چاودێر راسپاردەكانی كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی ئاشكرادەكات

رۆشنبیری 23/08/2018


چاودێر
دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا و بۆ یەكەمین جار، كۆنفرانسی زانستی موفتی پێنجوێنی، لە پێنجوێن بەڕێوەچوو، دوای كۆتایهاتنی ئەو كۆنفرانسە، ژمارەیەك راسپارە و پێشنیاز دراوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكانی پێنجوێن و پارێزگای سلێمانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تا بەزووترین كات بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.
لەوبارەیەوە، د.بەهمەن تاهیر نەریمان، وتەبێژی كۆنفراسی زانستی موفتی پێنجوێنی، ، بە(چاودێر)ی راگەیاند: بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو، هەوڵێكی زۆر درا تاوەكو كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی، كە یەكەمین كۆنفرانسی زانستی بوو لەسنووری پێنجوێن بۆ شاعیری ناوداری گەلی كورد "موفتی پێنجوێنی" سازدرا و چەند رۆژێكی خایاند.
ناوبراو، وتیشی "كۆنفرانسەكە لەسەرەتای ئەم هەفتەیە لەهۆڵی بۆنەكانی پێنجوێن و هۆڵی وەرزش و لاوان بەڕێوەچوو، تیایدا (٣٢) توێژینەوەی زانستی و پانێڵ پێشكەش كران و كۆنفرانسەكە بەهاوبەشی زانكۆی سلێمانی و قائیمقامییەتی پێنجوێن بەڕێوەچوو".
روونیشیكردەوە"لەبەر ڕۆشنایی كۆنفرانس، ئەم پێشنیاز و ڕاسپاردانە دوای ئامادەكردنیان دراونەتە لایەنە پەیوەندیدارەكانی پێنجوێن و پارێزگای سلێمانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و ئەكادیمیست و دڵسۆزان، تاوەكو كاری لێبڕاوانە بۆ سەرخستنیان بگرنە بەر".
ئەمەش پێشنیاز و ڕاسپاردەكانن :
1.  بەردەوام بوونی كۆنفڕانسی زانستی پێنجوێن، وەك كۆنفرانسێكی ساڵانە و هەر ساڵە و كەسایەتی و بوارێكی گرنگ بكات بە بابەتی توێژینەوە.
2. موفتی پێنجوێنی لەبواری توێژینەوە ئەكادیمییەكاندا گرنگی ئەتۆی پێ نەدراوە، بۆیە پێویستە زیاتر بخرێتە بەر باس و توێژینەوەی زانستی.
3. كردنەوەی (ناوەندی توێژینەوەی پێنجوێن)، وەك ناوەندێكی زانستی، بۆ گرنگیدان بە وردە كلتوور و ڕۆشنبیری و زانستی پێنجوێن.
4. كردنەوەی پەیمانگایەكی سەربەخۆ و شایستە لەپێنجوێن، تا ببێتە چرایەكی ڕۆشنكەرەوە لەشارەكە و خزمەتی خوێندكارانی ناوچەكە و دواجار هەرێمی كوردستانیش بكات.
5. دروستكردنی پەیوەندیی ڕۆشنبیری لەنێوان شارەكانی كوردستان و پێنجوێن بۆ پەرەپێدان بەپەیوەندیی ڕۆشنبیری و كردنی كاری پێكەوەیی لەبوارە ڕۆشنبیرییەكاندا.
6. دروستكردنی پەیكەرێكی شایستە بۆ موفتی پێنجوێنی و دانانی لەدەروازەی پێنجوێن، ئەمەش وەك وەفایەك بۆ هەوڵە ڕۆشنگەرەكانی ئەم شاعیرە مەزنە.