ئایا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار شیاوە؟

ڕاپۆرت 12/09/2018

چاودێر- تایبەت:
نوسەری عێراقی، فازل دەلۆیی لە رۆژنامەی (الصباح الجدید)ی عێراقیدا، وتارێكی نوسیوە بەناونیشانی (ئایا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار شیاوە؟)و تێیدا باس لەوەدەكات كە پۆستی سەرۆك كۆماری هەر وەكو خولەكانی پێشوو پێویستە لە پشكی یەكێتی بێت، هاوكات باس لەو ئەگەرانەش دەكات، كە هەندێ كەس و لایەن دەیانەوێت بەرهەم ساڵح كاندید بكەن بۆ ئەو پۆستە.
نوسەر لەبارەی شیاوبونی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، چەند خاڵێك دەخاتەڕوو كە تێیدا دەیسەلمێنێت، كە بەرهەم ساڵح شیاوی ئەو پۆستە نییە. لەڕوەوە دەڵێت " لە رووی یاسایی و نەریتیشەوە ناكرێت كاندیدكردنی كەسێك پەسەند بكرێت كە نەیتوانیوە گەلەكەی خۆی قایل بكات تا نوێنەرایەتیان بكات. نازانم ئەندامانی ئەنجومەنی نۆێنەران چۆن قبوڵ دەكەن بەرهەم ساڵح بكەنە سەرۆك كۆمار كە تەنها نۆێنەرایەتی خۆی دەكات؟"

ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:

ئایا بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار شیاوە؟
فازل دەلۆیی
و. لەعەرەبییەوە: رەمەزان شێخانی 


رۆژ لە دوای رۆژ ولەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عیراق و دەستكردن بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بۆ خولی داهاتوو كێبڕكێكانی سەرۆكایەتی لە عیراق گەرمتر دەبێت.
لەوكێبڕكێ گەرمەدا ناوی كاندیدەكان بۆ ئەو پۆستە زیاتر وا باس دەكرێن كە پێویستە هاوشێوەی خوولەكانی پێشوو ئەو پۆستە لە پشكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت بەپێی رێككەوتن و لەیەكگەیشتنەكانی رابردووی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كە لە ساڵی 2005 واژۆ كرا لەكاتی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گۆڕدرایەوە كاتێك مەسعود بارزانی سێ خوول لەسەر یەك پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەرگرت.

هەرچەندە پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت چونكە پشكی ئەو حزبەیە، بەڵام بەم دواییانە لەپشت پەردەو لەژوورە داخراوەكانەوە گفتوگۆ زۆربوەو چەندین ناو كاندید كراوە بۆ ئەو پۆستە بەڵام پێدەچێت هەندێك لایەنی سیاسی لە پشت پەردەوە گەمەی بەرژەوەندی و ئیمتیازات بكەن، لەسەروی هەموشیانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە دەیەوێت بە شێوەیەك لە شێوەكان دەست بەسەر ئەو پۆستەدا بگرێت سەرباری ئەوەی ئەو حزبەو سەرۆكی ئەو حزبە پێش نزیكەی ساڵێك پرۆسەی ریفراندۆمیان ئەنجامدا بۆ جیابونەوەی كوردستان لە عیراق، بەڵام فشارە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەكان رێگەیان لەبەدیهێنانی ئەو ئامانجە گرت ئەوەش حزبەكەی ناچار كرد بگەڕێتەوە بۆ ریزی نیشتیمانی.

لێدوانی سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەریدەخات ئەوان چاویان بڕیوەتە ئەو پۆستە، بەگۆێرەی لێدوانی سەركردەكانی ئەو حزبە كە وتویانە پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت بە گوێرەی پرەنسیپی ئەژماركردنی خاڵ بێت، و حزبەكەیان زۆرترین خاڵیان بەدەستهێناوەو پێویستە ئەو پۆستە بەشی ئەوان بێت ئەوەیان فەرامۆش كردوە كە بەگوێرەی رێككەوتنامەكانی پێشوو پێویستە لەسەر پارتی ئەو پۆستە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەجێبهێڵێت لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستە سیادیەكانی هەرێم وەكو پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بە تایبەت كە لە ئێستادا سەرباری ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هێزی دووەمە لە كوردستان بەڵام پۆستی گرنگی بەدەستەوە نیە و پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری هەولێر و دهۆك لای پارتیە و پارێزگاری سلێمانی بە دەستی بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە و بارزانی هەوڵی ئەوەش دەدات پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ حزبەكەی بدات بە یەكێتی بەوەش تەنها پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی دەمێنێتەوە كە لە ئێستادا پارتی چاوی بڕیوەتە ئەو پۆستەش.

