كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی دەستی بەكارەكانی كرد

ڕاپۆرت 18/08/2018



چاودێر – رێبین حەسەن
ئەمڕۆ شەممە رێكەوتی 18ی ئابی 2018، لەهۆڵی بۆنەكانی قەزای پێنجوێن، بەدروشمی (موفتی شاعیری هۆشیاربوونەوە و هەڵوێست) بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لەپارلەمانتاران و قائیمقمامی قەزای پێنجوێن و بەرپرسانی ئیداری و حكومی و كەسوكارو بنەماڵە و جەماوەرێكی زۆر، بۆ یەكەمجار كۆنفرانسی زانستی موفتی پێنجوێنی دەستی بەكارەكانی كرد و  ماوەی دوو  رۆژ دەخایەنێت و تیایدا چەندین توێژینەوە و  پانێڵ لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی موفتی پێنجوێنی پێشكەشدەكرێن، هاوكات چەند چالاكیەكی هونەری و وەرزشی و رۆشنبیری كلتووریش لەپەراوێزی كۆنفرانسەكە بەڕێوەدەچێت.
 زانا رەحمان، قائیمقامی قەزای پێنجوێن، لەلێدوانێكی تایبەتدا، بەچاودێری  راگەیاند: ئەمڕۆ دوای هەوڵێكی زۆر، توانیمان قەزایەكی وەك پێنجوێندا، یەكەمین كۆنفرانسی موقتی پێنجوێنی ساز بكەین، كە ئەوەش بۆخۆی گرنگی و بایەخی تایبەتی هەیە، چونكە تاوەكو ئێستا هیچ پەیمانگا و زانكۆیەك لەپێنجوێندا نییە.
ناوبراو، وتیشی "ئەم كۆنفرانسە دەبێتە سەرەتایەكی باش بۆ ئەوەی لەساڵانی داهاتوودا بەردەوام بین لەسەری و تێچووی ماددی كۆنفرانسەكەش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و قائیمقامیەتی پێنجوێنەوە دابینكراوە".
روونیشیكردەوە،"ئومێدەوارین كە بایەخی زیاتر بەلایەنی رۆشنبیری و كلتووری پێنجوێن بدرێت، ئەمڕۆ موفتی پێنجوێنی نەك هەر شاعیری پێنجوێنە، بەڵكو موڵكی هەموو كوردستانە".
لایخۆشیەوە بەهمەن تاهیر نەریمان، وتەبێژی كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی، بۆ چاودێرـ رایگەیاند: كۆنفرانسەكە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و بەدیاریكراوی 32 توێژینەوە و شەش پانێڵی تێدایە و ئەم كۆنفرانسە دەیەوێت تیشك بخاتە سەر ئەو تێكۆشان و هەوڵانەی موفتی پێنجوێنی، لەژیانی خۆی و بەرهەمە شیعریەكانیدا هەوڵی بۆ داوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: كۆمەڵێك توێژەر لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان و شارەكانی رۆژهەڵات و ناوچەكانی دیكەی هەرێم بەشدارییان تێدا كردووە و یەكێك لەپانێڵەكان لەسەر مافەكانی ژن و هەوڵەكانی موفتییە كە بۆ ئەو مافانە داویەتی، یەكێكی تر لەپانێلەكان لەسەر ریفۆرمی ئاینی لەناو ئاین و  لەژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكدا.
د.بەهمەن تاهیر نەریمان، جەختیشیكردەوە: گرنگی موفتی لەوەدایە كە پەراوێز خراوە لەلایەن ئەو هێزانەی نەیاندەویست دۆخی كۆمەڵگا بگۆرێدرێت، بۆیە لەدوای خۆشی دووبارە موفتی و بەرهەمەكانی پەراوێزخراون، وەكو پێویست ئاورَی لێنەدراوەتەوە.
سەبارەت بە ئامانجەكانی كۆنفرانسی موفتی پێنجوێنی، بەهمەن تاهیر، ئاشكرایكرد،  یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی ئەم كۆنفرانسە ئەوەیە، جارێكی تر ئەو روحی رۆشنگەرییەی موفتی هەیبوو، ئیشی لەسەر كردووە ویستویەتی گۆڕانكاریی جدی  لەژیانی كۆمەڵگای كوردیدا بكرێت، مەبەستمانە جارێكی تر بهێنرێتەوە كایە، چونكە تا ئێستا پرسیارەكانی موفتی یان رۆشنگەرەكانی موفتی، خۆی دەبینیەوە لەوەی، ئایا بۆچی ئەوروپا ئێمە پێشكەوتو ئێمەی میللەتی كورد دواكەوتین، چی بكرێت بۆ ئەوەی وەكو ئەوروپا پێش بكەوین.
هێمای بۆ ئەوەشكرد: دەمانەوێت لەرێگەی ئەم كۆنفرانسەوە وەڵامی چەندین پرسیار بدەینەوە، چونكە كێشەكان تا ئێستا لەهەرێمی كوردستان و دنیای ئیسلامیدا باوە و بۆیە جارێكی تر لەرێی موفتی پرسيارەكان دەكات لەبوارەكانی زانست و خوێندن و ئازادی و مافەكانی ژن و سەربەستی.
موفتی پێنجوێنی، یەكێكە لەكەسایەتی و شاعیرە نیشتیمانپەروەرییەكانی قەزای پێنجوێن و كوردستان، لەساڵی 1881 لەپێنجوێن لەدایكبووە و لە1952 كۆچی دوایی كردووە.