(تەنكنەلۆژیای نوستن)، پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی داگیر كردووە

تەندروستی 09/09/2018


ئاژانسەكان – بابان:
لە پێشانگای بەرلین-ی نێودەوڵەتی دا، بۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان، كە تێدا هەندێ وڵاتی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی ئەلیكترۆنی كاڵاكانیان تێدا خستە ڕوو، ئامێرەكانی (تەكنەلۆژیای نوستن) بەشێوەیەكی بەرچاو لەو پێشانگا نێودەوڵەتییە بەدی دەكرا.
مرۆڤی سەردەمی تەكنولۆژیاو زانیاری‌و گلۆبالیزەیشن (عولمە)، بەشێوەیەكی گشتی لەجیهاندا كێشەی كەمی خەوتن و پرخەی خەو و تێكچوونی سیستم و كاتی خەوتنیان هەیە، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئامێری ئەلیكترۆنی رۆژ بەرۆژ لە بیری چارەسەرێكی ئەلیكترۆنیانەی كێشەكانی نوستنن.
(كوایت ئۆن) یەكێك بوو لەو ئامێرە ئەلیكترۆنیانەی كە وەك كاتژمێر دەكرێتە دەست و پرخەی خەو ناهێڵێیت و مرۆڤ لەكاتی خەودا كە دووچاری پرخە دەبێتەوە، بەشێوەی لەرینەوەو لەرێگەی ئاوازێكی هێمنەوە كە بەهێدفۆنێكی وایەرلێس دەكرێتە گوێ، نوستووەكە لە پرخە دەخات.
كۆمپانیای (فلێپس) ئامێرێكی ئەلیكترۆنی دیزاین كردووە بەناوی (سمارت سلیپ)و لەو پێشانگایە خستۆتییە روو كە لەناوچەوان دەبەسترێت و ئەوانەی كێشەی خەوی پچڕ پچڕیان هەیە، ئەو ئامێرە دەیانخاتە خەوێكی قوڵ و هێمنەوە.
كۆمپانیایەكی هۆڵەندیش ئامێرێكی دیزاین كردووە بەناوی (ئۆ-سلیپ) كە وەك ماسك بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوكەسانەی كێشەی هەناسەدان و تەنگە نەفەسی و كەمی ئۆكسجینیان هەیە، ئامێرەكە وادەكات كە لەكاتی نوستن دا، ئۆكسجینێكی تەواو بداتە سییەكان لەكاتی هەناسەدان دا.