کوردستان

قوباد تاڵه‌بانی: خۆشەویستی بۆ سلێمانی بە بەڵێنی بێ كردار بەدەست نایەت، ئێوە دڵنیا بن كەیەكێتی بەڵێنەكانی دەباتە سەر

پێش 1 هەفتە

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت بەڵێن دەدەم یەكێتی بكەینەوە بەو یەكێتییەی لەئاستی چاوەڕوانی ئێوەدا بێت و كوردستانیش بەمەشخەڵەكەی خۆمان روناك دەكەینەوە. 

ئەمڕۆ 13ی ئەیلولی 2018، لەهۆڵی پێشمەرگە لەشاری سلێمانی، بانگەشەی لیستی ١٠٥ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیپێكردو كاندیدەكانی بازنەی سلێمانی لیستەكە ناسێنران.

سەرەتای رێورەسمەكە، قادر حەمەجان لێپرسراوی مەڵبەندی رێكخستنی ١ی سلێمانی لەوتارێكدا بەشداریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی بەهەوڵێك وەسفكرد بۆ فەراهەمكردنی گۆڕانكاری ریشەیی، و وتیشی: لیستەكەمان بەدیهێنەری ئەو گۆڕانكارییە دەبێ و لەپارلەمانی كوردستان كاری بۆ دەكات، لەپەیامێكیشیدا بۆ دەنگدەران وتی: لەم خەباتە شارستانیەدا بەدەنگدان بەلیستی یەكێتی شانازی تر بخەنەوە سەر قەڵا سەوزەكەمان، باشتركردنی دۆخی ئێستاو ئاڕاستەكردنی بەرەو كەشێكی ئارام و سەقامگیرو پێداچونەوە بەكۆی پرۆسەكە، پەیامی لیستی یەكێتییە، كە دەبێ كوردستان بخەینەوە سەر راستە رێی خزمەت و ئاوەدانی زیاتر. 

لەو رێورەسمە پڕ جۆش و خرۆشەی سلێمانی قەڵای سەوزی یەكێتیدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتارەكەی بەیادەوەرییەكی مام جەلال دەستپێكرد كە لەساڵی ٢٠١٠دا بەگەرموگوڕییەكی زۆرەوە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتییەكەمانی كردو بەورەیەكی پۆڵایینەوە، وتەیەكی مێژوویی پێشكەشكرد كە گوزارشتە لەپتەویی یەكێتی، مام رون و ئاشكرا راستییەكی وت كە بەهیچ هێزو گروپ و لایەنێك ناگۆڕدرێت: مام وتی سەفین لەبن دێ، یەكێتی لەبن نایەت.

لەدرێژەی وتارەكەییدا لەمیانی رێورەسمەكەدا لەسلێمانی، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دەبێت هەموومان، هەموو كوردستان، هەر چوار پارچەكە، شانازی بكەین كەشارێكی وەك سلێمانیمان هەیە كەشارێكی فرەڕەنگ و فرەدەنگە، شارێكە ملی بۆ هیچ دوژمنێك كەچ ناكات، شارێكە ئازادی دەوێت و بەردەوام لەپێناویدا دەنگ هەڵدەبڕێ و خەباتی بۆ دەكات. 

قوباد تاڵەبانی وتیشی: یەكێتی تەنها حزبە كەبتوانێت ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی و كوردستان، یەكێتی و سلێمانی لەناویەكدا ئاوێتەبوون، یەكێتی لەناو ئەم شارەدا رەگی داكوتاوەو شەڕی گەورەی بۆ كردوە، تاكە هێزێك لەناو دڵی ئەم شارەدابێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

لەبارەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابورییەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتی وتی: كوردستانێكی ئازادمان هەیە، كەخاوەنی ئابوورییەكی دەوڵەمەندە، بەڵام هێشتا خەڵكانیك هەن لەڕووی گوزەرانەوە وەكو پێویست خزمەت نەكراون و دۆخی گشتی كۆمەڵانی خەڵكیش لەئاستی چاوەڕوانی من و ئێوەشدا نییە، بۆیە با ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە، رۆژی دەنگدان بەدەستی خۆمان داهاتوویەكی باشتر بۆ ئەم كوردستانە بەدەست بێنین.

