لە ئێران قەیرانی دایبی سەرهەڵدەدات

ڕاپۆرت 04/09/2018


زیادبونی نرخی دایبیی منداڵان، ژیانی مەعسومەی بەتەواوی كردۆتە دۆزەخ، مەعسومە دوو منداڵی ساوای دوانەی هەیەو خۆیشی لە ماڵاندا كارگوزاری دەكات، ساڵانەش بە ناونیشانی كرێكاری وەرزی لە باغە قۆخەكانی دەوربەری شارەكەیان كار دەكات. ئەو دەڵێت "لە ئێستادا بەهۆی گرانبونی دایبی، كۆنە سفرەو پەڕۆ لەباتی دایبی بۆ منداڵەكانی بەكاردەهێنێت، كە ئەمەش بۆتە هۆی سوتانەوەو رەنگە ببێتە هۆی هەوكردنیش بەڵام هیچ چارەیەكی دیكەم نییە".
قەیرانی نەمانی دایبیی منداڵان، لەسەرەتای سەپاندنی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران وردە وردە دەستی پێكرد، ئەوكات خەڵكی دەستیان كرد بە ئەنباركردنی برنج و رۆن و ئاردو دانەوێڵەكان و هەندێ كەلوپەلی تەندروستی، بەڵام بێئاگابون لە ئەنباركردنی دایبی بۆ منداڵەكانیان.
سەهیلا كە خاوەنی كوڕێكی ساوایە، هەموو كات دەستیەكی دایبی مای بەیبی سایزی پێنج كە 38 دانەی تێدایە، بە 21 هەزار تمەن كڕیوە، بەڵام تەنیا چوار رۆژ دوای سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری بۆ سەر ئێران، هەمان دەستەی دایبی بە 31 هەزار تمەن كڕیوە. كاتێك دایبییەكانی كوڕەكەی تەواو دەبن، سەهیلا توشی شۆك دەبێت، چونكە تەواوی فرۆشگاكانی میهرشەهر و گەوهەردەشت دەگەڕێت، هیچ دایبییەكی دەستناكەوێت. ئەو دەڵێت "بۆ دەستكەوتنی دایبی ژمارە پێنج بەرەو گەورە ماركێتی كۆروش رۆشتم، بەڵام لەوێش تەنیا سایزی ژمارە 4 مابوو، ئەویش بە 45 هەزار تمەن".
لەئێستادا، فرۆشگاكانی كەلوپەلی تەندروستی و كەلوپەلی منداڵان، كەمترین ماركە جیهانییەكانی دایبییان ئەنبار كردوە، هەروەها كارگە ناوخۆییەكانی ئێرانیش توانای پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی وڵاتیان نییە، بەو پێیەی پێویستیان بە مادەی خاو هەیەو ئەوانیش هێنانیان قەدەغە كراوە.
مەرزیە دایكی منداڵێكی دیكەیەو ئاماژە بەوەدەكات، كە لەماوەی 28 رۆژی رابردودا، 350 هەزار تمەنی داوە بە دایبی بۆ منداڵەكەی. 
مەرزیە دەڵێت "كاتێك بابەتێكی وەكو دایبی بەو رادەیە كاریگەریی لە ژیانی ئێمەی ئێرانی بكات، ئەی چۆن دەتوانین بەرامبەر سزا ئابوریەكان لەسەر شمەكی گەورەتر بەرگریی بكەین؟".
قەیرانی نەبونی دایبی پریشكەكەشی گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی لەچەند رۆژی رابردودا هەندێ سایزی وەكو سایزی ژمارە پێنجی دایبی مۆلفێكس لە بازاڕادا كەمببۆوە، كە رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت كە ئەم دایبیانە بە قاچاخ دەبرێنە ئێران.
سەرچاوە: سایتی ئیران وایر