ئەو پیاوەی دەڵێت : کتێب نامرێت ئومبێرتۆ ئێکۆ یە

ڕەخنەی چاودێر 17/09/2018

کتێب نامرێت
گفتوگۆ لەگەڵ ئومبێرتۆ ئیکۆ
لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ

کتێب وەکو کەوچک، چەکوش، چەرخ یان مقەست وایە: جارێک لە جاران ئەم شتانە دۆزرانەوە، شتێکی لەوە باشتر ناکرێت


ئەم گفتوگۆیەی ئیکۆ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێبەوە ئەنجام دراوە.

 
ژان- کلود کاریر: لە کاتی کۆڕبەندی ئابووریی لە داڤۆس لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئەو ڕووداوانەیان لە ئایندەناسێک پرسی، کە بە بۆچوونی ئەو لە ماوەی پانزە ساڵی داهاتوودا مرۆڤایەتی دەهەژێنن، وتی، بە دڵنیاییەوە تەنیا چوار شتی بنەمایی پێشبینی دەکرێت. یەکەمیان نەوتە کە نرخی هەر بۆشکەی دەگاتە ٥٠٠ دۆلار. دووەمیان پەیوەندی بە ئاوەوە هەیە، کە خەریکە ببێتە شمەکێکی بازرگانیی وەکو نەوت: ئەمجا نرخی بۆرسە بۆ ئاو دێتە ئاراوە. سێیەمین پێشبینی ئەوە بوو، ئەفریقا لە دەیەی داهاتوودا دەبێتە هێزێکی ئابووریی، کە هەموو بە ئاواتی دەخوازن. چوارەم ڕووداو بە گوێرەی ئەم پەیامبەرە نەمانی کتێبە. کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە، کە فەوتانی یەکجارەکی کتێب، ئەگەر بە ڕاستی ڕوو بدات، بۆ مرۆڤ بۆ نموونە ئەنجامی هاوشێوەی دەبێت وەکو کەمبوونەوەی ئاو کە بە ئامانج گیراوە یان نەوت کە مرۆڤ دەستی پێی ناگات.
ئومبێرتۆ ئێکۆ: کتێب دەفەوتێت لە بەر ئەوەی ئینتەرنێت هاتۆتە ئاراوە؟ زیاتر لە بیست ساڵ پێش ئێستا لە بارەی ئەم تێمایەوە نووسیم، کاتێ ئەم پرسیارە یەکەمجار سەری هەڵدا و بە ڕاستی گرنگ دەرکەوت. لەو کاتەوە کە داوام لێ دەکرێت قسەی لە بارەوە بکەم دەتوانم هەمیشە و دووبارە هەمان شت بڵێمەوە. کەس هەست بەوە ناکات، پێش هەموو شتێک، لە بەر ئەوەی هیچ شتێک وەکو شتێکی بڵاوکراوە ئامادە نییە، بەڵام، لە بەر ئەوەیش کە ڕای گشتیش (یان بە لای کەمەوە ڕۆژنامەوانەکان) هەمیشە ئەو بیرۆکە چەسپاوەیان هەیە، کە کتێب دەفەوتێت (یان ڕۆژنامەوانەکان لەو بڕوایەدان، کە خوێنەرەکانیان ئەو بیرۆکە چەسپاوەیان هەیە) و بەم جۆرە پەیدەرپەی هەمیشە هەمان پرسیار دەکەنەوە.
لە ڕاستیدا دەتوانرێت زۆرکەم لە بارەی ئەم تێمایەوە بوترێت. لە ڕێی ئینتەرنێتەوە گەڕاوینەتەوە بۆ قۆناغی ئەلفبا. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لەو بڕوایەدا بووین، کە چووینەتە ناو کەلتورێکی وێنەوە، ئەوا کۆمپیوتەر دەمانگێڕێتەوە بۆ چاخی گوتنبێرگ و ئەمڕۆ هەموو کەسێک خۆی ناچار دەبینێت بخوێنێتەوە. بۆ خوێندنەوە مرۆڤ پێویستی بە زانیارییهەڵگر(میمۆری)ە. کۆمپیوتەر بە تەنیا ناتوانێت ئەم هەڵگرە بێت. دوو سەعات لە سەر کۆمپیوتەرێک دابنیشن و ڕۆمانێک بخوێننەوە چاوتان وەکو تۆپی تێنسی لێ دێت. من لە ماڵەوە چاویلکەیەکی  پۆلارۆیدم هەیە، بۆ ئەوەی چاوم لە ئەنجامە زیانبەخشەکانی خوێندنەوەی درێژ لە سەر شاشە بپارێزم. جگە لەوە کۆمپیوتەر پشت بە تەوژمی کارەبا دەبەستێت، واتە مرۆڤ ناتوانێت لە ناو بانیۆ بخوێنێتەوە و ناتوانێت لە جێخەودا لە سەر لا پاڵبکەوێت و بخوێنێتەوە. کتێب زۆر نەرمتر خۆی پیشان دەدات.
   یان ئەمە – یان ئەوە: یان کتێب هەڵگری مادیی خوێندنەوە دەمێنێتەوە، یان شتێک دەبێت، هاوشێوەی ئەوە بێت، کە کتێب لەوەتەی هەیە بەو جۆرە بووە، پێش دۆزینەوەی چاپکردنی کتێبیش. پەرەسەندنەکانی بابەتی کتێب زیاتر لە پێنج سەت ساڵ توانیویەتی نە لە وەزیفەی نە شێوەکانی بەکارهێنانی شتێکی بنەمایی بگۆڕێت. کتێب وەکو کەوچک، چەکوش، چەرخ یان مقەست وایە: جارێک لە جاران ئەم شتانە دۆزرانەوە، شتێکی لەوە باشتر ناکرێت. کەوچک هیچ شتێکی باشتر ناکرێت. دیزاینەرەکان هەوڵ دەدەن تەپەدۆرهەڵکێش باشتر بکەن، بە سەرکەوتنی کەمەوە و زۆربەی ئەم شتانە ئیش ناکەن. فیلیب ستارک لە مەکینەی شەربەتدا هەوڵێکی نوێی دا، بەڵام لە بەر ئەوەی ویستی شێوەی ئیستاتیکی بپارێزێت، ئامێرەکەی پێشدەزگای نییە، بۆ ئەوەی نەیەڵێت ناوکەکان بچنە خوارەوە. کتێب لە چەند لایەنەوە خۆی سەلماندووە و ئەوە دیار نییە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بۆ هەمان مەبەست شتێکی لە کتێب خۆی باشتر بخوڵقێنێت. ڕەنگ بێت لە بەشەکانیدا پەرەی پێ بدرێت، ڕەنگ بێت پەڕەکانی ئیتر کاغەز نەبن. بەڵام بەو جۆرە دەمێنێتەوە کە هەیە.

