گەریلایەکی بەریتانی یەپەگە حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت

جیهان 16/09/2018


چاودێر

هاوڵاتییەكی بەڕیتانی، كە لە رابردوودا گەریلای یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بووە لە رۆژئاوای كوردستان، لە توركیا بە حەوت ساڵ زیندانیكردن سزا درا.
دادگای شاری ئایدن لە توركیا، جۆ رۆبنسۆن، شەڕكەری پێشووی یەپەگەی بە ئەندامبون لە رێكخراوێكی تیرۆریستی تۆمەتبار كرد و سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاند.
جۆ رۆبنسۆن هاوڵاتییەكی تەمەن 25 ساڵی بەڕیتانییە. لە ساڵی 2012 خزمەتی سەربازیی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان ئەنجام داوە و لە ساڵی 2015 چۆتە رۆژئاوای كوردستان و لە بەشی فریاگوزاریی یەپەگە بەشداری شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی كردووە.
جۆ رۆبنسۆن لە ساڵی 2017 لە توركیا دەستگیر كرا، دوای ئەوەی وێنەیەكی خۆی بەجلی سەربازی یەپەگە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردەوە، بەڵام بە كەفالەت ئازاد كرا و لە دانیشتنەكەی دادگا بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە ئامادە نەبوو.