لەو چوارچێوەشدا ئێستا قسەو باس دەكرێت سەبارەت بە كاندیدكردنی چەند كەسێك لەسەركردەكانی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەوانەش هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن و رۆژ نوری شاوەیس.
ئەستەمە هۆشیار زێباری لەلایەن دەستەی دەستپاكیەوە پەسەند بكرێت، چونكە تۆمەتبارە بە گەندەڵی، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە ئەوانی دیكە سەركەوتوبن لە وەرگرتنی ئەو پۆستە بەهۆی هەڵۆێستی شیعە و سونەكانەوە كە دەیانەوێت خواستی جوداخوازی سەرۆكی ئەو حزبە لە ناوبەرن بۆیە سەركردایەتی پارتی هەوڵی گرتنەبەری رێگەی نوێ دەدەن ئەویش بە كاندیدكردنی كاندیدی خۆیان لە جێگەی كاندیدەكانی یەكێتی بەمەرجێك ئەو كەسانە لەژێر فەرمان و پرسی خۆیاندابن.
پارتی باش لەوە گەیشتوە كە ناتوانێت ناوی كاندیدانی بۆ ئەو پۆستە بخاتە روو چونكە ركابەری كردنی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە پێدەچێت ببێتە هۆی تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەو دووحزبە و هاوسەنگی بەرێوەبردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەناوبەرێت لەبەر ئەوە بەدوای ناوی ئەلتەرناتیڤدا دەگەڕێت لە نێو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا تا بتوانێت جێ پێ بۆ خۆیان قایم بكەن لەحكومەتی داهاتوی عیراقدا بەمانایەكی دیكە لەبەر ئەوەی ناتوانێت ناوی كاندیدانی حزبەكەی پێشكەش بكات هیچ نەبێت بتوانێت كەسانێك بسەپێنێت كە لەگەڵ نەخشەكانی ئەواندا بگونجێت و قەرزاری دڵسۆزی ئەوان بێت جا ئەو كەسە لەسەركردەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بن یاخوود دەرەوەی یەكێتی.

ناوی بەرهەم ساڵح سەرۆكی حزبی هاوپەیمانی دیموكراسی كە لەیەكێتی نیشتیمانی جیابوەتەوە دێتە پێشێ بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە، لێرەوە بەرهەم ساڵح هەوڵی گەراِنەوە دەدات بۆ ریزەكانی یەكێتی و پشتیوانی پارتیش بەو رێگەیە زامن بكات.
لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە "ئایا بەرهەم ساڵح شیاوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە كە ماوەیەكی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات تەنانەت لەكاتی بوونی سەرۆك مام جەلالیش لە گۆڕەپانەكەدا ئەو كاتەی كە مام نەخۆش بوو لە جێگەدا، هەوڵی بۆ دەدا.