ژا- کلود کاریر: من وام بۆ دەردەکەوێت، لە تازەترین دەرکەوتیدا کتێبی ئەلکترۆنی دەبێتە کێبەرکێکەری ڕاستەوخۆی کتێبی چاپکراو. مۆدێلی «ڕیدەر» توانای خەزنکردنی ١٦٠ کتێبی هەیە.
ئومبێرتۆ ئێکۆ: بێگومان بۆ داواکارێکی گشتیی ئاسانترە ٢٥٠٠٠ پەڕەکاغەزی دادگاییەک لە کتێبێکی ئەلکترۆنیدا لە گەڵ خۆی بۆ ماڵەوە بباتەوە. لە زۆر بواردا کتێبی ئەلکترۆنی بۆ بەکار‌هێنەر ناوازە سوودی هەیە. بەڵام وەکو پێشووتر من لە خۆم دەپرسم، ئایا لە کاتی داواکارییەکانی خوێندنەوە تەکنەلۆژیای باش گونجێنراو بە ڕاستی بەسوودە، شەڕ و ئاشتی لە سەر کتێبێکی ئەلکترۆنی بخوێنرێتەوە. با ببینین. بە هەر حاڵ هەر زوو ئیتر ناتوانین تۆڵستۆی و هەموو ئەوانی تر لە سەر کاغەزی چاپکراو بخوێنینەوە، سووک و سانا لە بەر ئەوەی لە کتێبخانەکانماندا دەستیان بە داڕزان کردووە. کتێبەکانی ساڵەکانی پەنجاکانی گالیمار و ڤرین تا ڕادەیەکی زۆر داڕزاون. فەلسەفەی چاخەکانی ناوەڕاستی ئێتیەن گیلسۆن، کە ئەو کاتەی خەریکی ئامادەکردنی دکتۆرانامەکەم بووم زۆر بە سوود بوو، ئەمڕۆ ناتوانم بیگرمە دەستەوە. لاپەڕەکان بە مانای وشە هەڵدەوەرێن. بێگومان دەتوانم چاپێکی نوێی بکڕم، بەڵام هێندە وابەستەی چاپە کۆنەکەم بە هەموو تێبینی قەراغەکان بە ڕەنگی جیاواز، کە خوێندنەوە جیاوازەکانم ڕەنگ پێدەدەنەوە.

