"حەسار و سەگەکانی باوکم' لە ئێران چاپ دەکرێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 11/09/2018

ڕەخنەی چاودێر


"حەسار و سەگەکانی باوکم"، دوای قەدەغەکردن و هەڵگرتنەوەی لە بازاڕ و کتێبفرۆشییەکانی ئێراندا دووبارە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە، مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕی ڕۆمانەکەش دەربارەی کتێبەکە قسە دەکات.
"حەسار و سەگەکانی باوکم"، یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانی شێرزاد حەسەن، نووسەر و ڕۆماننووسی کوردە و ساڵی ١٩٩٦ بڵاو کراوەتەوە.
مەریوان هەڵبجەیی، وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ فارسی، بە ڕەخنەی چاودێری ڕاگەیاند، لە تەمەنی ١٨ ساڵیمدا یەکەم کتێبم بوو کە وەریبگێڕمە سەر زمانی فارسی و ساڵی ١٩٩٨ لە وەرگێڕانی بوومەوە.
وتیشی: "دوای پێنج ساڵ ئینجا بە سانسۆر ڕازی بووم و تا ئێستا شەش جار چاپ کراوەتەوە و بڕیار وایە جارێکی تریش چاپ بکرێتەوە."
مەریوان هەڵەبجەیی یەکێکە لە وەرگێڕە دیارەکانی کوردستان و تا ئێستا ٥٠ کتێبی وەرگێڕاوە، هەم لە فارسییەوە بۆ کوردی و هەم لە کوردییەوە بۆ فارسی، وەرگێڕانەکانی ئەو لە ناوەندە ئەدەبییەکانی ئێراندا بوونەتە جێگەی باس و دەیان کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمیناریان لە بارەوە کراوە.
هەڵەبجەیی وتیشی: "من هەر بەو کتێبەی شێرزاد حەسەنەوە نەوەستام، بەڵکو دوای ئەوە کۆمەڵەچیرۆکی گەڕەکی داهۆڵەکان کە لە پانزە چیرۆک پێک دێت، لەگەڵ دوو نۆڤلێتدا بە ناوەکانی کودەتای کەروێشکەکان و گەمەی گۆڕینەوەکانم وەرگێڕاون بۆ فارسی."
ئەو وەرگێڕە جگە لە کتێبەکانی شێرزاد حەسەن، بەرهەمی زۆرێک لە نووسەرانی وەک شێرکۆ بێکەس، لەتیف هەڵمەت، ڕەفیق سابیر و فەرهاد پیرباڵی کردووە بە فارسی و هاوکات چەند ڕۆمانێکی بەختیار عەلیشی کردووە بە فارسی کە دەنگدانەوەی زۆریان هەبووە و پڕفرۆشتین کتێبی کتێبخانەکانی ئێران بوون.