سەبارەت بە پێگەی بەرهەم ساڵح لەنێو یەكێتی نیشتیمانی و ئەگەری كاندید كردنی وەكو نوێنەری ئەو حزبە، چەندین راستی هەن كە پێویستە لەبیر نەكرێن لەوانەش:
1-بەرهەم ساڵح پێگەیەكی سەركردایەتی دیاری  هەبوو لەنێو ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی دا، پۆستی هەستیاری لەسەركردایەتی بەدەستەوە بوو، كاتێك بە تەزكیەی سەرۆك تاڵەبانی وەكو جێگری خۆی دەستنیشانی كرد بۆ سەركردایەتی كردنی ئەو حزبە، بەڵام بەرهەم لەگەڵ نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی هەوڵی دەدا كۆنتڕۆڵی ئەو حزبە بكات، پاش ماوەیەكی كەم لە نەخۆشكەوتنی مام، بەرهەم ناوەندی بریاری دامەزراند لەنێو سەركردایەتی ئەو حزبە لەهەوڵێكیدا بۆ ئەوەی بەڕەكە لەژێر پێی بنەماڵەی تاڵەبانی دەربكات و نفوزیان لەناوبەرێت كە ئەوەش گورزێكی كوشندە بوو لە جەستەی یەكێتی كە تا ئەمڕۆش یەكێتی بەدەستیەوە دەناڵێنێ.

2-لەهەوڵێكیشیدا بۆ لەیەكترازاندنی ریزەكانی یەكێتی ، بەرهەم ساڵح بەرەسمی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەو حزبە راگەیاند.

3- پێش چەند مانگێك قەوارەیەكی سیاسی دامەزراند بەناوی هاوپەیمانی دیموكراسی و بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئەم دوایەی عیراقی كرد و چەندین شێوازی بانگەشەی بەكارهێنا لەدژی یەكێتی بەمەبەستی روخاندنی یەكێتی بەڵام دەرئەنجام ركابەرییەكەی دۆڕاند و یەكێتی پێگەی بەهێزی خۆی بەدەستهێنایەوە لەسەر نەخشەی سیاسی عیراق. پاش كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق بەرهەم هەوڵی ئەوە دەدات ببێتە سەرۆكی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی هەرێم كە بریتیە لە حزبەكەی خۆی و بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كەئەو حزبانە شكستیان خوارد لەبەدەستهێنانی سەركەوتنێكی گەورە لە هەڵبژاردنەكاندا

4-بەرهەم دەیەوێت خۆی وەكو جێگرەوەی كۆچكردوو نەوشیروان موستەفا نیشان بدا، بۆ سەركردایەتیكردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو حزبی یەكگرتوو و كۆمەڵ  لەو بەرەیە بۆ خۆی قۆرخ بكات تا خۆی وەكو كاندیدی بەرەكە نیشاندا لە كێبەركێی سەرۆكایەتی داهاتووی عیراقدا.
5-بەرهەم و قەوارە سیاسیەكەی شكستیان خوارد لە هەڵبژاردنەكاندا و تەنها دوو كورسییان بەدەستهێنا كورسیەك لە سلێمانی و ئەوی تر لە هەولێر ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە گەلی كورد لە بەرهەم و قەوارەكەی بێزارن، لەبەر ئەوە بەهیچ شێوەیەك لە شێوەكان ناتوانێت خۆی وەكو نوێنەری كورد نیشان بدا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە گەورەیە.

لەوەش گرنگتر لە رووی یاسایی و نەریتیشەوە ناكرێت كاندیدكردنی كەسێك پەسەند بكرێت كە نەیتوانیوە گەلەكەی خۆی قایل بكات تا نۆێنەرایەتیان بكات.
 نازانم ئەندامانی ئەنجومەنی نۆێنەران چۆن قبوڵ دەكەن كەسێك بكەنە سەرۆك كۆمار كە تەنها نۆێنەرایەتی خۆی دەكات؟ 
ئایە ئەوە لەگەڵ سازانە سیاسیەكان راست دێتەوە كە پرۆسەی سیاسی عیراقی لەسەر بونیات نراوە؟
با چاوەڕوان بین بزانین لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆو رێككەوتنە سیاسیەكانی نێوان هێزە عیراقیەكان چی لێدەكەوێتەوە، ئایە ئەو پۆستە كە پشكی كوردە دەدرێتە ئەو كەسەی شایستەیەتی، یاخود كارەكە بەپێچەوانەوە دەبێت تا ڕەوشی كوردستان و عیراق زۆر خراپتر بێت لەدۆخی ئەمڕۆ.

سەرچاوە: رۆژنامەی الصباح الجدید

بۆ خوێندنەوەی وتارەکە بە زمانی عەرەبی کلیک لێرە بکە