات هەمیشە یان دەربارەی یاریزانە هۆڵەندییەکان بە نەرمی قسەمان دەکرد، یان دەربارەی تازەترین ئەلبوومی بۆب دیلان دەدواین.»

ئیشیگورۆ بەم جۆرە باسی سەرەتاکانی نووسینی دەکات: «لەو پاییزەدا، من بە کۆڵەپشتێک، گیتارێک و چاپنووسێکەوە گەیشتمە لادێیەکی بچووکی بەریتانیا، کە کۆنەئاسیاوێکی هەبوو. من چووم بۆ ئەوێ، چونکە بۆ گوزەراندنی خولێکی یەکساڵەی نووسینی داهێنەرانە لە زانکۆی ڕۆژهەڵاتی ئەنجلیا وەرگیرابووم. ئۆتۆمبیلم نەبوو، تەنیا ڕێگەی گەیشتن بە زانکۆ، پاس بوو، کە بەیانیان جارێک، نیوەڕۆیان جارێک و شەوانیش جارێک هاتوچۆی دەکرد. لە گوندەکەدا ژوورێکم لە ماڵێکی بچووکدا بە کرێ گرتبوو، هیی پیاوێک بوو کە ژنەکەی لێی جیا بووبووەوە. بێگومان ماڵەکە بۆ ئەو پڕ لە بیرەوەرییە وێرانبووەکانی بوو. زۆر بەر یەک نەدەکەوتین. دوای ئەو ژیانە خەمناکەی لە لەندەن هەمبوو، لێرەدا ڕووبەڕووی بێدەنگی و تەنیایییەکی نائاسایی بوومەوە، کە کردمی بە نووسەر.»

ئیشیگورۆ لە درێژەی نووسینەکەیدا باسی ئەو یەکەمین ژوورە دەکات کە تێیدا نووسیویەتی: «لە ڕاستیدا ژوورە بچووکەکەی من وەکوو هیی نووسەرە کلاسیکەکان نەبوو. سەقفێکی نزمی هەبوو، کە هەستی ترس لە فەزای داخراوی بە مرۆڤ دەبەخشی. ئەگەر لەسەر پەنجەکانی پێ وەستابام، لە پەنجەرەکەوە پانتایی کێڵگە کێڵدراوەکانم لە مەودای دوورەوە دەبینین. مێزێکی بچووکم هەبوو، کە چاپنووس و چراسەرمێزییەکەی لەسەر بوو. لەسەر زەوییەکە لە بری تەخت، فۆمێکی سەنعەتیی لاکێشەییی گەورە هەبوو، کە دەبووە هۆی ئەوەی تەنانەت لە شەوە زۆر ساردەکاندا عەرەق بکەیتەوە... لەو ژوورەدا بوو کە دوای نووسینی چەند چیرۆکێکی خراپ و دوای ئەوەی کە شانۆیەکی ڕادیۆییم لە بی‌بی‌سی ڕەت کرایەوە، لە پڕ هەستم کرد دوای ماوەیەک خەریکم دەربارەی شاری لەدایکبوونم ناگازاکی- لە ڕۆژگاری کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووەمدا- دەنووسم.»

ئیشیگورۆ و یەکەمین چیرۆکی: «کاتێک یەکەمین چیرۆکی ژاپۆنیم گەیاندە کۆتایی، بە تەواوی بوونمەوە هەستم کرد کەوتوومەتە سەر ڕەوتێکی تازە. پاش ئەوەی کەوتمە گومانەوە لە چیرۆکەکەم، دەستم کرد بەوەی نیشانی دەوروبەرەکەمی بدەم. ئەمڕۆکە دەبێ بەڕاستی سوپاسی کاردانەوە دڵگەرمەکانی هاوپۆلەکانم، مامۆستاکانم، مالکۆڵم برادبێری، ئەنجێلا کارتەر و ڕۆماننووس پۆلی بیلی بکەم. ئەگەر ئەوان بۆچوونێکی ئەرێنییان دەربارەی نووسینەکانم نەبوایە، بە ئەگەری زۆرەوە هەرگیز ئیتر سەبارەت بە ژاپۆن نەمدەنووسی. پاش ئەوە گەڕامەوە بۆ ژوورەکەم و نووسیم و نووسیم... بەبێ بەرگەگرتنی سەختییەکان، هەرگیز نەمدەتوانی ببمە نووسەر.»

ئیشیگورۆ لە یەکەمین ڕۆمانی دەدوێت: «بەهاری ١٩٨٣، من و لۆرنا- هاوسەرەکەم- لە لەندەن بووین و لە بەرزترین شوێنی شار کە لەسەر گردێک بوو نیشتەجێ بووین. مێزێکی گەورەمان هەبوو کە بە درێژاییی ڕۆژ لە سەری دەمنووسی و شەوان نانمان لەسەر دەخوارد. ژیانمان لەوێ خۆش بوو. من یەکەمین ڕۆمانمم ساڵی ڕابردوو بڵاو کردبووەوە، هەروەها سیناریۆکی کورتم نووسیبوو کە هەر زوو لە تەلەفزیۆنی بەریتانیا پەخش کرا... شانازیی بە یەکەمین ڕۆمانمەوە دەکەم، بەڵام لەو بەهارەدا هەستێکی ناڕازیبوون لە مندا بەدی هاتبوو. کێشەکە ئەمە بوو، یەکەمین ڕۆمان و یەکەمین سیناریۆم لە بابەتدا نا، بەڵکوو لە شێوە و پێکهاتەدا زۆر لە یەک دەچوون. هەرچەند زیاتر تەماشایم دەکرد، تێدەگەیشتم کە ڕۆمانەکەم زیاتر لە سیناریۆ دەچێت. ئارەزووی من ئەوە بوو ڕۆمانێک بنووسم تەنیا لەسەر کاخەز بە دروستی کار بکات. بۆچی دەبێت ڕۆمانێک بنووسین کەسێک بتوانێت بە نمایشکردنی بە هەمان ئەو ئەنجامانە بگات؟ چۆن دەتوانین بڵێین چیرۆک دەتوانێت لە بەرامبەر قودرەتی سینەما و تەلەفزیۆندا زیندوو بمێنێتەوە ئەگەر شتێکی تایبەت بە خۆی نەبێت، کە ئەوانی تر نەتوانن پێی بگەن؟»

ئیشیگورۆ لە کۆتاییی نووسینەکەیدا دەڵێت: «سوپاس بۆ ئەکادیمیای سویدی و خەڵکی سوید، کە بە درێژاییی ساڵان، خەڵاتی نۆبێلیان کردووە بە سیمبولێکی درەوشاوە بۆ (خێر)ێک کە ئێمەی مرۆڤەکان هەوڵی بۆ دەدەین.»