هەوڵی دا بە (هەنگ) ژمارەی پێوانەیی تۆمار بكات

سۆشیال میدیا 13/09/2018



ئاژانسەكان – بابان:
هاوڵاتییەكی سعودی، بڕیار دەدات كە 100 كیلۆ گرام هەنگ لەخۆیەوە بئاڵێنێت‌و ژمارەی پێوانەیی (گینس)، تۆمار بكات.
زوهەیر فوتتانی، كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی هەنگەوانانی شاری مەككەی سعودییەیە، 30 ساڵە هەنگەوانە‌و دەڵێت 1500 پورە هەنگی هەیە، بێجگە لە 500 پورەی هەنگی جۆری نوێ.
بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ژمارەی پێوانەیی (گینس)، زوهەیر كارەكە دەست پێدەكات، بەڵام زوهەیر تەنها توانی 49 كیلۆ هەنگ بەگیانی خۆیەوە بئاڵێنێت‌و نەیتوانی ژمارەی پێوانەی گینس تۆمار بكات.
ئەو ژمارەیەی گینس پێشتر تۆماری كردووە، بریتییە لە 63.7 كیلۆ گرام هەنگ، بەڵام زوهەیر نەیتوانی بگاتە ئەو قورساییەو دەشڵێت، بەهۆی بوونی ئازار لە قاچمدا، لەكاتی وێنەگرتن و بەڕێوەچوونی كارەكە، نەمتوانی زۆر لەسەر پێیەكانم بووەستم‌و هەنگی زۆرتر تێم بئاڵێت، تا بتوانم ژمارەیی پێوانەیی تۆمار بكەم.
وەك لیژنەی سەرپەرشتیاری گینس ئاماژەی پێدەكات لەكاتی بەرێوەچوونی كارەكەدا، بەبێ ئەوەی تەندروستی زوهەیر تێكبچێت سەدان هەنگ بە زوهەیرییەوە داوە.
هەنگەوانە سعودییەكە دەشڵێت، ئەمجارە شكستم هێنا لە تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی، بەڵام كۆڵنادەم و هەوڵ دەدەم دووبارەی بكەمەوە.
سەرچاوە: سایتی (العالم)