شادە عەلی: نهێنیی لەدایكبوونی شیعر، ژانە

ژن 28/08/2018

دیمانە: ئومێد بابان

خانمە شاعیر و شێوەكار، شادە عەلی، لە چاوپێكەوتنێكی كورتدا، وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە كە ڕەنگە لای خوێنەر جێی سەرنج و تێڕامان بن. ئەو دەیەوێ بڵێت، لە جیهانی شیعر و ئەدەبدا، پانتاییەكی فراوان بۆ گوزارشتكردن لە ناخی شاعیر و ئەدەبدۆستان هەیە.
 
* كەرەستەكانی شیعر وشەن، لەوێدا وێنە ستاتیكییەكان دروست دەبن، نهێنیی لەدایكبوونی شیعر ژانە، یان تەكنیك؟

- نهێنیی لەدایكبوونی شیعر، ژانە، واتا هەندێ جار بیر لە شتێك دەكەمەوە، خەیاڵم لەگەڵ بیركردنەوەكەدا دەڕوات و لەوێدا دونیایەكی جوان دەبینم، ژانی نووسینی شیعرێ دەمگرێ لەو خەڵوەتەدا، بۆیە تا نەنووسم دڵم ئیستراحەت ناكات. واتا لای من، ژان دەتوانێ گیان بەبەر شیعرێكی جواندا بكات. 

* لە خوێندنەوەی بابەتە ئەدەبییەكانی ئەوی دیكەدا، هەژانێك نائارامت دەكات، چ ناوێك لەم هەژانە دەنێی؟

- ناوی دەنێم (توانەوە لەناو وشەدا)، چونكە كە خوێندنەوەت كرد تا نەتوێیتەوە لە ناو وشەكاندا تام و چێژی نووسینەكە ناكەی.

* ئەو كاتەی دواخاڵ بۆ شیعرێكت دادەنێی، هەستت چۆنە؟

- گەیشتن بە دواخاڵ، واتا گەیشتن بەو پەیامەی لە دڵتدا هەیە و هەستم ئاسوودەم ئەكات، چونكە كە یەكێكی تر لە شیعرەكانم لە دایك بوو، واتا ماڵی شیعرم قەرەباڵغ دەبێ و بەرهەمی خانەی ئەدەبیم بەرەو هەگبەی خێزانێكی گەورە دەڕوات. زۆریش بەختەوەر ئەبم لە دوای لەدایكبوونی شیعرێك كە لە ناخمەوە نووسرابێ و بچێتە سەر بەرهەمەكانم.

* ئێستا شیعر لە كوێی ئەدەبی كوردییە؟ ئایا خوێنەری شیعر-چیرۆك - رۆمان.. هتد، كامیان زیاترە؟ تۆ چێژ لە كامیان وەردەگری؟

- شیعر پانتاییەكی فراوانی ئەدەبی گرتووە و هەردووكیان پێكەوە گەشەیان كردووە و هەدووكیشیان تەواوكەری یەكترین، كاتێ بابەتێكی ئەدەبی ئەخوێنیتەوە لە نێوان نووسراوەكاندا، هەست ئەكەیت پارچەیەك شیعریش لە خۆ دەگرێ و یا هەندێ جار ئەدەب دەبێتە لێكۆڵینەوەیەكی شیعری، ئەمە پێكەوە گرێیان ئەدات و جیهانەكە فراوانتر دەبێ.

