هاوپەیمانی چوارلایەنەكە بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت

ڕاپۆرت 04/09/2018

چاودێر :

  ئەگەرچی چوار حزبەكە كە بە حزبە ناڕازییەكان ناسراون لە دوای رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی دوازدەی ئایارەوە بڕیاری هاوپەیمانی و كاری پێكەوەییان دا، بەڵام نەیانتوانی تاكە بڕیارێكی پێكەوەیی بدەن جگە لە قسە و دروشم، كاتێك هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەوەری تاكلانە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی دا و گۆڕانیش تاكلایەنە بڕیاری بایكۆتی یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقی دا، ئەمەش بەرای چاودێرانی سیاسی هاوپەیمانییە تازە لە دایكبووەكە بەرەو هەڵوەشانەوە دەبات.

ئەگەرچی لە زۆر بواردا جیاوازی و هەندێكجاریش ناكۆكی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامیدا هەبوو، بەڵام شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنەكانی دوازدەی ئایاری پەرلەمانی عێراق و كەمكردنەوەی دەنگەكانیان بە رێژەی بەرچاو و رەتكردنەوەی ئەو ئەنجامانە، نزیكایەتی لە نێوان ئەو حزبانەدا دروستكرد و دواتر هاوپەیمانێتییەكیان راگەیاند بۆ كاری پێكەوەیی لەمەودوا.

لە دوای پێداگرییەكی زۆر و رەتكردنەوەی كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا دواجار چوار حزبەكە دەرگایان بۆ یەكێتی و پارتی كردەوە و لە هەفتەی رابردوودا چەندین كۆبونەوەی پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەو چوار حزبەدا سازكراون.

لە دوای ئەو زنجیرە كۆبونەوانە و بێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانی چوار حزبەكە لە دوای كۆبونەوەی هاوپەیمانی و پارتی لە شاری هەولێر بەرهەم ساڵح سەرۆكی حزبەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتیدا بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند.

ئەمڕۆش بزوتنەوەی گۆڕان لە دوای كۆبونەوەی وەفدی باڵای پارتی و گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا شۆڕش حاجی وتەبێژی حزبەكە لەگەڵ مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی بە فەڕمی داوای كرد هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دوابخرێن، بەهۆی ئەوەی رەوشی كوردستان نالەبارە و خەڵك لە دەسەڵات توڕەیە و تۆماری دەنگدەران پاكنییە و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا كراوە.

لە هەمان كۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رەتیكردەوە كە هەڵبژاردن دوابخرێت و جەختیكرد لەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا سازدەكرێت و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ كراوە.

لای خۆشیەوە كۆمەڵی ئیسلامی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند"كۆمەڵی ئیسلامی گرفتی نییە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا و ئامادەكاری تەواوی كردووە و دواخستنی هەڵبژاردن داخوازی كۆمەڵی ئیسلامی نییە".

ئەم لێدوانەی كۆمەڵ تەواو پێچەوانەی داواكەی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەمە لەحاڵێكدا كە گۆڕان و كۆمەڵ لەماوەی چوار ساڵی رابردودا زۆرینەی نزیكایەتیان هەبووە و زۆرێكیش پێیانوابوو لەمو هەڵبژاردنەدا پێكەوە بە لیستێك دادەبەزن.

یەكگرتووی ئیسلامیش هەڵوێستی رون و ئاشكرای لەبارەی بەشداریكردن یان بایكۆت یان داواكردنی دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا دەرنەبڕیوە، بەڵكو گوتویەتی كە كێشەی لەگەڵ سازكردنی هەڵبژاردنەكاندا نییە.
 
جیا لە بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، تاكو ئێستا هاوپەیمانی چوار لایەنەكە هەڵوێستێكی رون و هاوبەشیان لە بارەی چۆنێتی چوون بۆ بەغداش نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی چاودێر كەوتوون، چوار حزبەكە چاوەڕێی هەڵوێست و كۆبونەوە لە پارتی و یەكێتی دەكەن، ئەگەری زۆرە لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا بن، بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی پێشتر دەیانكرد كە بە بێ پارتی و یەكێتی بە فراكسیۆنێك دەچنە بەغدا.

هاوكات بزوتنەوەی گۆڕان جيا لە هاوپەیمانی چوار حزبەكە بە تەنها بڕیاری بایكۆتكردنی یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقیدا و بەشداری دانیشتنەكەی نەكرد، بەڵام لایەنەكانی دیكە بەشدارییان كرد.

لەلایەكی دیكەوە تاكو ئێستا چوارلایەنەكە فراكسیۆنی هاوبەشیان پێكنەهێناوە كە پێشتر بانگەشەی دروستكردنی فراكسیۆنێكی هاوبەشیان لە پەرلەمانی عێراق دەكرد، نەك فراكسیۆنی هاوبەش پێكنەهات، بگرە لە یەكەم دانیشتندا پەرلەمانتارەكانی چوار لایەنەكە هاوڕا نەبوون.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق سازكراوە و زۆرینەی كوتلەكان لە بەرەیەكدا جێیانگرتووە، یەكێتی و پارتیش چاوەڕێی هەڵوێستی دوو كوتلە گەورەكە دەكەن تا بچنە پاڵ لایەكیان، نەوەی نوێش كە كوتلەیەكی نوێی كوردییە چووە پاڵ كوتلەكەی عەبادی و سەدر.
بەڵام تاكو ئێستا چوار لایەنەكە هیچ گفتوگۆیەكیان بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق و دروستكردنی كوتلەی گەورەدا نەكردووە.

چاودێرێكی سیاسی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە چاودێری راگەیاند، چوار حزبەكە توشی چەقبەستوویی نێوخۆیی و دەرەكی بوونەوە، لەلایەك ئەو حزبانە كێشەی نێوخۆییان هەیە، كە توانای چارەسەركردنیان نییە، لەلایەكی دیكەوە كێشەیان لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بۆ دروستبووە، بە جۆرێك ناتوانن نە لە هەرێم نە لە بە غدا بڕیارێكی یەكگرتووانە و یەكلاكەرەوانە بدەن.
سەرچاوەكە، رونیشیكردەوە، ئەو حزبانە زۆرینەی ئەو بانگەشە و دروشمانەی خستیاننەڕوو لە رابردوودا بێ كردار دەرچوون و ئەو جەماوەری هەیانبوو، ئامادەنییە جارێكی دیكە دەنگیان پێبداتەوە، ئەمەش جۆرێك لە سەرلێشێواوی بۆ دروستكردوون.