لە "رازان"دا.. نەوژین محەمەد و بڵند قەرەداغی؛ دوو كەمان یەكتر دەژەنن!
مەریوان عەلی
زۆرجار هاوڕێیەتیی، ئەگەر هاوڕێیەتی نێوان دوو هونەرمەندو بەتایبەت دوو موزیسیان بێت، دەچێتە ئاستێكی باڵاتر.. چونكە موزیك، وەك زمانێكی ئەفسونی، بە بەهای خۆشەویستیو هەستو سۆز، رۆحی مرۆڤ نەمر دەكات.
رازان؛ پارچە موزیكێكی هەردوو هاوڕێی هونەرمەند "نەوژین محەمەد و بڵند قەرەداغی"یە.. ئەوان پێكەوە، پاشئەوەی نەوژین، چەند رستەیەكی نوێ دەنوسێتەوە، وەك بڵند خۆی دەڵێت: پاش گوێگرتن، لەڕستە موزیكییەكەی نەوژین، ویستم هەبوو بۆ ئەوەی ببم بە بەشێك لەكارەكەو رستە موزیكییەكان تەواو بكەم، كاتێك میلۆدییەكەشم وەرگرت، پێكەوە داڕشتنەوەیەكی نوێمان بۆ كرد.
دوابەدوای گوێگرتن لەرازان، پێكەوە بەدەم قاوەخواردنەوە، لەگەڵ نەوژینو بڵند، كەوتینە جەستو جوی كارەكە.
بڵند، لەنێو گفتوگۆكەماندا، یەكێك لەهۆكارەكانی بۆ ئەوەی ببێت بە بەشێك لەكارەكە، بۆ ئەوە گێڕایەوە، كە پێشتر لەمكارە نەكراوە.. هەر بۆیە كارەكەشیان
ناوناوە "رازان- رازی نەوژینو بڵند"، چونكە نەوژین، سەرەتای رستە موزیكییەكان دەنوسێتەوەو بڵندیش، وەڵامی ئەو رستانە دەداتەوەو دایدەڕێژێتەوە.
بڵند قەرەداغی؛ بەدڵنیاییەوە لەوە دەدوێت، كە پارچە موزیكی رازان، رەنگدانەوە یاخود داڕشتنەوەی ئەو هەستە رۆحییە كە لەناخی ئەوانی موزیسیانەوە سەرچاوەی گرتووەو پێكەوە توانیویانە، ئەو رستە موزیكیانە، لەچوارچێوەی مەقام كوردو مەقام حیجاز، دابڕێژنو پێشكەش بەگوێگرانی بكەن. بۆیە رازان، گفتوگۆیەكی نێوان دوو كەمانە، كە هەست و ئاوێتەبوونی رۆحی دوو هاوڕێ، ژێیی كەمانەكان، دەژەنێ..
نەوژینو بڵند، پێكەوە جیاواز لەكارەكانی رابردوویان، بەهەست و سۆزێكی قوڵەوە لەپارچە موزیكەكەیان دەڕوانن، لەمیلۆدیی و رستە موزیكییەكەوە، هەتا ژەنین و تەكنیكو تۆماركردنو ریكۆردین.
باوەڕیشیانوایە تەواوی كارەكە، بەشێكی ترە لەشانازییەكانیانو دەیانەوێت، جیاواز لەكارەكانی تر، شانازی بەرازانەوە بكەن، كە (3:30) دەقەیەو بە جەوابو قەرار دەیژەنن..
نەوژین؛ ئەو رۆحیەتەی لەباكگراونددا بۆتە خوڵقێنەری رستە موزیكیەكەی، بە بەشێك لەكۆی ئەو هەستو سۆزە ناودەبات، كە چ وەك مرۆڤ و چ وەك هونەرمەند خاوەنێتی، باوەڕیوایە ئەو رستانە لەزەمەنی تەنهایدا لەدایكبوونو هەستو نزیكی هاوبەشی نێوان خۆیی و بڵند، توانیوێتی رستەكان كۆبكاتەوەو جارێكی تر لەچوارچێوەی شیاوی خۆیدا دابڕێژرێتەوەو ئەوجا تۆماریبكەین.
پێموت: موزیك واتا راستگۆیی، نەوژین وەڵامیدایەوە، هەتا لەدڵەوە یەكمان خۆشنەوێت، موزیك مانای نابێ، چونكە بێ خۆشەویستی، موزیك كەلێنێكی گەورەی تێدایە..
نەوژین دەڵێت: لەسەر دەنگی رێ ئارامم، چونكە هەستدەكەم، هەمان ئارامی رۆحی خۆمەو بەو پرسیارەشی ئایا دەتوانین بە موزیك، خۆشەویستی ناو رۆحمان بگەشێنینەوەو ئاشت ببینەوە؟! گفتۆگەمان كۆتایی پێهێنا.