لەزاری پارێزەرەكەیانەوە: شەوی پێش لەسێدارەدانی رامین و زانیار و لوقمان چی رویدا؟

ڕاپۆرت 11/09/2018

شەوی هەینیی رابردو، لەكاتێكدا ساڵح نیكبەخت، پارێزەری پلە یەك، لەگەڵ هاوڕێیەكی لە یەكێك لە ریستۆرانتەكانی تاران خەریكی نانخواردنی ئێوارە بون، لەسەریەك لەسەریەك لەلایەن عوسمان مورادی باوكی لوقمان مورادی تەلەفونی بۆ دەكرا. نیكبەخت دەڵێت "لەماوەی ئەو چەند ساڵەی كە كارم لە كەیسی زانیار و لوقمان مورادی دەكرد، هیچ كات كاك عوسمان لەدوای نۆی شەوەوە تەلەفونی بۆ نەكردوم، ئەو هەرگیز بێزاركەر نەبوە، بەڵام یەكسەر تێگەیشتم كە هەواڵێكی ناخۆشی پێیە.

 

ساڵح نیكبەخت، كە خۆیشی ئەزمونی زیندانی هەبوە هەم لەسەردەمی رژێمی شادا هەم لە دەیەی هەشتاكاندا،  چوار ساڵ لەمەوبەر دۆسیەی زانیارو لوقمان مورادی وەرگرت.

 

باوكی لوقمان لە تەلەفونەكەدا بە پارێزەرەكەیان دەڵێت كە بەرپرسانی زیندان پەیوەندییان پێوەكردون و داوایان كردوە سبەینێ بەمەبەستی دیداری كوڕەكانیان، سەردانی زیندانی گەوهەردەشت بكەن، ئەو داوا لە پارێزەرەكەیان دەكات، رێنماییان بكات، نیكبەختیش پێیان دەڵێت "بەرەو تاران بەڕێكەون".

 

باوكی لوقمان و برایەكی زانیار لەگەڵ هەندێ خزم و كەسوكاریان ئەو شەوە بەرەو تاران بەڕێدەكەون، دایكیان بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت لەگەڵیان بێت. دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، بۆ ماوەی پێنج دەقیقە زانیار چاوی بە براكەی و لوقمان چاوی بە باوكی كەوت. هەر لەوێدا بە خێزانەكەیان دەڵێن كە رەنگە هەواڵی ناخۆش بەڕێوەبێت. 

 

هەمان رۆژ ئەمجەد حسێن پەناهی، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر، دەنوسێت، كە پەیوەندییان پێوەكراوە و داوایان لێكراوە بە مەبەستی دیداری كوڕەكەیان سەردانی زیندانی رەجایی شەهر بكەن.

 

ساڵح نیكبەخت دەڵێت "سەعات یەكی شەو من و خێزانەكەی لوقمان و زانیار لەبەردەم دەرگا دەخراوەكانی زیندانەوە لە چاوەڕوانیدا بوین، لەهەمان كاتدا ئەنوەر حسێن پەناهی، برای رامین گەیشت،  كە پێشتر خۆیشی سزای لەسێدارەدانی هەبوو، هەر خۆم پارێزەری دۆسیەكەی بوم و بەهۆی تانەدانم لە بڕیارەكەی دادگا، لە سزای سێدارەدان رزگاری بوو، دوای شەش ساڵ زیندانی ئازاد كرا. هاوكات چەند كەسێك لە چالاكوانانی مافی مرۆڤ بە سەراسیمەوە گەیشتنە ئەوێ.

 

بەرپرسانی زیندان پێیان دەڵێن، ئەمشەو جێبەجێكردنی هیچ سزایەكی لەسێدارەدان، لەبەرنامەی كارەكانیاندا نییە و ئەو دوو زیندانیەش دوای دیداری خێزانەكەیان تەسلیمی بەرپرسانی "ئیتڵاعات"ی ئوستانی ئەلبورز كراون، ئەوان پێیان باشە بۆ دەستكەوتنی زانیاریی زیاتر، سەردانی فەرمانگەی "ئیتڵاعات" بكەین.

