براوەی نۆبێڵی ئەدەبیات بۆ ساڵی ٢٠١٨ ڕادەگەیەنرێت

ڕەخنەی چاودێر 12/09/2018

براوەی نۆبێڵی ئەدەبیات بۆ ساڵی ٢٠١٨ ڕادەگەیەنرێت
ڕەخنەی چاودێر

پاش ئەوەی ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێڵ ڕایگەیاند کە ئەمساڵ هیچ براوەیەک بۆ خەڵاتەکە ڕاناگەیەنێت بە هۆی ئەو ئابڕووچوونە سێکسییەوە کە لە ئەکادیمیاکەدا ڕووی داوە، لە ئێستادا گرووپێک لە ئەهلی کولتوور و هەروەها کتێبخانەکانی سوید بڕیاریان داوە خەڵاتێکی جێگرەوە بۆ خەڵاتی نۆبێڵ دیاری بکەن.

ئەکادیمیای نوێی نۆبێڵ، لە ماوەی ڕابردوودا چلوحەوت کاندیدی بۆ خەڵاتی نۆبێڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاند و لە ئێستایشدا کورتلیستەکەی بڵاو کردووەتەوە، کە بریتییە لە چوار نووسەر. ئەمساڵ یەکێک لەم چوار نووسەرە خەڵاتی نوێی نۆبێڵ دەبەنەوە.

چوار کاندیدەکەی ئەکادیمیای نوێی سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێڵ بریتین لە: هارووکی مووراکامی- ژاپۆن، کیم تووی- کەنەدا، مۆریس کوندێ- فەڕەنسا، هەروەها نیل گایمن- بەریتانیا.

کۆمیتەی دادوەرانی ئەکادیمیای نوێی نۆبێڵ ڕایگەیاندووە، کە لە ١٢ـی ئۆکتۆبەردا، واتە ڕێک مانگێکی تر، براوەی ٢٠١٨ی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات ڕادەگەیەنن.

شایەنی باسە دوابەدوای ئەوەی کە ئەکادیمیای سویدی نەیتوانی کێشەکانی چارەسەر بکات، ڕایگەیاند کە لە ٢٠١٩ـدا دوو براوەی نۆبێڵ ڕادەگەیەنن.

هەروەتر: هەرچەندە ئەکادیمیای سویدی هەرگیز ناوی هیچ کاندیدێکی بڵاو نەدەکردەوە، بەڵام ئەو کاندیدانەی کە ئەکادیمیای نوێی نۆبێڵ ڕایگەیاندوون، پێشتر بە مەزندەی میدیاکانی جیهان، ساڵانێکە کاندیدی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتن. یەکێک لەوانە هارووکی مووراکامییە کە هەموو ساڵێک لە بردنەوەی خەڵاتەکە نائومێد دەکرێت، بەڵام ئەگەر زۆرە ئەمساڵ نۆبێڵکی دەستکرد بباتەوە.