هەڵسوڕاوێكی گۆڕان بۆ رابون مەعروف: ڤیدیۆكان بڵاوبكەمەوە؟

کوردستان 19/08/2018

چاودێر- تایبەت:
دوای ئەوەی رابون مەعروف، پارلەمانتاری پێشوی گۆڕان و ئەندامی ئەنجومەنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە بەرنامەیەكی كەناڵی (NRT)ی نزیك لە نەوەی نوێ، هێرشی توندی كردە سەر سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و هەندێكیانی بەوە تۆمەتبار كرد كە لەدوای هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە ساڵی 2013 فشاریان لە نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتی ئەوكاتی بزوتنەوەكە كردوە تاوەكو بچنە دەسەڵاتەوە. لەبەرامبەردا میدیاكاران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەدەكەن كە خودی رابون مەعروف لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 2013 شیكرەوەو پشتیوانی تێزی بەرەو دەسەڵات بووەو بانگەشەی ئەوەی كردوە كە پێویستە بچنە حكومەتەوە.
یەكێك لە میدیاكارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەناوی سیروان رەشید، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، لە نوسینێكدا ئاماژە بەوەدەكات كە رابون مەعروف كاتێك كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بووە لەساڵی 2013 لە نۆ بەرنامەی كەناڵی (KNN)وە تیۆریزەی دروشمی بەرەو دەسەڵاتی بزوتنەوەكەی كردوە.
ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان بە رابون مەعروف دەڵێت "ڤیدیۆی چاوپێكەوتنەكانت ماوە، بڵاویان بكەمەوە؟"
ئەمەی خوارەوەش دەقی نوسینەكەی سیروان رەشیدە:

كاك رابون مەعروف تكایە تۆزێك ویژدان!!
ئەمشەو زۆر بێویژدانانە پەلاماری گۆڕان و كاك نەوشیروان_ت دەدا .. بوختانی ئەوەت دەكرد كە سەركردەكانی گۆڕان فشاریان دەخستە سەر كاك نەوشیروان بۆ ئەوەی بەشداری لە دەسەڵات بكات!
زۆر شت هەیە باسیكەین كاك رابوون تەنها ئەم وەڵامە باش بێنەوە یادت! بەرێزت لە حەملەی هەڵبژاردنی ۲٠۱۳ كاندیدی گۆران بووی، لەماوەی هەڵمەتەكەدا بیرتە لە (۹) بەرنامەی knn چۆن تیۆریزەی دروشمی هەڵبژادنی گۆرانت دەكرد "بەرەو دەسەڵات، حكومەتی هاوڵاتی"! بیرتە چۆن تەبلیغت بۆ زەروریەتی بەشداری گۆران دەكرد لەدەسەڵات دا!؟ ڤیدیۆی مقابەلەكانت ماوە، بڵاویان كەمەوە؟