 

  نیكبەخت دەڵێت "نیوە شەو  بەرەو فەرمانگەی ئیتڵاعاتی ئەلبورز بەڕێكەوتین، لەوێ كەسێك لەكاتێكدا سكاڵای ئەوەی دەكرد كە بەم درەنگە شەوە بۆچی سەردانی ئەوێمان كردوە، وتی: هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو دوو زیندانیە نییەو باشترە بۆ دەستكەوتنی زانیاری بگەڕێنەوە بۆ ئەو زیندانەی كە پێشتر تێیدا بەند كراون. دیسان بەرەو زیندانەكە گەڕاینەوە، بەو ئومێدەی ئەمجارە وەڵامێكمان دەستكەوێت.

 

دیاری مورادی، برای زانیار مورادی دەڵێت "چەند سەعاتێك پێش راگەیاندنی هەواڵی لەسێدارەدانی هەر سێ زیندانیەكە، لە بەرەبایەنی ئەو شەوە درێژەدا، یەكێك لە بەرپرسانی زیندانەكە لە بینای زیندانەكە هاتە دەرەوەو پێی وتین كە ئاگامان لە جێبەجێكردنی هیچ سزایەكی لەسێدارەدان نییە، چونكە كوڕەكانی ئێوە تەنیا  بە مەبەستی (راگرتن) لای ئێمە ماونەتەوەو ئێمەش دەسەڵاتی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانمان نیە، لەبەرئەوەی ئەو زیندانانەی ئێوە لە بەندیخانەی سنەوە راوانەی ئێرە كراون.

 

دیاری مورادی دەشڵێت، بەدرێژایی ئەو شەوە لەبەردەم دەرگای زینداندا ماونەتەوە، بەڵام هیچ كەسێك لەبارەی چارەنوسی براكەی و دوو زیندانیەكەی تر زانیاری دروستی نەداینێ. "كەسێكیان هات و وتی ، ئەوان لێرە نین فەرمانگەی "ئیتڵاعات" ئەوانیان بردوە، رۆشتین بۆ دادگای گشتی و شۆڕش، لەوێش هیچمان دەستنەكەوت.

 

بە وتەی دیار مورادی، كاتێك لە زیندانەوە پەیوەندییان پێوەكردون، كە بۆ دیداری كوڕەكانیان بڕۆن، هیچ شتێك لەبارەی لەسێدارەدان و دوایین دیدارەوە لەئارادا نەبوو، بەڵام هەستی بیستنی هەواڵێكی شوم لەگەڵیاندا بوە. ئەو هەواڵە شومەی كە  دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكرایەوە، دواتریش بەشێوەیەكی فەرمی پشتڕاستكرایەوە: لوقمان و زانیار مورادی لەسێدارە دران، هەروەها رامین حسێن پەناهیش.

 

ئێستا خێزانەكانیان دەبێت عەوداڵی تەرمی رۆڵەكانیان بن. ساڵح نیكبەخت، دەڵێت "هەندێك لە ئاژانسەكانی هەواڵ ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە گوایە بە ئامادەبونی پارێزەر و خێزانەكانیان جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانەكە بەڕێوەچوە، لەكاتێكدا من تا بەرەبەیان لەپاڵ خێزانەكانیان نیگەرانی ئەوان بوین و بێ ئاگا بوین لەوەی رودەدات.

 

ئەو ئێستا دەبێت بەدوای دیوێكی دیكەی روداوەكەدا بڕوات "ئێستا دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین، كە تەرمی كوڕەكان وەربگرینەوە، چونكە خێزانەكانیان دەیانەوێت بیانگەڕێننەوە بۆ شارەكانی خۆیان". بەڵام ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت "بەرەسمی پێیانوتین كە تەرمی رامینیان ناشتوەو وەرگرتنەوەی تەرمەكەی لەئارادا نیە".

 

سەرچاوە: ایران وایر