ژا – فیلیپ دو تۆناک: ئەگەر هەمیشە زانیارییهەڵگری نوێ پەرەی پێ بدرێت، کە لە گەڵ پێویستییە جیاوازەکاندا، جا ئەگەر لە بەر هاوپەیوەندیی سەرچاوە بێت یان لە بەر خوێندنەوەی ڕۆمانی ئۆنلاین، هەمیشە باشتر دەگونجێن، بۆچی دەبێت مرۆڤ لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا نەتوانێت وێنای ئەوە بکات، کە خۆشەویستیی بۆ بابەتی کتێب لە شێوە نەریتییەکەیدا بەکاوەخۆ وندەبێت؟
ئومبێرتۆ ئێکۆ: هەموو شتێک شیاوە. کتێب دەتوانێت سبەی تەنیا بۆ عاشقانی کتێب کە ڕای خۆیان ناگۆڕن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن گرنگ بێت، کە کونجکۆڵیی ڕوو لە ڕابردوویان لە مۆزەخانە و کتێبخانەکان دابین بکەن.

ژا – فیلیپ دو تۆناک
: ئەگەر کتێب مابێت.
ئومبیرتۆ ئێکۆ: بەڵام بە هەمان شێوە مرۆڤ دەتوانێت وێنای ئەوە بکات، ئەم دۆزینەوە نایابە، کە ئینتەرنێتە نەمێنێت. ڕێک وەکو باڵۆن، کە لە ئاسمانەکەمان ونبوو. کاتێ ماوەیەکی کەمی پێش جەنگ هندنبورگ لە ئەمەریکا ئاگری تێبەر بوو، ئەمە لەناوچوونی باڵۆنی گەیاند. ئەمە بۆ کۆنکۆردیش ڕاستە: بەدبەختیی گۆنێس لە ساڵی ٢٠٠٠دا بووە کارەسات. لە گەڵ ئەوەشدا ئەم چیرۆکە مایەی سەرنجە. مرۆڤ فڕۆکەیەک دەدۆزێتەوە، کە بۆ پەڕینەوە لە ئەتڵەنتیک لە جیاتی هەشت سەعات تەنیا سێ سەعاتی پێویستە. کێ ویستی نکوڵی لەوە بکات، کە ئەمە پێشکەوتنێکی مەزنە؟ بەڵام دوای کارەساتی گۆنێس مرۆڤ دەستبەرداری ئەو ئەرگومێنتە بوو، کۆنکۆرد زۆر گرانە. ئایا ئەمە هۆکارێکی جدییە؟ بۆمبی ئەتۆمیش زۆر گرانە!

ژا – فیلیپ دو تۆناک: دەمەوێ لەم بارەیەوە گوزارشتێکی هێرمان هێسە ئیقتباس بکەم، ڕەنگ بێت هی سەرەتای ساڵەکانی پەنجاکان بێت. لەوێدا لە بارەی ئەگەری «بەها بەخشینەوە» بە کتێب دەڵێت، کە لە ڕێی پەرەسەندنی تەکنیکییەوە دێتە ئاراوە: «[...] لە گەڵ بەسەرچوونی کاتدا هەتا زیاتر پێویستیی دیاریکراوی سەرگەرمکردن و پێویستیی فێرکردنی دیاریکراوی گەلیی بتوانن لە ڕێی دۆزینەوەی ترەوە ڕایی بکرێن، ئەوەندە زیاتر کتێب شکۆ و سەروەریی وە دەست دەهێنێتەوە. [...] ئێمە هێشتا بە تەواوی بەو خاڵە نەگەیشتووینە، کە دۆزینەوە تازە کێبەرکێکەرەکانی وەکو ڕادیۆ، فلیم و هەتا دوایی ئەو بەشە لە وەزیفەی کتێبی چاپکراو بگرنە ئەستۆ، کە بۆی بەداخەوە بین.»
ژا- کلود کاریر: لەم گۆشەنیگایەوەبە هەڵەدا نەچووە. سینەما، ڕادیۆ و تەنانەت تەلەفزیۆن هیچیان لە کتێب نەبردووە، «کە بۆی بە داخەوە بین.»

