جیهان لە باوەشی کتێبدا

ڕەخنەی چاودێر 17/09/2018

شلێر ڕەشید

نووسین بە شێوەیەک لە شێوەکان ئاوێنەی ڕووداوەکانی ژیانە، ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە یان ڕوو دەدەن، هەروەها ڕێگەیەکە بۆ گرێدانەوەی دوێنێمان بەمڕۆوە و ئەمڕۆمان بە سبەینێوە. هەر کۆمەڵگەیەکیش درکی بە گرنگی کتێب و نووسین کردبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە توانیویەتی ڕۆشنتر بڕوانێتە مێژووی خۆی و داهاتووشی ڕۆشنتر دەرکەوێت. هەر زمانێکیش خۆی نەنووسیبێتەوە وەک لە مێژوودا دەردەکەوێت هەلی مانەوەی لە دەست داوە، وەک لە زانست و مێژووی زمانناسیدا دەیبینین کە چەندین زمان بە یەکجاری سڕاونەتەوە و هیچ شوێنەوارێکیشیان نەماوەتەوە.
کۆمەڵەگەی زیندوو بە چاوێکی گرنگەوە دەڕوانێتە کتێب و نووسین و هەمیشە وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ چوونە پێشەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە و تاکەکانی دەیناسێنێ و لەم سۆنگەیەوە کارئاسانی گەورە دەکات بۆ دەست ڕاگەشتن بە دونیای کتێب و نووسین.
***
جگە لەو ئیحساساتە خودیانەی هەمانە لەگەڵ نووسیندا بە تایبەت لە بواری ژانرە ئەدەبییەکاندا کە لە مێژووی کۆن و نوێدا بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ئینسان، نووسین بۆ خۆی گواستنەوەی زانیاری و زانینە جۆراوجۆرەکان بووە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بۆ سەردەمی ئێستامان. لەم ڕێیەوە لە شارستانییەکانی پێش خۆمان گەیشتووین و زانیاریمان پەیدا کردووە لە چۆنیەتی ژیان و خەون و ئارەزو و دونیابینی و شەڕەکانیشیان. نووسین جگە لە ڕۆڵە مێژووییەکەی کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بەسەر زەینی کۆمەڵگەوە و دەسەڵات و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و دەتوانن لەو ڕێیەوە ئاراستەکانی کۆمەڵگە بگۆڕن بە ئاڕاستە جیاوازەکاندا.
لە پەیوەست بە مێژووی دووری خۆشمانەوە وەک کورد جگە لەو نووسینانەی ڕۆژهەڵاتناسەکان بۆ ناسینی بەشێک لە مێژوومان، دەگەڕێینەوە سەر شەرەفخانی بەدلیسی و ئەحمەدی خانی و... ئەگەر ئەم نووسینانە دەربکرێت لە مێژومان دەبینین چ کەلێنكی گەورە ڕوو دەدات لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆماندا.
خوێندنەوە هێزی تەرکیزکرنت بەهێز دەکات و چالاکی بە مێشک دەکات و دەبێتە هۆی زیادکردنی بیری شیکارکاری و دانی خۆشییەکی بە خۆڕایی بە مێشک و جەستە، پێویستە نووسین و خوێندنەوە پەیامێکی ئینسانی بگەیەنێت و لەو ئەزموونی گەڕانەدا فێری جۆرەها شت ببیت لە جۆرەها لایەنی جیاجیاوە.


لە نێوەندی خوێندنەوەدا بە نێو شتگەلێکی نوێدا تێدەپەڕیت، زانیاری نوێت دەست دەکەوێت، ڕێگەیەکی نوێ فێر دەبیت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زیاتر تێگەیشتن لە دنیا بە شێوەیەکی جیاواز، خوێندنەوەی کتێبی باش درووستکردنی پەیژەیەکی پتەو و بەهێزە بۆ سەرکەوتن بەرەو سەرەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانت.

وەرگێڕانیش لە ڕووی گرنگییەوە هیچی کەمتر نییە لە نووسینی لۆکاڵ ئەگەر زیاتریش نەبێت، چونکە بۆ خۆی کردنەوەی دەرگای جیاوازە بەسەر کۆمەڵگەدا، دەست ڕاگەشتنە بە ئەزموون و زانیاری نوێ. لە وەرگێڕانیشدا پێویستە بزانین دەست بۆ چ کتێبگەلێک دەبرێت بە تایبەت لە بواری ئەدەب و سیاسەتدا. ئەو بابەتەی کە وەری دەگێڕیت پێویستە پەیامێکی ئینسانی بگەیەنێت، ڕۆڵی  ژن و پیاوی تێکۆشەری تێدا بەرجەستە بێت کە بە ڕوح جەنگابن یان بجەنگن بۆ داکۆکی لە ئازادی و یەکسانی و مرۆڤایەتی دوور لە هەر بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی، دوور لە دەرخستنی ڕۆڵی زەلیلی دایکان و کچان و گریان و پاڕانەوە، ڕۆڵی کچ و ژن قارەمانانە دەربکەوێت وەکو ژنانی گەریلای ئەمڕۆ.

ڕۆڵی ژن و میهرەبانییەکانیان نیشان بدرێت، وەکو مامۆستای فێرکەر و دکتۆری چارەسەرکەر و نووسەری بەخشندەی زانست نیشان بدرێت. جگە لەوەی کە کتێب سوودبەخشە لە هەمان کاتدا کتێب هەیە کاتت بە فیڕۆ ئەدات و زیانبەخشەو فریودەرە، توشی لادانت دەکات و دەبێتە هۆی گەوجاندنی کۆمەڵگە، پێویستە خۆمان دوور بگرین لە خوێندنەوە و وەرگێڕانی ئەو جۆرە کتێبانە.
برتولت برێشت سەبارەت بە گرنگی نووسین دەڵێت: "چۆن"نووسین دەتوانێت ئاوەدانی بێنێت ئاواش دەتوانێت وێرانی لەگەڵ خۆیدا بێنێت."
برێشت دەڵێت: "نووسەرەکان ناتوانن بە پەلە بنووسن، چونکە دەسەڵاتەکان شەڕی پێ هەڵدەگیرسێنن،
 بۆیە نووسین بیرکردنەوەی زیاتری دەوێت."