بەرشەلۆنە خۆی بۆ موفاجەئەیەكی دیكە ئامادە دەكات

وەرزش 11/09/2018


راپۆرتە رۆژنامەنوسییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەوەی لە بازاڕی زستانەدا ئەو یاریزانە لاوە بەرازیلییە بباتە ریزەكانیەوە، كە لە ئێستادا زۆرترین مشتومڕی لەسەر دەكرێت.
لۆكاس باكیتا-ی تەمەن 21 ساڵ، یاریزانی یانەی فلامینگۆیە، بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرزەوە بۆتە جێگەی سەرنجی میدیاكانی بەرازیل و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت لەداهاتوودا ببێتە ئەستێرەی یەكەمی سامپا.
باكیتا بانگێشتی پێكهاتەی بەرازیل كرابوو بۆ بەشداریكردن لە مۆندیالی 2018ی روسیادا، بەڵام لەدواساتەكاندا راهێنەر بڕیاری گۆڕی و لەگەڵ خۆی نەیبرد.
لەدوایین یاریی دۆستانەی بەرازیل بەرامبەر ئەمەریكا كە 2-0 براوە بوون، باكیتا بەشداریی كرد.
گرێبەستی باكیتا لەگەڵ فلامینگۆ تاكو ساڵی 2020ە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەیشی 50 ملیۆن یۆرۆیە.