ئەمریكا لە سوریا ناكێشێتەوە

جیهان 16/09/2018


راپۆرتی چاودێر-ئاژانسەكان
بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە بە رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی ئەمریكییان راگەیاندووە كە پاڵنەری سەرەكی ئەو سیاسەتە ئەوەیە ئەوان گومانیان هەیە لەوەی رووسیا بتوانێ یان بیەوێ لە دەركردنی ئێران لە سوریا هاوكاریی كۆشكی سپی بكات. رووسیا و ئێران دوو هاوپەیمانی سەرەكیی رژێمی سوریان و هۆكاری سەرەكیش بوون بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا، بتوانێ لەسەر كورسی دەسەڵات بمێنێتەوە.
بەپێی دواهەمین ئاماری فەرمی، نزیكەی 2200 سەربازی ئەمریكی لە سوریا ئامادەییان هەیە.
جەیمز جێفری، نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا، لەبارەی پلانە نوێیەكەوە بە (واشنتن پۆست)ی راگەیاند: "بەگوێرەی سیاسەتە نوێیەكەمان، چیدی كار بۆ ئەوە ناكەین تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ هێزەكانمان لە سوریا بكشێنینەوە".
نزیكەی 2200 سەربازی ئەمریكی لە سوریان كە زۆربەیان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) جێگیرن. جێفری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ئامانج لە مانەوەی هێزە ئەمریكییەكان ئەوەیە دڵنیا بن لەوەی ئێران خاكی سوریا جێدە‌هێڵێ و داعشیش بە شێوەیەكی یەكجارەكی تێكدەشكێنرێ.
جێفری كە ساڵانێكی زۆر لە عێراق و توركیا باڵیۆز بووە، بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی گوت كە ئەم پلانە نوێیە بەو مانایە دێ "ئەمریكا پەلەی نییە لە دەرچوون لە سوریا". سەبارەت بە هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر بە پلانەكە، وتی: "دڵنیام سەرۆك ئاگای لەمە هەیە".
نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوە بۆ كاروباری سوریا ئامادە نەبوو باسی پلانە سەربازییەكانی ئەمریكا لە سوریا بكات، بەڵام جەختی لەوە كردەوە كە "هەڵمەتێكی دیپلۆماتیك"ی گەورە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و شوێنەكانی دیكە دەستپێدەكەن، هەروەها ئامرازە ئابوورییەكانیش، لەوانەش سزای ئابووری لەسەر ئێران و روسیا بەكاردەهێنن.
لە چوار ساڵی یەكەمی شەڕی نێوخۆی سوریادا سیاسەتی ئەمریكا، ئەوروپا و وڵاتانی كەنداو لادانی ئەسەد بوو لە دەسەڵات، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا ئەو سیاسەتە بەكردەوە كۆتایی هاتووە. جێفری لەوبارەیەوە گوتی: "سیاسەتی ئەمریكا ئەوە نییە ئەسەد دەبێ بڕوات. راستە ئەسەد هیچ داهاتوویەكی نییە، بەڵام ئەوە كاری ئێمە نییە لە كۆڵی بكەینەوە". ئەگەرچی ئیدارەی ئەمریكا ناتوانێ وەكو سەركردەیەك سەیری ئەسەد بكات كە "لەگەڵ داواكارییەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێتەوە". واتە سەركردەیەك كە "هەڕەشە لە دراوسێكانی نەكات، دەستدرێژی نەكاتە سەر هاوڵاتیانی خۆی و رێگە نەدات چەكی كیمیای بەكاربهێنرێ و نەهێڵێ وڵاتەكەی ببێ بە پلاتفۆرمی ئێران".
هەردوو ئیدارەی ئێستا و پێشووی ئەمریكا بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە هیچ سیاسەتێكی هەمەلایەنەیان بۆ قەیرانی سوریا نەبووە، هەر ئەمەش هۆكاری درێژەكێشانی شەڕەكە، فراوانبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە سوریا و سەرهەڵدانی گروپە سەلەفییە جیهادییەكان بووە. جەیمز جێفری یەكێك لەوانە بووە كە دژی كشانەوەی دەمودەستی هێزەكانی ئەمریكا بووە لە سوریا. رەنگە یەكەم تاقیكردنەوە بۆ جێفری و ئیدارەی ئەمریكی، ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی لایەنگری بەشار ئەسەد بۆ سەر ئدلیب بێ. دیپلۆماتە ئەمریكییەكە پێشتر هۆشداری دابوو كە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هێزەكانی لایەنگری حكومەتەوە هەیە. جێفری لەو بارەیەوە بە رۆژنامە ئەمریكییەكەی وت :"ئێمە دەستمان بە بەكارهێنانی زمانێكی نوێ كردووە". جەختی لەوەش كردەوە كە ئەمریكا لەو جۆرە هێرشە خۆش نابێ.
ئیدارەی ترەمپ دووجار بژارەی موشەك بارانكردنی بنكە سەربازی و ئاسمانییەكانی رژێمی سوریای هەڵبژاردووە، دوای ئەوەی حكومەتی سوریا چەكی كیمیایی بەكارهێنا. جێفری هۆشداری دەدا كە "ئەگەر چەكی كیمیایی بەكاربهێنن، یان لێشاوی كۆچبەران دروست بكەن و هێرش بكەنە سەر هاووڵاتیانی بێگوناهی مەدەنی، ئەوە ئێمەش هەڵوێستی خۆمان دەگۆڕین و ئامرازەكانمان بەكاردەهێنین، بۆ ئەوەی روونی بكەینەوە ئێمەش رێگەی خۆمان هەیە بۆ ئەوەی بە ئامانجەكانمان بكەین و چاومان لە دەستی روسەكان نییە".
رۆژی شەممەی رابردوو، ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد، سوپاسالاری هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا، سەبارەت بە كاردانەوەی وڵاتەكەی بەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیایی وتی :"سەرۆك چاوەڕێ دەكات ئێمە بژارەی سەربازیمان هەبێ و لەبارەی ئەو بژارە سەربازییانەش زانیاری نوێی پێدەدەین".
نەمانی داعش و گەڕانەوەی ناوچەیەكی زۆر بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا و هاوپەیمانەكانی قۆناغێكی نوێی لە سوریا هێناوەتە ئاراوە كە تێیدا رەهەندە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانی كێشەكە تۆختر دەبنەوە. ئێستا سوریا بە كردەوە گۆڕەپانی ململانێی روسیا، ئەمریكا، ئێران، ئیسرائیل و توركیایە. جەیمز جێفری پێیوایە "ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە ئەركی سەرەتایی خۆیان جێبەجێكردووە، بەڵام هیچیان بە دۆخی ئێستای سوریا دڵخۆش نین".

رۆژی هەینی رابردوو، هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی تەنف، لەسەر سنووری عێراق و سوریا و نزیك لە ئوردن، راهێنانێكی بەرەنگاربوونەوەی هێرشی ئاسمانی و مووشەكییان كرد. هێزەكانی ئەمریكا ناوچەیەك بە درێژایی 56 كیلۆمەتریان لە نزیك تەنەف دابڕاندووە و بە ناوچەی ئارام لە قەڵەمی دەدەن.
ئێرڵ براون، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەمریكا بەدوای شەڕ لەگەڵ روسیا یان حكومەتی سوریادا ناگەڕێ، بەڵام "ئەمریكا بێ دوو دڵی هێزی پێویست و گونجاو بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانی خۆی و هاوپەیمانان و هاوبەشەكانی بەكاردەهێنێ".