ئەمساڵ خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات نابەخشرێت

رۆشنبیری 30/08/2018

ئەگەرچی هەموو ساڵێک لە مانگی نۆ تا سەرەتاکانی مانگی دە و دابەشکردنی خەڵاتەکە زۆر لیستی کورت و درێژ لە لایەن میدیاکانی جیهانەوە بڵاو دەکرانەوە، بەڵام ئەمساڵ وتەبێژی ئەکادیمیای سوید، کە بەرپرسی بەخشینی خەڵاتی نۆبێڵ بەشی ئەدەبیاتیشە، ئاشکرای کرد کە ئەمساڵ ئەم خەڵاتە بوونی نابێت.
بە خۆهەڵپەساردنی شەش کەس لە هەژدە ئەندامی ئەکادیمیای سوید، دوای ئاشکرا بوونی تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی هاوسەری یەکێک لە ئەندامەکان، بە ڕوونی ئەوە دەستنیشان کراوە کە ناوبانگی پێویست بۆ هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات، واتە گرنگترین خەڵاتی جیهان لەم بوارەدا، بوونی نییە.
ئەمە یەکەمین جارە لە دوای حەفتا ساڵ کە بەخشینی خەڵآتی نۆبێڵ بۆ ئەدەبیات ڕاگیراوە.
ئەکادیمیای سوید لە بەیاننامەیەکیاندا ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری ئەوە هەیە براوەی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ساڵی ٢٠١٨ لە ساڵی ٢٠١٩ دا دەستنیشان بکەن.
شایانەی باسە لەدەستپێکی بەخشینی خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیات لە ساڵی ١٩٠١، تەنیا حەوت جار واتە ساڵانی ١٩١٥،١٩١٩، ١٩٢٥، ١٩٢٧، ١٩٣٤ و ١٩٤٩ ئەم خەڵاتە نەدراوە "پێنج لەو ساڵانە وەستێندراوی کاتی بوون و ساڵی دواتریان بەخشراون لە کاتی بەخشینی خەڵاتی ئەو ساڵەدا."
لە مانگی ١١ ی ساڵی ڕابردوو، ڕۆژنامەیەکی سویدی هەواڵی هەژدە ژنی بڵاو کردەوە کە جان کلوود ئارنۆ، کەسایەتی بەناوبانگی ئەدەبیی سوید، بە دەستدرێژی یان ڕەفتاری نەشیاوی سێکسیی تۆمەتبار دەکەن.
ئارنۆ، هاوسەری فەڕەنسیی کاترینا فروستنسۆن، شاعیر و ئەندامی ئەکادیمیاکە، ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە، بەڵام جیاوازی سەرنج لە نێوان ئەندامانی ئەکادیمیاکە بووە هۆی ئەوەی شەش ئەندامیان، ئەندامێتی خۆیان هەڵپەسێرن، لەوانە سارا دانیۆس، سکرتێری هەمیشەیی ئەکادیمیای نۆبێڵ بوو کە ئەندامێتی خۆی سڕ کرد.
لە دوایین لێدوانیشیدا ئەندرسۆن ئۆڵسۆن، سکرتێری کاتیی ئەکادیمیاکە ڕایگەیاندووە: ئەندامانی ئەکادیمیا سەرقاڵی کۆششن بۆ ئەوەی براوەی دواتری نۆبێڵی ئەدەبیات دەستنیشان بکەن و هەوڵدەدەن باوەڕی گشتیی بۆ ئەم خەڵاتە بەدەستبهێننەوە.