لەبارەی راگرتنی پرۆژەكانی ئاوەدانییەوە لەسلێمانی، قوباد تاڵەبانی وتی: سلێمانی بۆتە قوربانی ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، ئەمەش زەرەری بەئاوەدانكردنەوەو بەرەوپێشخستنی گەیاندووەو لەدەرئەنجامدا خەڵكی ئەم شارە زەرەرمەندبوون، بەشێوەیەك وەبەرهێنەرانی دوورخستووتەوە، كاریشی كردووتە سەر رەخساندنی هەلی كار، ئەم نا ئارامییە بەهەمان شێوە كاریگەری هەیە لەسەر توانای حكومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان، كاریگەری دەروونی هەبووە لەسەر یەكە بەیەكەی فەرمانبەرە ئازیزەكانمان كەدوا جار دامەزراوە خزمەتگوزارییەكانمانی لاواز كردووە.

هەر لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئەم هەڵبژاردنەی بەدەرفەتێك بۆ خەڵكی سلێمانی وەسفكرد بۆ دەستنیشانكردنی ئەو بابەتانەی بەلایانەوە گرنگەو جەختیشی كردەوە كەپرۆسەكە بۆ دابیینكردنی ئارامییە بۆ خۆمان و نەوەكانمان. بۆ  هەلی كار و خۆشگوزەرانییە، وتیشی: ئێمە بەئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان هەلی كاری نوێ دابین دەكەین بۆ بێكارەكانمان، لەسەر بەڵێنەكانمانین بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوە ئابوورییەكان. 

سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتی راشیگەیاند: وەكو یەكێتی بڕوامان بەلامەركەزییەتی ئیداری هەیە لە هەرێمی كوردستان. هەموو لایەكتان بینیتان كاتێك سلێمانی بەشێوەیەك لەشێوەكان و لە قۆناغێكدا، چانسی بە ‌هێزێكی تردا. ئەو ‌هێزە دەسەڵاتەكانی پارێزگاكەی بردەوە بۆ هەولێر. یەكێتی دەیەوێت ئەو دەسەڵاتانە بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی. بۆیە دەڵێین: خۆشەویستی بۆ سلێمانی بە بەڵێنی بێ كردار بەدەست نایەت، ئێوە دڵنیا بن كەیەكێتی بەڵێنەكانی دەباتە سەرو ئەو دەسەڵاتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی.

لەدرێژەی وتارەكەیداو لەبارەی پلانی هەمەلایەنەی لیستی ژمارە ١٠٥ ەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: خۆم و ئەم تیمەی لەپشتمەوەن، بەگڕوتین و وزەیەكی نوێوە، بەئیرادەیەكی بەرزەوە، بەوپەڕی پەرۆشییەوە خۆمان ئامادەكردووە كەدەبێت ژیانی تاك بەتاكی هاووڵاتیانی ئەم كوردستانە بگۆڕین. 

قوباد تاڵەبانی وتیشی: پاڵپشتمان بن، بەڵێن دەدەم یەكێتی بكەینەوە بەو یەكێتییەی لەئاستی چاوەڕوانی ئێوەدابێت و كوردستانیش بەمەشخەڵەكەی خۆمان ڕووناك دەكەینەوە، دڵنیاشم بەدەنگەكانتان لەم پاییزەدا، كوردستان سەوز دەكەنەوە.

سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێكی تایبەتی ئاراستەی هاوڵاتیانی سلێمانی كرد و رایگەیاند: دەمەوێت دڵنیاتان بكەمەوە، شارێك كە مام بەڕۆح و دڵ خۆشی دەویست، شارێك كەجەستەی مامی بۆ هەتا هەتایە لەباوەش گرتبێت، هەرگیز رێگە نادەین بچێتە دەست كەسانێكەوە كەحورمەتی نەگرن. 

لەكۆتایی وتارەكەیدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەكێتی وتی: رۆژی دەنگدان هەموو پێكەوە دەبێت پاڵپشتی یەكتر بین، بۆ خزمەتی ئەم شارە و بۆ پێشخستنی. بۆ ئارامی، هەلی كار، خزمەت. رۆژی ٣٠ مانگ هەموومان لەسەر سندووقەكانی دەنگدان یەك دەبینینەوە و دەنگ دەدەین بە لیستی ١٠٥.