* لە میدیا و سۆشیال میدیادا، خوێنەری شیعر یان بابەتە ئەدەبییەكانی تر زیاترە؟

- شیعر و چیرۆك و ڕۆمان، ئەگەر وەك كتێب بەراوردیان بكەی، وەك یەك دەخوێنرێنەوە، بەڵام لە ئێستادا كتێبخانەكان خوێنەریان كەم بووەتەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڕۆڵێكی باڵایان هەیە بۆ خوێنەر، ئەگەر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بەراوردێك بكەین، دەبینین خوێنەری شیعر زۆرترە، چونكە خوێنەر نووسینی كورت زیاتر دەخوێننەوە و زۆر بە ئاسانی لە بەردەم خوێنەردایە و هەركات بیەوێ دەیخوێنێتەوە و رێگای دووریشی بۆ نزیك دەكاتەوە. بیریشمان نەچێت، زۆر بە كەمی چیرۆك و ڕۆمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەخوێنرێنەوە، چونكە خوێندنەوەیان چاو ماندوو ئەكات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو تام و چێژەی نییە كە لەناو كتێبێكدا دەخوێنرێتەوە و لاپەڕە بە لاپەڕە هەڵدەدرێتەوە، بۆیە بە پێچەوانەی شیعرەوەیە.

* بە گشتی چێژ لە خوێندنەوەی چ بەرهەمێكی ئەدەبی وەردەگریت؟

- من چێژ لە هەرسێ بابەتەكە وەردەگرم، وەك وتم شیعر و ڕۆمان و چیرۆك تەواوكەری یەكترن، تەنها شیعریش ناخوێنمەوە، چونكە شیعر دەنووسم، لە مانگێكدا ٦ بۆ ۷ كتێبی ڕۆمان و چیرۆك و بابەتەكانی تریش دەخوێنمەوە، ئاخر چەند بخوێنیتەوە، هێشتا پێویستە.

* كە بابەتە ئەدەبییەكانی ئەوانی تر ئەخوێنیتەوە، چ هەستێكت لا دروست ئەبێت؟ هەندێك جار ڕەنگە جۆرێك لە هەژان دروست ببێت و یادەوەریت بیر بخەنەوە، تۆ چۆن گوزارشت لەو هەژان یان هەستە ئەكەیت؟

- زۆر سوود لە خوێندنەوە وەرئەگرم و هەستەكانم خۆیان بە هێمنی ئەگۆڕێن، دەتوانم بڵێم ئەگەر بابەتێك خوێنەری باش بێ، لە كاتی خوێندنەوەدا ئەو توانایەت بەكار بهێنە كە بتوانی لێی تێبگەی هەستێ یا ژانێكت بۆ دروست ببێ، ڕەنگە كاریگەریی چەند كاتژمێرێك یا چەند رۆژێكیشی هەبێ، بەوە ئەڵێم دەستی ئەو نووسەرە یا شاعیرە خۆش بێ كە دەتوانێ خوێنەرەكانی بخاتە دنیایەكەوە لەگەڵ خوێندنەوەی وشەكانیان خەیاڵی خوێنەر وردە وردە بەرەو لای یادگارییەكان بڕوات و لەو دنیایە خۆیان دەبیننەوە، بێشكیش لەو چركەساتەدا بێئاگان لە ژیانی راستەقینە و سەرقاڵی خوێندنەوەن و دەچنە ژیانێكی پڕ لە ئیحساس و ئەندێشەوە، ئەگەر كاریگەری و هۆكارەكانی خوێندنەوەكە خۆش بێ، خوێنەریش دڵخۆش ئەكات، بەڵام ئەگەر بیرهێنانەوەیەكی قورس و تاڵ بێ، خوێنەر ڕەنگە تووشی خەمێكی قوڵ بێ تا ماوەیەكیش، چونكە كاریگەری لەسەر هەست و دەوونی دەبێ، لەبەر ئەوەی لە راستیدا ئەو نووسینە لای خوێنەر بوونی هەبووە و ڕەنگە چیرۆكێكی ڕاستەقینەی ژیانی بێت و دواجار هەستی نووسەر و شاعیرەكەش گوزارشت لە ناخی وەرگر بكەن.

* دوابەرهەمی ئەدەبیت چییە؟

- دوابەرهەمی نوێم، بڵاوبوونەوەی سیدییەكە كە لە 8 تراك پێكهاتووە و كۆمەڵێك شیعرن، شیعرەكانیشم بە دەنگی خۆم چڕیون و پێشكەشە بە خوێنەر و گوێگرەكانم.