ئومبێرتۆ ئێکۆ: مرۆڤ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مێژوودا نووسینی دۆزییەوە، دەتوانرێ وەکو درێژکردنەوەی دەست لە نووسین بڕوانرێ و لەم تێگەیشتنەوە نزیکە بایۆلۆژییە. تەکنەلۆژیایەکی ڕاستەوخۆ بە جەستەوە بەستراوە. کاتێ مرۆڤ شتێکی لەو جۆرەی دۆزییەوە، ئیتر ناتوانێت دەستبەرداری ببێت. جارێکی تریش: ئەمە دۆزینەوەی چەرخە. چەرخەکانی ئەمڕۆمان بە هەمان شێوە چەرخی پێش مێژوون. لە کاتێکدا دۆزینەوە مۆدێرنەکانمان – سینەما، ڕادیۆ، ئینتەرنێت – بایۆلۆژی نین.

ژا- کلود کاریر:
ئێوە ڕاست دەکەن کە جەخد لەوە دەکەن: هەرگیز پێویستی نەکردووە مرۆڤ هێندە بنووسێت و بخوێنێتەوە وەکو لەم سەردەمەماندا. مرۆڤ ناتوانێت کومپیوتەر بەکار بهێنێت، ئەگەر نەتوانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە. تەنانەت بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر لە جاران، لە بەر ئەوەی نیشانەی نوێ، کۆدی نوێیان هاتۆتە سەر. ئەلفوبێمان فراوانتر بووە. فێربوونی خوێندنەوە هەمیشە سەختتر دەبێت. گەڕانەوەی زارێتی بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەگەر کۆمپیوتەر ڕاستەوخۆ ئیش لەوەدا بکات کە دەیڵێین. بەڵام ئەمە پرسیارێکی تر دەهێنێتە ئاراوە: ئایا ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت بنووسێتو بخوێنێتەوە دەتوانێت باش گوزارشت بکات؟

ئومبێرتۆ ئێکۆ: بێگومان هۆمیرۆس دەیوت: بەڵێ.

ژا- کلود کاریر: بەڵام هۆمیرۆس سەر بە وەچەی زارەکییە. زانیاریی و مەعریفەکەی لە ڕێی ئەم نەریتەوە وە دەست هێناوە، لە کاتێکدا هێشتا هیچی نووسراو لە یۆنان نەبوو. مرۆڤ دەتوانێت ئەمڕۆ وێنای نووسەرێک بکات، کە ڕۆمانەکەی دەڵێت و کەسێک بۆی دەنووسێتەوە، بە بێ وەزیفەی نێوەندکاری نووسراوەکە و کە هیچ لە بارەی ئەدەبی پێش خۆیەوە نەزانێت؟ ڕەنگ بێت کارە ئەدەبییەکەی دڵڕفێنیی ساویلکەی هەبێت، دڵڕفێنیی دۆزینەوە، دڵڕفێنیی بڕوانەکردەنی. بەڵام من وام بۆ دەردەکەوێت، شتێکی کەمە، شتێک کە ئێمە لە بەر نەبوونی وتەزایەکی تر پێی دەڵێین کەلتوور. ڕامبۆ کوڕێکی گەنجی بەهرەمەندی نایاب بوو، دانەری شیعری بێهاوتا بوو. بەڵام ئەوە نەبوو کە مرۆڤ ئەوتۆدیداکتی پێ دەڵێت. بە شانزە ساڵی پەروەردەیەکی تۆکمەی کلاسیکی هەبوو. دەیتوانی شیعری لاتینی بنووسێت.