كۆنگرێسی ئەمریكا سزای ئەو میلیشیا عێراقیانە دەدات كە ئێران پشتیوانیان دەكات

عێراق 13/09/2018



ئاژانسەكان – بابان:
پاش ئەوەی نیوەشەوی هەینی هەفتەی رابردوو، ناوچەی سەوزی بەغداد-ی پایتەخت، سێ موشەكی ئاراستە كرا،  ئیدارەی كۆشكی سپی، لەزاری راوێژكارێكی ئەنجومەنی پیرانەوە رایدەگەیەنێت، ئەندامانی كۆماری لە ئەنجومەنی پیران دەیانەوێت پرۆژەیاسایەك پێشكەش بكەن بۆ سنوردانان و سزادانی ئەو هێزو لایەنانەی كە لە عیراقدا ئێران پشتیوانیان دەكات و جموجۆڵیان پێدەكات.
ئەو یاسایە وەك ئاژانسی رۆیتەرز باسی دەكات، سزاكانی پەیوەست بە تێرۆر لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت ئەو لایەن و هێزە عیراقیانەی تاران پشتیوانیان دەكات‌و لە عیراقدا جموجۆڵیان پێدەكات.
هاوكات ئیدارەی كۆشكی سپیش رایدەگەیەنێت لەرێگەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە لیستی ئەو گروپە چەكدارییەش رادەگەیەنن كە لە عیراقدا ئێران پشتیوانیان دەكات.
پاش تاوتوێكردنی ئەو پرۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمەریكا دەكرێت‌و زۆربەی ئەندامە كۆمارییەكانیش وەك رۆیتەرز باسی دەكات، پشتیوانی ئەو پرۆژەیەی ئیدارەی كۆشكی سپی و ئەنجومەنی پیران دەكەن. 
ناوچەی سەوز، كە پێكهاتووە لەناوچەیەكی پارێزراو و توندو تۆڵی ئەمنی لە پایتەختی عیراق، كۆشكی كۆماری و پارلەمان و كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی تێدایەو پاش هێرشە موشەكییەكەی نیوەشەوی هەینی رابردوو، ئیدارەی كوشكی سپی  ئەمەریكا رایگەیاند بەشێوەی زۆر خێراو بە زەبر وەڵامی هەر هەڕەشە و هێرشێك دەدەینەوە كە لەلایەن وەكیلەكانی ئێرانەوە بكرێتە سەر ئەمەریكییەكان لە عیراق.

سەرچاوە: سكای نیوز